یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: هەڕەشەو بێڕێزیکردن بەرامبەر مامۆستایانی ئایینی قابیلی قبوڵ نیە    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێک گەنگەشە دەکات    *****    *****   لقی رانیەی یەکێتی زانایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   کونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی  ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   دكتۆر شێخ تەها ئەحمەد ئەلزەیدی ئەندامی كۆڕبەندی فیقهی عێراق: زانایانی كورد پێشەنگ بوون لە گۆڕەپانی زانستی و فەتوادان؛ به نووسین و پۆلێنبەندییەكانیان كتێبخانەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستییان دەوڵەمەند كردووە    *****    *****   ئەنجومەنی باڵای فەتوا: ڕێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌و فیدیه‌ی ساڵی 1445هـ = 2024م دیاری دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا ياسين چیوەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   لقی شقلاوەی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و میوانان دەکات    *****    *****   لقی شێخانی یەکێتی زانایان لەگەڵ لێژنەی فەتوا کۆبوونەوەیەکی پەیوەست بە مانگی رەمەزان ساز دەکات    *****    *****   لقی هەڵەبجەی یەکێتی زانایان لەپێشوازی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا مەراسیمێک ساز دەکات   
به‌رواری دابه‌زاندن: 2016-09-23
ساڵی نوێی خوێندن

ساڵی نوێی خوێندن
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

موسڵمانانی بەرێز:
بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە قوتابخانەو پەیمانگەو زانکۆکان، بە پێویستی دەزانین ئەمرۆ لە خزمەت گەورەیی زانست و عیلمەوە بین، بۆ ئەوەی بزانین ئیسلام چەندە گرنگی بە خوێندن و عیلم داوە، هەروەها گەورەیی پرۆسەکەشمان بۆ دەرکەوێت، بێگومان کە زانیمان عیلم چ پێگەیەکی گەورەی لە ئیسلامدا هەیە، ئەو کاتی مامۆستایان و قوتابیان و کەسو کارەکانیان هەموویان گرنگی بە پیشەکەیان دەدەنو بە جوانترین شێوەو باشترین رەوشتی بەرز کارەکانیان ئەنجام دەدەن، چونکە ئەزانن هەتا بە چاکی پێشەکەیان ئەنجام بدەن جێگەیان گەورەترو خیریان زیاترەو وەك ئەوە وایە هەر لە ناو عیبادەت و خواپەرستی دابن.

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (شَهِدَ اللَّهُ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَالْمَلَائِكَةُ وَأُولُو الْعِلْمِ قَائِمًا بِالْقِسْطِ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ) واتە: (خوا شەهادەت دەدات کە هیچ کەس نییە بەڕاستی عیبادەت و بەندەگی بۆ بکرێ خۆی نەبێ، فریشتەکان و خاوەن عیلم و زانستە وریاکانیش ئەم شایەتییە ئەدەن، خودا دادپەروەرە لە حوکم و هەموو کردەوەیەکیدا).

موسڵمانان:
ئەگەر لەم ئایەتە پیرۆزە وردبینەوە دەبینین کۆمەڵە شتێك لەخۆ دەگرێت، وەك:
یەکەم: لە ناو ئەوانەی شاهێدی لەسەر یەکتاپەرستی و عیبادەتی خوا دەدەن، لە ناو تەواوی مرۆڤەکاندا خوای گەورە تەنها عولەماو زانایانی هەڵبژاردووە.
دووەم: هەر لەم ئایەتە پیرۆزەدا شاهێدی زانایان لەگەڵ شەهادەتی خواو فریشتەکان پێکەوە هاتووە، ئەمەش دیسان گەورەیی پێگەی زانایان دەگەیەنێت.
سێیەم: کۆتایی ئایەتەکە باسی عەدالەت و دادپەروەری خوای گەورەیە، ئەمەش لە خودی خۆیدا ئەوە دەگەیەنێت، کە زانایان و هەموو ئەوانەی بە دوای عیلم و زانستدا دەگەڕێن کەسانی گەورەو پایە بەرزن لەلایەن خوای گەورە، ئەوەش بێگومان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوانەی زانستیان هەیەو عەوداڵی عیلمن، هەمیشە چرای وشیاری و پێشکەوتن بلاوئەکەنەوەو، نەوەی نوێ لەسەر وشیاری و عەدالەت و دادپەروەری و رەوشتی بەرز پەروەردە ئەکەن.
هەر لە دەرەنجامی ئەم کارە باشانەیان هەمیشە خوای گەورە لە دونیاو قیامەتدا پێگەیان بەرز ئەکاتەوە، وەك دەفەرمووێت: (يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ) واتە: خوای گەورە پێگەو دەرەجاتی ئیمانداران بەرز دەکاتەوە، لە ناویشیاندا زانایان بە چەند پلەیەك بەرز ئەکاتەوە.
دیسانەوە لەم ئایەتە پیرۆزەشدا خوای گەورە زانایانی بە چەند پلەیەك بەرزتر کردۆتەوە.

