یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   زاناو کەسایەتی دیاری کوردستان مامۆستا مەلا محمد شەڵماشی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندی گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا مسعود حسێن غەزالی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و سەرۆکی یەکێتی زانایان لەم دیدارە وتارێک پێشکەش دەکات    *****    *****   سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دکتۆر مستەفا زەڵمی، خاوەن دیدێکی چاکسازیی قووڵ بووە و، لەسەر ڕێگەکەی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن.    *****    *****   دەقی وتاری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە دیداری د.مستەفا زەڵمی    *****    *****   مامۆستا مەلا شەریف سەعید کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای گەورە زانایانی ئەزهەری شەریف دەکات    *****    *****   د.أنس محمد شەریف ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی زانایانی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 04/10/2023 : 20:06:32
قه‌باره‌ی فۆنت
مەزهەب چیە؟ قۆناغێکی کاتی یان رێڕەوێکی بەردەوامە؟

 

مەزهەب وەک چەمکێکی دیار لە ناو فەرهەنگ و توراسی فیقهی ئیسلامی؛ لە بنچینەو زمانەوانی بە واتای رێ و رێڕەو دێت، واتە شوێنی پێدا رۆیشتن، بەڵام لە زاراوەی زانایاندا بریتیە لەو رێڕەوو رێبازو تێگەیشتنە زانستیەی لە ئەنجامی کۆشش و ئیجتیهاد لەچوارچێوەی قەواعیدو ئوسوڵی فیقهیدا لەسەر دەستی ئیمامی سەر مەزهەب بە بەرهەم گەیشتووە، بەواتایەکی تر کۆمەڵێک بۆچوون و تێڕوانینی هەڵێنجراوو پێکەوە گرێدراون لەسەر بنەمای شرۆڤەو تێگەیشتنی دروست و زانستی بۆ دەقەکان لە پێناو خزمەتکردنی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام.

مەزهەب رێساو روانگەیەکی تاوتوێ کراوە بۆ مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ دەقەکان و لەرێی کۆمەڵێک هۆکارو کەرەستەی زانستی رێگایەکی رۆشن لەبەردەم موجتەهید دەکاتەوە بۆ وەرگرتن و هەڵێنجانی حوکمی بابەتە فیقهییەکان، کەواتە مەزهەب خۆی لەو بنچینەو رێساو قەواعیدە گشتیانە دەبینێتەوە کە تەدوین کراون و پشتڕاست کراونەتەوە بە قورئان و فەرموودە، کە لەراستیدا مەزهەب لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و زانستی و رێبازی گەورە زانایان پێویستیەکی گرنگە لەدونیای دینداری و بۆشاییەکی گەورەی لەناو موسڵمانان لەدوای سەردەمی یاوەرانەوە تا بە ئیمڕۆ دەگات پڕ کردۆتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو کەس ناگاتە پلەی زانایی و ئیجتیهاد تا بتوانێ پرسەکان یەکلایی و تەرجیح بکات، کەسێکیش ئەم توانایەی نەبێت ناکرێ بەهەوەس و میزاج و رووکەش لێکدانەوە بۆ دەقەکان بکات، ئەمەش بەپێی ئەم ئایەتە کە خوای گەورە دەفەرموێ: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ)الأنبیاء:7. ئەرکە لەسەر ئەوانەی شارەزاییان نیە بگەڕێنەوە بۆ زانایان و پەیڕەوی مەزهەبێک بۆ تێگەیشتنی دروست لە شەریعەت بکەن، ناکرێ بڵێین هەموو کەس موجتەهیدو زانایەو توانای تێگەیشتن و فەتواو هەڵێنجانی حوکمی شەرعی هەیە، یان ئەهل و خاوەن پێویستی زانستی ئەو بوارەیە، بەبیانووی ئەوەی لە جیهانی نوێدا تەکنەلۆژیاو کتێب و کەرەستەی تێگەیشتن لە دین زۆرەو، مرۆڤ پێویستی بە گەڕانەوە لە بابەتە فیقهییەکان بۆ زانایان و مەزهەب نیە، ئەمە رێک وایە بڵێین: بەو پێیەی کتێب و پێداویستی پزیشکی وعیلاج و مەوادی چارەسەرکردن زۆرەو، هەر کەس نەخۆش بوو بچێتە ژووری نەشتەرگەری خۆی بۆ خۆی نەشتەرگەری بکات و پێویستی بە پزیشک و زانستی پزیشکی  نیە! کەواتە چۆن زانستەکانی پزیشکی و ماتماتیک و فیزیاو کیمیاو هەندەسەو یاساو زمانزانی و تەنانەت دەستورو مەواسیقی نێودەوڵەتی بەندو رێسای خۆی هەیەو گەڕانەوە بۆیان لەکاتی پێویست شتێکی حەتمیە، بەهەمان شێوە لەناو مەزهەب کۆمەڵێک حوکم و قەواعیدی گشتی و تایبەت هەن جۆرێک لە جێگیریان وەرگرتووە، دەکرێ بگوترێ یاساکان نەگۆڕن بەڵام بابەت و پێشهات و لێکەوتەکان گۆڕانیان بەسەر دادێت لە چوارچێوەی یاسا بنەڕەتیەکانەوە.

