خوای پەروەردگار دەفەرموێت: { وَما أُمِروا إِلّا لِيَعبُدُوا اللَّهَ مُخلِصينَ لَهُ الدّينَ حُنَفاءَ وَيُقيمُوا الصَّلاةَ وَيُؤتُوا الزَّكاةَ وَذلِكَ دينُ القَيِّمَةِ }(سورة البينة: ٥ ). بەداخەوە لە کاتێکدا پێویستە مانگی پیرۆزی رەمەزان بکرێتە مەدرەسەی کەسبی تەقواو خواناسی و ئیخلاص لە کردەوەکاندا و پاککردنەوەی دڵ ودەروون لە هەمووگوناهو رەزیلەو رەوشتێکی بەد ..دەبینین خەریکە رییا دەبێتە نەریت و باڵدەکێشێت بە سەر زۆرێک لە میحرابی مزگەوتەکاندا، بە تایبەت لە شەوانی تەراویح و قەدری پیرۆزدا.. بۆیە نوێژی ئەوسا بە بەراورد لە گەڵ نوێژی ئێستادا وەک ئەرز و ئاسمانە.. خەریکە بەتەواوەتی لە خودا پەرستی و هۆکاری پاڵفتەبوونی دڵەکانەوە بەرەو دونیا پەرستی و رییابازی بڕوات! هەر بۆیەش نوێژەکانی ئەم سەردەمە رێگرنین لە تاوان و گوناهکاری لە کاتێکدا کە نوێژ مەرجی قەبوڵکردنی ئەوەیە کە وەک قورئان دەفەرموێت: { إِنَّ الصَّلاةَ تَنهى عَنِ الفَحشاءِ وَالمُنكَرِ وَلَذِكرُ اللَّهِ أَكبَرُ وَاللَّهُ يَعلَمُ ما تَصنَعونَ }( سورة العنكبوت: ٤٥ ). وەک روونە لە ئێستادا ( إلا ما رحم ربي) پێشبڕکێیە لەسەر خۆدەرخستن و عەوام فریودان بە فەتوای بەتاڵ و گرنگیدان بە رواڵەت و دورکەوتنەوە لە لایەنی رۆحی.. ئەوەی لا بەلایدا نەکرێتەوە ئیخڵاص و لایەنی تەقوایە.. جێگەی حەسرەتە لەم رۆژگارەدا گرنگ دەنگخۆشی و زۆر خوێندنی قورئان و دەرکەوتنە لە سۆشیال میدیا دا.. لە پێناو لایک و کۆمێنتی خەڵکیدا.. ئیتر ئەوە لە بیرکراوە کە ئەصڵ لە عیبادەتەکاندا شاردنەوەیانە، نەک تەنانەت باسکردنیشیان.. ئەصڵ چاک خوێندنەوەی قورئانە بە دڵ و دەروونێکی پڕ لە ئیخلاصەوە، نەک خۆشیى دەنگ و روکەشی وسەدای مايك و زۆر خوێندنەوەی قورئان و دەمپرکردن لە پیتەکانی.. کوانێ گەردنکەچی و خشوعی پەل و پۆ؟ کوانێ دڵ وریایی و بەستنەوەی بە مەعبوودی حەقە وە؟ کوانێ (تضرع و انكسار و خضوع)ى قەلبی؟ پێشنوێژخوێنی وا هەیە هەر خەریکی مایکرۆفۆنەکەی بەردەمیەتی! هی وا هەیە هێندە دەجوڵێت ئەڵێی گلاوایەتی و لە بەر جوان دەرکەوتنی لە کامێراکان ئۆقرەی لێ هەڵگیراوە! هی واش هەیە هەدەفی تەنهاو تەنها گوتاردان و خۆنوواندنی سەر میدیاکانە بە تایبەت لە رەمەزان و شەوانی قەدری پیرۆزدا ! بۆخاتری خوا ئەمە چ نەگبەتییەکە هەندێک لە پێشنوێژخوێن و بەناو بانگخواز تێیکەوتوون..؟ وەک ئیمامی غەزالی (ر.خ) لە باسکردنی ئافاتی رییادا لە (إحياء) يدا دەفەرمێت: " جگە لەوەی کە رییا گوناهێکی نزیک لە شیرکە و کردەوەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.. کە چەندین دەق لە قورئان و سوننەتدا هاتووە و فەرمایان داوە بە خۆپاراستن لێی.. ئایا رییابازان نازانن چۆن خوای گەورە نهێنییان هەڵدەماڵێت لە مەحشەردا لەبەرچاو تەواوی مەخلوقاتی خۆیدا ؟ ئایا کەی رەوایە لە بەر رازیکردنی خەڵکی خوای گەورە لە خۆیان بڕەنجێنن ؟ ئایا نازانن کە رەزامەندی خەڵکی هەرگیز بەدەست نایەت و هیچ منەتیشیان پێی نییە.. بەڵکو بە کردەوەی رییا خودا لە خۆیان دەڕەنجێنن و پاشان خەڵکیش، چونکە نیهایەتی رییا کەوتن و فەزیحەت و سڕهەڵماڵینە خوا پەنامان بدات..." هەزاران رەحمەتی خوا لە سەر مامۆستایانی قەدیم کە بیست رکاعەتیان دەکرد بە خوێندنەوەیەکی کەم، بەڵام بە دڵ، لێوان لێو لە ئیخلاص، بە گەردن کەچی و تەقوا، پڕ لە مەحەببەتی خودا و ترسان لە قەهری پەروەردگار.. ئێستا ئەوەی گوێی پێ نەدرێت ئیخلاص و تەقوا و زانست وشەرع زانینە، گرنگ ئەوەیە دەنگی خۆش بێت، قەرەباڵغ بێت، ناوی مزگەوتەکەی لە سۆشیال میدیا دا بناسرێت..! ئای لەو قوڕبەسەری و ماڵوێرانی و سەرگەردانی و رەنجبێوەری و عاقیبەت شەڕیە..! نسأل الله السلامة والعافية والإخلاص والتقوى وحسن الختام آمين، أجمعين.. أ.د. حسن المفتي ٢٠ رمضان ۱٤٤٥ ك ٣٠-٣-٢٠٢٤م |