موسڵمانان:
کاتێك باسی زانایان ئەکەین، هەموو زانستێك دەگرێتەوە کە خزمەت بە مرۆڤایەتی و دین و ژیانمان بکات، واتە هەر کەسێك لە بوارێك بخوێنێت ئەوە پلەیان لەلای خوای گەورە بەرزتر دەبێتەوە، هەموو کەسێکیش تاماوە هەر بە قوتابی و خوێندکار دادەندرێت، ئەوە نییە پێت وابێت شەهادەیەکت هێناوە تەواو بووی، بەپێچەوانەوە قورئان فیرمان دەکات، کە هەمیشە داوای زیاتر بکەین و نابێ قەت پێمان وابێت ئیدی داواکردنی زانست و عیلم کۆتایی پێهاتووە، وەك خوای گەورە بە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرمووێت: (وَقُلْ رَبِّ زِدْنِي عِلْمًا) واتە: بڵێ خودایە زانست زیاد بکەن. بۆیە لە هیچ تەمەنێك و قۆناغێکی ژیان نابێ لە داواکردنی زانستی زیاتر بوەستیت.

لایەنێکی تری گرنگ لە خوێندن ئەرکی مامۆستایانە، بەڕاستی مامۆستایان پێویستە لە ئاست پێویستی دابن وم هەمیشە پێویستە هەستیان لەلای ئەوە بێت کە ئەم قوتابیان ئەمانەتن لەسەر شانی ئەوان و، پێویستە دوور لە چاوی سەرپەرشتیارەکان هەمیشە خۆیان چاودیری خۆیان بکەن، لە گەیاندنی زانستەکە، واجبە بە تەواوی خۆی ئامادە بکات و، هەروەها هیچ کاتەکەی بە فیڕۆ نەدات، هەروەك وێڕای لایەنە زانستییەکە پێویستە گرنگی بە لایەنی پەروەردەییش بدات، بۆ ئەوەی قوتابیەکانیان بە جوناترین شێوەی پەروەردەیی پێبگەیەنێت، بە شێوەیەك وڵات و نیشتیمان و مرۆڤایەتی و ئایینی خۆی خۆش بووێت، تا کاتێك دەردەچێت کەسێکی لە خواترس و هێمن و دەستپاك و رەوشتبەرزی لێ دەربچێت، چونکە چ وەك مامۆستاو چ وەك ئەو قوتابیانەو ئەوانەی لە داهاتوودا هەر پیشەیەك دەگرنە دەست چاکترین کەسی کۆمەڵگە بن، وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ) واتە: ئەوانەی بەڕاستی لە خوا دەترسن زانایانن، بۆیە ئەوەی زانا بێت لە بوارەکانی ئەم گەردوونە جا فیزیا، کیمیا، زیندەوەرزانی، پزیشکی، ئەندازیاری، یاساناسی، دەروونناسی،.... تەواوی بوارەکانی تر پێویستە لە هەموو کەس وشیارترو خواناستر بێت، چونکە ئەو بە کردەیی عەزەمەت و گەورەیی خوای بۆ دەرکەوتووە، پێویستە لە هەمووانیش زیاتر پابەندی دین و ئیمانەکەی بێت.

