یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا عبدالرحمن قادر ڕوستایی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا فەتاحی شارستێنی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و شاندێکی یاوەری دەکات    *****    *****   بۆ پیرۆزبایی کردن لە ساڵیادی دەرچوونیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی (گوڵان) دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی ئاکرێ و بەردەڕەش و بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرێوەبەری ئەوقافی شەقڵاوە دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 130 مامۆستای ئایینی و هاوکارانی  راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ساز دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنەوە پێ دەگات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا صلاح أحمد تەرخانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بە پێشکەشکردنی پانیڵێک بەشداری کۆنفرانسی گفتوگۆی بازنەیی تایبەت بە پرسی بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 19/02/2024 : 19:53:54
قه‌باره‌ی فۆنت
فرە فەتوایی لەنێوان تاک مەزهەب و فرەمەزهەبیدا

زۆربەی کورد لە پارچەکانی کوردستان بەدرێژایی پتر لە هەزار ساڵە لەڕووی رێبازی فیقهییەوە پەیڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعیان کردووە، ئەمەش بۆتە بنەمای ئەوەی زۆرینەی زانایانی کوردو مەدرەسە زانستییەکان و رێڕەوی فەتوا لەچوارچێوەی ئەو مەزهەبە رەسەن و ئەسیڵە بێت، کە مایەی فەزیڵەت و ئیفتیخارو سەرچاوەو فاکتەری سەرەکی یەکڕیزی موسڵمانان بووە لە ناو کورددا.

پابەندی میللەتی کورد بە مەزهەبێک لەناو چوار مەزهەبە سەرەکیە فیقهییەکان کە مەزهەبی ئیمامی شافیعیە، زادەی تێگەیشتنی زانستی گەورە زانایانی کوردە، کە پێکان و هەڵبژاردنێکی فرە رەهەندو بەجێیە، بۆ ئەوەی رێڕەوێکی دروست بۆ ئاراستەکردن بدۆزنەوەو خەڵکی تووشی سەرگەردانی و ئاژاوەو دووبەرەکی و فەوزا نەبن و سەقامگیری کۆمەڵایەتی تێک نەچێت و دین و ژین سەلامەت و پارێزراو بن، بۆیە هەزار ساڵە کورد لەرووی پابەندی بەدین و پیادەکردنی دروشمەکان گرفتی ئایینی و تێگەیشتن بۆ ئایینی نەبووە.

هاوشان زانایانی کورد کە پابەندی ئەو هەزهەبە فیقهییە بوون، وەنەبێ دەرگایان بەڕووی مەزهەبەکانی تر داخستبێت، یان بابەتەکەیان کردبێتە لەمپەر لەبەردەم خواست و پێشهاتە ئانییەکان و قۆناغەکەیان تووشی چەقبەستوویی کردبێت، بەڵکو بەوپەڕی ئەدەب و لەئاست تێگەیشتن و هۆشیاری زانستییەوە هەڵسوکەوتیان بەرامبەر جیاوازی و رای مەزهەبەکانی تر نواندووە، بە شێوەیەک مافپارێزی و رەچاوکردنی چوارچێوەی زانستی و رێزگرتن لە فرەڕایی و لێک تێگەیشتن لە چڵەپۆپە بووە، تا رادەیەک هەر کات زەمینەو زەروورەت بۆ پیادەکردنی ڕای یەکێک لە مەزهەبەکانی تر هاتبێتە پێش، لەپێناو بەجێهێنانی خواستی کۆمەڵگەو رەوچاوکردنی مەبەستی باڵای شەریعەت و تەبایی نێو موسڵمانان پەیڕەویان کردووە.

راستە راجیایی فیقهی رەحمەتە، وەك ئيمامی شاتيبی دەفەرموێ: (الخلاف في مسائل الفقه محض الرحمة)، هەروەها سەرهەڵدان و دروستبوونی مەزهەب بۆ خزمەتی دین و بەجێهێنانی خواست و پێویستی خەڵک و رۆژگار لەپێناو تێگەیشتن لە ئەحکامی شەرعی، بۆشاییەکی گەورەی پڕکردۆتەوەو کارئاسانی زۆرو قازانجی گەورەی لەبواری دینداری لە دونیاو قیامەت تێدایە، وەک ئیمامی قەڕافی لە کتێبی (الذخيرة) دەفەرموێ: " المذاهبُ كلها مسالكٌ إلى الجنة، وطُرقٌ إلى السعادة، فمن سَلَكَ منها طريقًا وصَّله".

بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە هەڵبژاردن و دیاریکردنی یەک مەزهەب لە بابەتە فەرعیە فیقهییەکاندا لە ناو وڵاتدا بۆ راییکردن و بەرێوەچوونی کاروبارەکانی رۆژانەو پەیوەست بە پەرستش و دروشمە ئایینیەکان، هەنگاوێکی باش و پێویست و گرنگە، کە لە چوارچێوەی دانایی و رەچاوکردنی بەرژەوەندی موسڵمانان؛ زانایانی کورد پەسندیان کردووە، نەک لە روانگەی دەمارگیری مەزهەبی و بێئاگایی و پەراوێزخستنی مەزهەب و بۆچوونەکانی تر سەیریان کردبێت.