جێی داخە کەسانێک پێیان وا بێت مەزهەب شتێکی زیادەو ناپێویستە، یان بانگەشەی ئەوە بکەن مەزهەب زادەی تێگەیشتن و قۆناغێکی تایبەتەو بۆ هەموو سەردەمەکان ناگونجێت، یان بۆ دونیای ئەمرۆی پڕ لە پێشهات و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو گۆڕانکاری داب و نەریت و ئاڵنگارییە هەنوکەییەکان مەزهەب پاشکەوتووە، یان دین پێویستی بە مەزهەب نیەو راستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ قورئان و سووننەت، یان مەزهەب لە ئاست ویست و پێویستیەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەستەوسانەو وڵامگۆی پرس و خواستەکان نیە.

ئەو جۆرە کەسانە؛ کە پسپۆڕو شارەزای ئەم مەیدان و بوارە نین تانە لەمەزهەب دەدەن و لەم سەروەت و خەزانە فیقهیە زانستیە گەورەیەی زانایانی ئۆممەت کەم دەکەنەوەو گومان لای خەڵک دروست دەکەن، بەوەی مەزهەب قۆناغێکی کاتی و بۆ سەردەمی خۆیەتی، بۆ ئێستا کە جیهان بەرەو گۆڕانکاری و پێشهاتی زۆر رۆیشتووە هەڵناکاو ناگونجێت، یان پەیڕەکردنی مەزهەب بە دواکەوتوویی و نەزانی لێک دەدەنەوە! زیاتر ئامانجیانە دین بەویست و ئارەزوو پەیڕەو بکرێ، یان لەرێی کەسانی نا ئەهل فەتوا بدرێ، کە ئەمەش لەگەڵ زانستیبوونی بابەتەکە یەکناگرێتەوەو، سەرەنجام بۆ دونیای دینداری ئەندێشەو سەرئێشەی زۆرو ناجۆر بۆ خەڵک لێ دەکەوێتەوە، بۆیە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: «إِنَّ هَذَا الْعِلْمَ دِينٌ، فَانْظُرُوا عَمَّنْ تَأْخُذُونَ دِينَكُمْ».

لەبەر ئەوەی مەزهەب هەڵقوڵاوی هەناوی شەریعەتەو فرە رەهەندە لەپێشکەشکردنی چارەسەرو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکانی خەڵک و وڵامگۆی خواست و ئاراستەکانی  ژیان و ژیار بووە، وە بۆ هەموو سەردەمەکان گونجاوەو توانای لەخۆگرتنی پێشهات و پرسەکانی هەیە، هیچ پەسندی و رەوایەتیەک بۆ ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە ناهێڵێت، کە ئامانجیانە لە پێگەی مەزهەب کەم بکەنەوە، چونکە: 

یەکەم: مەزهەب و مەدرەسە فیقهییەکان- بەتایبەت مەزهەبی موعتەمەد- بە تەنها قسەو تێڕوانینێکی سادەو ئاسایی گەورە موجتەهیدو زانایان نین؛ تایبەت بە قۆناغ و کاتێکی دیاریکراو کرا بێ و بەس! بەڵکو کۆمەڵێک بنچینەو پێوەرو قەواعیدو رێڕەوی داڕێژراوی فیقهین بۆ هەموو سەردەمەکان دەشێن، بەهۆیانەوە ئاسانترو زانستی تر تێگەیشتنی دروست بۆ دەقەکان دێتە کایەوە، ئەمەش رێگر نیە لە نوێبوونەوەی تێگەیشتنی هاوچەرخ بۆ پرس و پێشهاتەکان لە چوارچێوەی ئەم رێسا گرنگانە، چونکە ئەمانە بناغەی گونجاندنی شرۆڤەو مەبەست و لێکدانەوەکانە لەگەڵ داخوازییەکانی رۆژگارو پێویستیەکانی مرۆڤ لەهەر سەردەمێکدا، چونکە فیقهی مەزهەب ئاراستەیەکی واقعیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەبارەی پێشهات و بارودۆخەکانەوە، کە دەگوترێ ئەمە فیقهو فەتوای مەزهەبی ئیمامی شافیعییە، ئەوە بە مانای داننان نیە بە دەستەوسانی و وەستاوی، بەڵکو رۆیشتنە لەسەر ئەم رێڕەوە فیقهییە زانستیی و مەنهەجیەی کە گەورە زانایانی مەزهەب بۆ ئیجتیهادو هەڵێنجانی حوکمی شەرعی دایانڕشتووە.

