د.عبدالله شێرکاوەیی* زۆرن ئەو مامۆستا ئایینیە هەڵکەوتووانەی لە مەدرەسەی زانست و عیرفان و ئیسلامپەروەری و رۆحی کوردایەتی و هەستی نیشتماندۆستی بوونە چرایەکی گەش لە ناو کوردو رێی هەزاران کەسیان بەرەو دینداری و نەتەوەپەروەری رۆشن کردەوە، بوونە قەڵایەک بۆ کاروانی پارێزگاریکەرانی کیان و ئەزمون و دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵێک حەزو ویستی خۆیان کردە قوربانی، بوونە هەوێنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و هەڵگری پەیامی میانڕەوی و هەستی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و بەرگری لە خاک و وڵات. مامۆستا مەلا خالد مەلەکی یەکێک لەو مەلاو زانا هەڵکەوتووانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو خزمەتی ئیسلام و دۆزی رەوای گەلی کورد تەرخان کرد، یەکێک بوو لەوانەی لەکوێ پێویست بووبێ بۆ خزمەتکردن بێ دوودڵی ملی رێگەی گرتووەو گوێی بە قسەی ناحەزان و مەترسی ئەو دیوی رێگاکان نەداوە، یەکێک بووە لە دڵسۆزانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و خزمەتێکی گەورەو مێژووێکی پڕ لە شانازی هەیە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم رێکخراوە تا کاتی وەفاتی دانەبڕاو هەمیشە بە هەست و هەڵوێستی دڵسۆزانە هەنگاوی دەنا، هەر ئەمەش وای کرد مامۆستا چەندین پلەو قۆناغ ببڕێت و ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەم رێکخراوەو ماوەی 15 ساڵیش وەک بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان خزمەت بکات، لەم ماوەیە ببووە جێی رێزو متمانەی زانایانی دەڤەرەکەو هەمیشە وەک مامۆستا و مام و کەسێکی شایستەو خاوەن هەستێکی بەرزی ئایینی و نیشتمانی سەیر دەکرا. مامۆستا کەسێکی خاکی و سادەو قسەخۆش و میواندۆست و وەفادارو دڵسۆز بوو، مرۆڤێکی سەر راست و جوامێرو بە جورئەت بوو، کەسایەتیەکی سەنگین و بێ پێچ و پەنا بوو، ئەوەی لە دڵی با بێ حەپەسان دەیگوت و بە سادەیی هەڵوێستی خۆی دەگەیاند، مرۆڤێکی بە ئینساف و بێ موجامەلە بوو، هەمیشە وەک خۆی مامەڵەو هەڵسوکەوتی لەگەڵ کەیس و کەسەکان دەکرد، بۆ زانایانی ئایینی دلسۆز بوو ئەگەر سەرنج و تێبینی لەسەر یەکێک هەبووایە بانگی دەکردو وەک مام و برازا مامەڵەی لەگەڵ دەنواندو ئەوەی ناو دڵی خۆی راشکاوانە عەرز دەکرد، لەرووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خەمخۆری بۆ شارو ئاوایی بەردەوام لە پێشەوە بوو، لە کاتی پێشهات و پرسە ئایینی و نەتەوەییەکان خاوەن هەڵوێست خۆی بوو، لەبارەی مافی کوردو کوردستان تا ئاستی ئامادەیی گیانفیدایی ئازاو چاونەترس بوو، تەنانەت لە تەمەنی خۆیدا قۆناغی هەستیارو مەترسیداری بڕیوە لە پێناو کوردایەتی و ئەو مەبدەئە گەورەی هەڵیگرتبوو، بۆیە ماوەیەک چەکی شەڕەف و شانازی هەڵگرتووەو بۆتە پێشمەرگەو پارێزگاری لە کەڕامەت و کیان و کوردستان کردووە. ئەو لە پەراوێزی بیروەرییەکانی خۆی لە کتێبی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ههر لهسهرهتای ساڵی 1959 له رواندز قوتابی بووم، من و عبدالرزاق اسماعیل شهوانه به نهێنی چالاكی كوردایهتیمان ئهنجام دهدا بۆ كاری رێكخراوهیی، له ساڵی 1962 له رواندز ڕۆیشتم بۆ گوندی ههرتهل له خۆشناوهتی لهبهر بۆردومانی فرۆكهی دووژمن قوتابخانهی ئاینی نهما به ناچاری هاتمهوه ماڵ له گوندی مهلهكان، ئهو كات خهڵك خۆبهخشانه دهچونه بهرهكانی جهنگ منیش یهكێك بوم لهو خۆبهخشانه چوم بۆ چیایی سهفین 1962 لهو كاتهوه ناونوس كرامو بووم به پێشمهرگه، دواتر كهش و ههوا سارد بوو بهفهرمانی بارزانی چیای سهفین چۆڵ كرا، تاكو وهرزی بههار كه ئهو كات عزیز عهقراوی ئامیر هێز بوو، شهڕێك له دهڤهری بادینان كرا لهو شهره پارتی سهركهوتنێكی گهورهی بهدهست هێنا بڵاوكراوهكانی