بە کورتی پێویستە مامۆستا بۆ قوتابیەکانی: (باوك و دایك و خوشك و براو خەمخۆری) بێت، لە بەرامبەریشدا پێویستە قوتابییە ئازیزەکانمان نموونەی رەوشتبەرزی و زیرەکی بن، پێویستە قوتابیان ئەوە بزانن کە ئەوان گەورەترین و پیرۆزترین کار ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە لە هەموو کەس رەوشتبەرزتر بن، هەروەها بە چاکترین شێوەش کارەکانیان ئەنجام بدەن، مامۆستاکانیان بەلاوە لە دایك و باوکیان خۆشەویستتر بێت، چونکە تا ئەو خۆشەویستییە لە نێوانیان هەبێت ئەوا دەتوانن ئەرکەکانیان باشتر ئەنجام بدەن.
لایەنی سێیەم دایك و باوك و کەسو کاری قوتابیەکانن، ئەوان پێویستە باشترین هاوکار بن لەگەڵ رۆلەکانیان و مامۆستاکان بۆ ئەوەی نەوەیەکی زێڕین دەربچێت، لە بەدواداچوون و ئامۆژگاریکردن و پاك و خاوێنڕاگرتن و غائیب نەبوون و لە کاتی خۆچوونە دەوام، ئەگەر وا بکەن ئەم منداڵانە جوانترین شت دەردەچن، ئەو کاتیش وێڕای ئەوەی لە دونیا پێیان سەربەرزن لە قیامەتیش بۆیان دەبنە خێر، لەو بارەوە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: (إِذَا مَاتَ الْإِنْسَانُ انْقَطَعَ عَمَلُهُ إِلَّا مِنْ ثَلَاثٍ: صَدَقَةٍ جَارِيَةٍ، أَوْ عَمَلٍ يُنْتَفَعُ بِهِ، أَوْ وَلَدٍ صَالِحٍ يَدْعُو لَهُ) واتە: کە مرۆڤ مرد. کردەوەکانی دەبڕێن، تەنها سێ شت نەبن کە پاش مردنیشی خیرەکەی هەر بۆ دەچێت، خێرێکی بەردەوامی وەك مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەو پردو رێگاو بانو هەر کارێکی باشی بەردەوام. یان زانستێك سوودی هەبێت، ئەمە بۆ مامۆستایانە کە ئەمەر قوتابیەکان جوان پەروەردە بکەن و ببنە مایەی خێر، بەشداری هەموو چاکەکانیان دەبن. یان منداڵێکی ساڵح و باش پاش مردن دوعات بۆ بکات. ئەمەش بۆ دایک و باوکانە تا چاویان لە کچ و کورەکانیان بێت و جوان پەروەردەیان بکەن.

به‌رێزان : ئه‌م ساڵ پرِۆسه‌ی خوێندن گه‌رموو گور نیه‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارای و نه‌بونی موچه‌ ، بۆیه‌ داوا له‌ حوكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین ، ئه‌و په‌رِی توانا بخه‌نه‌ گه‌رِ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پرِۆسه‌ی خوێندن ، چونكی ئیمامی حه‌مبه‌لی ( ره‌زای خوای لێبێت ) ده‌فه‌رموێت:.مرۆڤ له‌ رِۆژێك دووجار یاخود سێ جار پێویستی به‌ خواردنه‌ ، به‌ڵام هه‌موو نه‌فه‌سێك پێویستی به‌ زانسته‌ .

لە کۆتاییدا لە خوای گەورە داواکارین بەرەو چاکەی دونیاو ئاخیرەتمان ببات، ولاتی ئێمەش بپاریزێت، بەتایبەتی پێشمەرگە ئازیزەکانمان، دەرەجەی شەهیدەکانیش بەرز کاتەوەو سەبووری کەس و کاریان بدات و، شیفای خێرای بریندارانیش بدات.