دووەم: بەشێکی حوکمە شەرعیەکان لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندی و نەریتی خەڵک دامەزراوەو بە پێی بارودۆخەکان گۆڕانی بەسەر دادێت، بەو پێیەی قالبێکی چەسپاو نیە بتوانێ هەموو گۆڕانکارییەکانی ژیان لەخۆ بگرێت، لەکاتی گۆڕانی عوڕف یان مەسڵەحەت یان جیاوازیان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، هیچ گرفت لەوە نیە کە گۆڕانکاری بەسەر حوکمەکەش دابێت، چونکە گۆڕانی فەتوا بەپێی زەمەن و زەمین لە چوارچێوەی رێسا بنەڕەتیەکان ئاساییە، ئەم جیاوازی و گۆڕانکارییە لە حوکمی بابەتە ئیجتیهادییەکان بەواتای گۆڕانکاری لەخودی دەق نیە، بەڵکو لە فەتواو حوکمە ئیجتیهادییەکانە لەلایەن پسپۆڕانی شەریعەتناسیەوە، لەبەر ئەوەی شەریعەت وەک دەق جێگیرەو گۆڕانی بەسەر نایەت، کەسیش نکۆڵی لەوە ناکا فەتوا بەپێی شوێن و سەردەم دەگۆڕێت، ئەمە بنەمایەکی گرنگی ناو زانستی فیقهناسیە؛ (حوكمە شەرعیەكان گۆرانكاریان بە سەردادێت بە پێی گۆرانكاری كات و سات و سەردەم و كەسەكان) لەهەمان کات رێسایەکی تر هەیە دەڵێ: (الحکم یدرو مع علته وجودا وعدما). 

سێیەم: راستە خواست و پێویستیەکانی مرۆڤ بە پێی رۆژگار دەگۆڕێ، بەڵام مەزهەب دەرگای لەبەردەم پرس و پێشهاتە نوێیەکان دانەخستووە، بەڵکو مرونەتی لەبەر چاوگرتنی گۆڕانکاری و پێویستیەکانی سەردەمی نواندووە، لەبەر ئەوەی ئەمە رێبازی زانستی و مەنهەجیە نەک تێڕوانینێکی سادەو کاتی و کەسی، کەواتە بەمردنی پێشەوای مەزهەب خودی مەزهەب نامرێ، بەڵکو دەکرێ هەر سەردەمەو زاناو پێشەوایانی ئایینی؛ رێساکانی مەزهەب بۆ چارەسەرکردنی پرس و پێشهاتەکان بەکار بێنن و لەگەڵ واقع بیانگونجێنن.

چوارەم: حوکمە شەرعیەکان لە چوارچێوەی فیقهی ئیسلامی دوو جۆرن، بەشێکیان قابیل بەهیچ گۆڕانکاریی و جێی مشتومڕو لێکدانەوەو تێگەیشتنی مرۆڤ نین و جێگیرو دیاریکراون وەکو عیبادەت و خواپەرستیەکان، بەشەکەی تریان کە پانتاییەکی فراوانی لە ناو فیقهی ئیسلامی بەرکەوتووەو پەیوەستە بە کاروبارو ژیان و خواستەکانی خەڵکەوە، ئەمەیان قابیلی گۆڕانکاری و فەتوای تازەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم فەتوایە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزاو زاناو کەسانی تایبەتمەندەوە بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخ و لەچوارچێوەی بنچینە داڕێژراوەکانی مەزاهیبی ئیسلامی قسەی لەسەر بکرێت، نەک خۆ بەدوورگرتن لە مەزهەب و رای گەورە زانایان.

کەواتە بانگەشەی لامەزهەبی بە بیانووی ئەوەی مەزهەب زادەی تێگەیشتن و کۆششی مرۆڤەو مرۆڤیش قابیلی هەڵەیە، بانگەشەیەکی بێ بنەماو نازانستی و نا بەجێیەو لەگەڵ کرۆکی شەریعەتیش یەکناگرێتەوە، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی زانستی و قوڵەوە لە دەقەکان ورد بوونەتەوەو بناغەی فیقهیان داناوە، بەڵکو زیاتر بانگەشەیە بۆ گومان دروست کردن لەسەر بابەتە ئایینیەکان و بەلارێدا بردنی خەڵک و بێ رۆحکردنی دروشم و پەرستش و هەستی دینداری و، بێ بەهاکردنی ئەو سەرچاوە گەورە زانستیە فیقهییەیە، کە زانایانی ئیسلام لە ژێر رۆشنایی قورئان و سووننەت پێشکەشی ئۆممەتیان کردووە، لەهەمان کات بۆ خۆزاڵکردن و رێخۆشکردنە لەبەردەم کەسانی نەزان و فەریکە خوێندەوار بۆ ئەوەی بەهەواو ئارەزوو بەناوی پابەندی کیتاب و سووننەت هەڵاوێر لەناو دەقەکان بکەن و فەتوای سەیرو سەمەرە دەربکەن، بۆیە گەڕانەوە بۆ رێبازی زانستی و مەنهەجی زانایانی پێشین نەک گرنگە، بەڵکو پێویستیەکی هەنووکەیی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی دینداری و تێگەیشتنی دروست و زانستیانە بۆ دەقەکانی ئیسلام.

 

مەلا عبدالله شێرکاوەیی

4ی ئــۆکتۆبــەری 2023 زایینی

19ی ربیع الأول 1445هیجری