چاپخانهی شۆرش ئهم چاڵاكیانهی بڵاوكردهوهو چهندین لهم بڵاوكراوانه له رواندز بڵاو كرانهوه، وه چهن بڵاوكراوهیان دایه دهستم كه بیانگێنمه خهلیفان بۆیه بهمهبهستی ددان كێشان چومه لای كهسێك بهناوی كریم ئاغاو چوینه سهربازگهی خهلیفان ددانم كێشا له پشت خێمهی دكتۆر بڵاوكراوهكانم داناو گهڕاینهوه، بهیانی چهندین كهس له خهلیفان لهترسان دهرچون كه گوایه شهوی رابردوو بڵاوكراوهی شۆرش له ناو سهربازگهی خهلیفان بڵاوكراونهتهوه". مامۆستای مەرحوم یەکێک بوو لەو مەلایانەی حەزو خولیای کارکردن و کاری دەستەجەمعی هەبوو، بۆیە لەناو یەکێتی زانایان بەردەوام بە هێزو وزەی زۆرەوە دەهاتە پێش و خزمەتی دەکرد، ئەو دیرۆکی زۆری لا هەبوو لە بارەی زانایانی دەڤەرەکەو تەنانەت سەردەمی یەکەمین کۆنگرەو هەوڵەکانی سەرکردەی مەزنی نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانی، وەک خۆی دەڵێت: " ههر له ساڵی (1963) تاكو ساڵی (1970) بیرۆكهی دامهزراندنی یهكیتی زانایان لای جهنابی بارزانی بهردهست بوو بۆیه چهندین مهلای به ههڵوێست تهكلیف كران بۆ سهردانی كردنی مامۆستایانی ئاینی منیش یهكێك بوم لهوانه، تاكو لە 21ی9ی1970 یهكیتی زانایان له ژێرچاودێری و ئامادهبوونی بارزانی دامهزراو یهكهمین كۆنگرهی خۆی بهست كه تاكو ئێستاش بهردهوامەو خزمەتێکی گەورەی لە بواری ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی کردووە". خوالێخۆشبوو دەشڵێت: ههر له دامهزراندنی یهكیتی زانایان ئهندامی ئهم ڕێكخراوهمو چهندین پلهی جیاوازم پێ سپێردراوه، له ساڵی 1996 لهسهر بریاری سهرۆك مسعود بارزانی به ئهندامی مهكتهبی كۆمهڵایهتی دهست نیشان كراوم، بهم تهمهنهشمهوه ههر بهردهوامم له خزمهتی یهكیتی زانایانو مامۆستایانی بهرێزی ئاینیمو ئهندامی ئهنجومهنی سهركردایهتیو بهرپرس لقی سۆرانی یهكیتی زانایانی ئیسلامی كوردستانم". مامۆستا مەلا خالد مەلەکی نەک تەنها لە دۆخی ئاشتی بگرە لە قۆناغە سەختەکانی سەردەمی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە هاندان و پاڵپشتی پێشمەرگەو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەوەی دیفاع لە خاک نیشتمان بەشێکی دیندارییەو پێویستە هەمووان گیانی بەرگری و خۆڕاگری و بەرپەچدانەوەی دوژمنمان تێدا بێت، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و بە ئازادی داوای مافی خۆمان بکەین، ئەو لە بیروەرییەکانی دەنووسێت: " لە دوای دامەزراندنی یەکێتی زانایان بوومە مهلای گوندی گهرهوان كه ئهوكات مهلا ئەمین فهرماندهی بهتالیۆنی دۆڵی ئاكۆیان بوو بهدوای منی ناردو تهكلیفی ئهوهی لێم كرد ببم به ئیمامی بهتالیۆن، كه پێ یان دهوت ئیمام تابور كه سهردانی پێشمهرگهمان له رهبیهكان دهكردو هانمان دهدان بۆ بهرگری له خاك و نشتیمان وه (15)مامۆستا بوین به فهرمانی بارزانی بوین به ئیمام تابور كه تاكو نسكۆی شۆرشی ئهیلول بهردهوام بوین". مامۆستا مەلا خالد مەلەکی لەرووی تەدریس و خزمەتی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی جێدەستی دیار بووە، مودەریسی مەدرەسەی ئیبن و ئادەمی ئیسلامی بوو لە سۆران، بەردەوام قوتابیانی پەروەردە دەکرد لەسەر گیانی لێبوردەیی و زانستخوازی و پێکەوە بەستنەوەی هەردوو رێبازی دینداری و خزمەتی نیشتمان، لەپاڵ ئەمەشدا لە وتارەکانی هەمیشە بە پەیامی میانڕەوی و تەبایی و برایەتی و رێزگرتن لە یەکتری هانی خەڵکی دەدا گرنگە بەچاوولێکبوون و یارمەتیدان و رۆحی برایەتی هەنگاو بنێن و سەقامگیری کۆمەڵگەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزن. کاتێ مەترسی لەسەر کوردستان و ناوچەکە دروست دەبوو، ئەو گیانی کوردایەتی و مەردایەتی دەکردەوە بەر هەمووان، تەنانەت لە کاتی شەڕی داعش و هێڕشی تیرۆرستان بۆ سەر کوردستان، ئەو نەک تەنها