ئه‌سڵ وایه كه زانا‌و بانگخوازی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، له یه‌كتاپه‌رستی راسته‌قینه‌و نیشاندان‌و رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی خه‌ڵكی بۆ رۆژی قیامهتو، ئاڕاسته‌كردنیان بۆ كاری چاكه‌و خێری دونیا، له‌سه‌ر راڕه‌و و شاڕێگه‌ی په‌یامبه‌ران بن (سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان لێبێت). چونكه ئه‌گه‌ر هاتو زانا‌و بانگخواز پشتی له‌م راڕه‌وه پیرۆزه كرد‌و، له‌ڕێی زانستی تهخهسوسیو تایبه‌تمه‌نده‌وه بانگی خه‌ڵك بكات بۆ ئایینی خوا، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات.
به‌داخه‌وه، له‌سه‌رده‌می ئێستاماندا زۆرێك له بانگخوازان پشتیان له فیقهو تێگه‌یشتنی قوڕئان‌و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر كردووه (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت)و، ئاگایان له‌باس‌و بابه‌تی عه‌قیده‌و ئهخلاقو په‌روه‌رده نه‌ماوه.
له‌وتارو كۆڕ‌و مینبهرهكانهوه، باس له‌چۆنیه‌تی رێكخستنی كات‌و، هونه‌ری چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌و، رێگه‌كانی ده‌ستخستنی هاوڕێیهتیو، په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و، سیاسی‌و، هونه‌ری وتاربێژیو، شێوهكاریو، خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌و وێڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌موو باس‌و بابه‌تانه‌ی باسكران، كه‌سانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. له‌وه‌یش سه‌یرترئه‌وه‌یه كه (له‌سایه‌ی ئه‌م زانایانه‌وه) ئێستا به‌ناوی ئاینه‌وه خول‌و مهشقو راهێنان بۆ ئه‌م بوارانه ده‌كرێته‌وه، به‌ناوی پهرهپێدانو گه‌شه‌پێدانی به‌هره‌ی مرۆیی، بێ ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م وتار‌و خولانه ته‌نانه‌ت باسی ئایه‌تێك یان فه‌رموده‌یه‌ك بكه‌ن!
به‌ڵێ، گومان له‌وه‌دا نییه كه ئیسلام ئایینی دین‌و دونیایه‌و، هه‌موو كونج‌و كه‌له‌به‌رێكی ژیانیشی گرتۆته‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌م بوارانه كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند هه‌یه، كه ژیانی خۆی له‌م پێناوه‌دا داناوه‌و خوێندویهتیو ده‌خوێنێ، وه‌ك: ئهندازیاریو، پزیشكی‌و، سهربازیو، كشتوكاڵی‌و، هیتر...
بۆچی زانای ئایینی ده‌بێ پشت له ئایهتو فه‌رمووده بكات‌و، باس له‌لایه‌ن‌و بوار‌و زانستی دیكه بكات كه هیچ سه‌ریان لێدهرناكاتو، به‌ڵكو رۆژێك وشه‌یه‌كیشی له‌سه‌ر نه‌خوێندۆته‌وه، مه‌گه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێ كه نه‌ڵێن: مامۆستا له كاروانی زانستی دابڕاوه!
یان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ناوبانگ‌و شوهره، له‌ژێر ناوی ئیسلام‌و به‌ناوی دینه‌وه!
له‌م زه‌مانه سه‌یره‌دا، زانا‌و بانگخوازی ئایینی وا هه‌ن: كه راسته‌وخۆ له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی بینراو و بیستراو و ئاسمانی‌و لۆكاڵی، هه‌ر پرسیارێكیان لێبكرێت‌و، بۆ هه‌ر بابه‌تێك بانگ بكرێن، (سه‌ربازی، سیاسی، ئاشتی، شه‌ڕ، ئابوری، بازرگانی، بانك، بۆڕسه، په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، گڕكان، بومه‌له‌رزه، به‌روبوومی كشتوكاڵی، گرانی، بێكاری، مێژوو، جوگڕافیا، پزیشكی، زانستی ده‌رونناسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌لسه‌فه، داهێنانو ئیبداع، كیمیا، فیزیا،... هتد) قسوری ناكهنو، گرنگ ئه‌وه‌یه لای ئه‌وان كه ده‌ر بكه‌ون‌و، باسبكرێنو، بێ هیچ دوو دڵیه‌ك هه‌موو وه‌ڵامێك ده‌ده‌نه‌وه، واده‌زانن شافیعی‌و بوخاری‌و ئیبن سیناو ئیبن خه‌لدون‌و موتهنهببیو غه‌زالی‌و شه‌كسپیر خۆیانن‌و، ئیتر شتێك نه‌ماوه كه نه‌یزانن، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌ن كه هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره ده‌كه‌ن كه وا بیر ده‌كه‌نه‌وه، چونكه ئه‌مه كاری ئه‌وان نیه.
كوا پهیامو رێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت)و، كوا گهیاندنو بڵاوكردنه‌وه‌و وابه‌سته‌بوون به‌ئیسلام؟
كوا فه‌رمان به‌چاكه‌و، نه‌هی له‌خراپه‌و، فێركردنی عیبادهتو خواپهرستیو ئیمان؟
ئایا پێغهمبهرانو پیاوچاكان‌و ساڵحانمان وابوون؟
ئه‌ی مامۆستا‌و زانا‌و بانگخوازانی ئیسلام به‌خۆتان دابچنه‌وه‌و، ده‌ست به وهحیو په‌یامی خواوه بگرن‌و، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ قوڕئان‌و سوننهتو، رێز لهپسپۆڕیهكانی دیكه بگرن كه نه‌تان خوێندووه.
عائض قرني
و: ئه‌میر گه‌ردی |