لە پەیامێکدا لەسەر هەڵسوکەوت و هەڵکوتانە سەر جوتیارانی کورد لە کەرکوک، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
دوای ئەوەی بینیمان بەشێک لە چەکدارانی سوپای عیراق بە شێوازێکی ناشیرین هەڵیانکوتایە سەر برا جووتیارەکانی سنووری شەناغەو سەرگەڕان لە کەرکوک، لە دڵەوە ئازارمان پێگەیشت، بە توندی سەرکۆنەو ئیدانەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناشایستەیە دەکەین، ئەم جۆرە رەفتارانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە و، هاندانە بۆ تەفرەقەو بەڕەوا نەدیتنی مافی کوردو تێکدانی سەقامگیری و تەبایی نێوان کورد و عەرەب.
داوا لە حکومەتی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لێپێچینەوەی جددی بکەن، وە چیتر مافی هاوڵاتیانی کورد نەکەنە قوربانی ململانێی تائیفی و خۆسەپێنی..
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
18ی2ی2025