بە نزاو هەڵوێستی مەحەلی، بەڵکو بە مەیدانی دەیسەلماند چەندە پەرۆشی هەستی دیفاعکردنە لەو مەبدەئەی لەسەری پەروەردە بووە، پارێزگاری بکات و لەگەڵ قارەمانانی بەرگری بوەستێت، ئەوەبوو چەندین جار سەردانی برا پێشمەرگەکانی کردو لە بەرەی پێشەوەو بە هەست و هیممەتبەرزی زۆرەوە هێزێکی تازەی دەدا بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی بزانن ئەم دیفاعەی دەیکەن لە کوردستان بەشێکی دیندارییەو ئەگەر لەم پێناوەش گیان بەخت بکەن ئەوە شەهیدن و لەپێناو پارێزگاری لە دین و کەرامەت و کیان و خاک تێکۆشاون.. تەنانەت لە کاتی ریفراندۆم یەکێک بوو لەوانەی زۆر بە دڵسۆزی کاری دەکردو مامۆستایانی ئایینی هاندەدا بۆ ئەوەی بەوپەڕی بەپرسیارێتی و ماندوونەناسی خزمەتی پرۆسەکە بکەن، کەم مەلا هەبوو بەقەد مامۆستا مەلا خالد قەناعەتی بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان هەبێت، ئەو بەردەوام لە دانیشتنەکانی جەختی لەوە دەکردەوە ئێمە لەگەڵ عەرەب قەت ناگەینە نەتیجەو ئەوانی بە دوژمنی کورد وەسف دەکرد، دەیگوات ئەوان سەد ساڵی تریش دان بە مافی ئێمە نانێن، بۆیە دەبێ خۆمان هیممەت بکەین بەو پەڕی دلسۆزییەوە ریفراندۆم سەرخەین، چەندین چالاکی و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی سنوورەکە کرد بەس بۆ ئەوەی جۆرێک لە گەرم و گوڕی زیاتر بە رۆحێکی کوردانە بداتە هەنگاوە مێژووییەکە کە بۆ کورد رەخساوەو هاتۆتە پێش.. هەموو ئەمانەو تێکڕای هەڵوێستەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە بواری ئایینی و نەتەوەیی، وای کردبوو مامۆستا ببێتە جێی متمانەو رێزی تایبەت لای بەرێزان سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، بۆیە لە پرسەنامەی هاوخەمیدا وەک زانایەکی ئایینی و ناسراوو کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەرو دڵسۆز بۆ گەل و وڵات ناویان بردو هاوخەمی قوڵی خۆیان بۆ لەدەستدانی مامۆستا دەربڕی. هاوکات یەکێتی زانایان لە پرسەنامەیەکدا وێڕانی دەربڕینی هاوخەمی رایگەیاند: مامۆستای رەحمەتی کەسایەتیەکی دیارو دڵسۆزو دیندارو خاوەن هەستێکی بەرزی ئایینی و لەهەمان کات نیشتمانپەروەرێکی بەوەفا بوو، لەناو یەکێتی زانایان خزمەتێکی زۆری کردووە، هەر لە کۆنگرەی یەکەمەوە لەناو ریزەکانی یەکێتی زانایان خزمەتی کردووەو ماوەی پتر لە 15 ساڵە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان و بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بووە، هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان تەرخان کرد بوو، لەرووی خزمەتی پیشەیی وێڕای کاری مەلایەتی مودەریسێکی خەمخۆر بوو، کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و میواندۆست و جێی رێزی مامۆستایاینی ئایینی و خەڵک بوو. لەراستیدا ئەو جۆرە کەسانە تەنها لەخۆیان ناڕۆن، بەڵکو بۆشاییەکی گەورە لەدەوروبەری خۆیان دروست دەکەن و بەتێپەڕبوونی زەمەن هەست بە لێکەوتەکانی دەکرێت، پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەو هەڵکەوتنەوەی ئەو چەشنە مرۆڤانە ئاسان نیە، بەڵام قەدەری ئیلاهی قەرارێکی حەتمیەو بێ حیکمەت نیە. بۆیە رۆیشتنی ئەو تەرزە زانایانە لەسۆنگەو چوارچێوەی پێگەو پیشەی مەلایەتی و لەرووی کاریگەری و کاری خێرو کۆمەڵایەتیەوە خەسارەتێکی گەورەیە، بەتایبەت بۆ یەکێتی زانایان و هەموو ئەو مامۆستا بەرێزانەی ساڵانێکە پێکەوە خزمەت دەکەن. بەداخەوە رۆژی 22ی2ی2025 دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و گەڕایەوە لای پەروەردگاری دلۆڤان، هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستا مەلا خالد مەلەکی و سەرجەم شەهیدانی کوردو کوردستان. *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. |