لەلایەکی ترەوە‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگا بەتەواوی به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی هه‌موو ڕاو مه‌زهه‌به‌كان، كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و یەکڕیزی موسڵمانان و گوێڕایه‌ڵی بۆ مەرامی کەسی و ئاره‌زوو ئاسان ده‌كات و په‌یوه‌ندی نێوان زانا و نازانا ئاڵۆزی تێده‌كه‌وێت، و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێ كه‌س به‌ناوی زانا خۆیان ده‌كه‌نه‌ پێشه‌نگ و له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ڕوخسه‌ته‌كانی نێو مه‌زهه‌به‌كان، خۆیان ده‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌و ئاشنایه‌تی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنن له‌گه‌ڵ زۆرینه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی دین كارێكی شیاو نابێت و داهاتووی باش ناکەوێتەوەو میللەتیش تووشی ئاژاوەو سەرلێشێوان و هەندێ جار فیتنەش دەبێت.

لەو سۆنگەوە تێدەگەین کە فرە فەتوایی بەرەهایی لە بەرژەوەندی ئیسلام و موسڵمانان نیە، هەر لەبەر ئەوەشە ئیسلام هۆشداری دەداتە موسڵمانان شوێن فەتوای کەسانی نا زانا نەکەون، چونکە فەتوای ئەو جۆرە کەسانە لەجیاتی خزمەت؛ خەڵک بەرەو چەقبەستوویی و گومڕایی و ئاریشەی زۆر دەبات، هەروەک چۆن لەرووی دونیایی هەر وڵاتەو دەستوورو یاسای تایبەت بەخۆی هەیەو ناکرێ فرە دەستووری و فرە یاسایی پەیڕەو بکات، چونکە وڵات ناڕوا بەڕێوەو تووشی گرفت و فەوزای زۆر دێت..

ئەمە بۆ رێکخستنی کاروباری ئایینیش هەر راستەو پێویستە جیهانبینی و چوارچێوەی گشتی بۆ سەرپەرشتی کردن و ئیدارەدانی رەوشی ئایینی و مەنهەج و ستراتیژی زانایان لەپرسی فەتواو ئاراستەکردنی گوتاری ئایینی لەناو وڵات روون و دیار بێت، ناکرێ هەر مزگەوتەو لەسەر مەزهەبێک بێت، یان هەموو مەزهەبەکان لەناو شارێک جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەمە کارێکی قوڕسەو زەمینە خۆشکەرە بۆ فەوزاو سەر لێشێواندنی خەڵک و تێکگیران و سەرهەڵدانی ناتەبایی و شتی نەخوازراوو.

لەبەر ئەوە زانایان لە رابردوو زۆر بە وریایی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسە کردووەو بە ئاسانی ئەم دەرگەیان نەکردۆتەوە، هەر بە نمونە؛ ئەبو یەعلای حەنبەلی کاتێ فەقێیێک دێتە لای و پێی دەڵێ: ئەی ئیمام هاتووم لای جەنابتان بخوێنم و فێری فیقهی مەزهەبی حەنبەلیم بکەیت. ئەویش لێی دەپرسێ بەرێزت خەڵکی کوێی و لەکوێوە هاتووی؟ دەڵێ: لە شیرازەوە هاتووم، ئەبو یەعلا پێی دەڵێت: باشە شیراز هەمووی شافیعی مەزهەبە! چۆن دەبێ تۆ فیقهی حەنبەلی بخوێنیت و بگەڕێیتەوە شارێک هەموو شافیعییە؟ من نامەیەکت بۆ دەنووسم بڕۆ لای ئەبو ئیسحاقی شیرازی شافیعی لەخزمەت ئەودا فیقهی شافیعی بخوێنە، چونکە ئەگەر لێرە فیقهی حەنبەلی بخوێنی و بگەڕێیتەوە شیراز دەبیتە مایەی فیتنە بۆ ئەوان!

تەنانەت هەڵسوکەوت و رەفتاری هاوەڵانیش لەم بارەوە بەحیکمەت و لێزانانە بووە، لە رێزگرتن بەرامبەر پێشەوایانی سەردەمی خۆیان و داخستنی دەرگای فرە فەتوایی و پشێوی و دروستکردنی خیلاف، وەک لە سونەنی ئەبوداود هاتووە: ئیمامی عوسمان لە کاتی حەجدا لە (مینا) پێشنوێژی بۆ موسڵمانان کردو چوار ڕکاتی بۆ کردن، عبدالله ی کوری مەسعود لەوێ ئامادەبوو فەرمووی: لەدوای پێغەمبەر(درودی خوای لێ بێت)و ئەبوبەکرو عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) نوێژم کردووە، هەر دوو ڕکاتیان دەکرد لەو کاتانەدا، ئینجا لە عبدالله یان پرسی تۆ ڕەخنەت لە ئیمامی عوسمان گرت بۆچی خۆشت وەکو ئەو چوار ڕکاتت کرد؟ لەوەڵامدا فەرمووی: (الخلاف شرّ) واتە: لەبەر ئەوەی خیلاف و ناکۆکی شتێکی خراپە، هەرچەندە ڕای خۆی پێچەوانەی ڕای ئیمامی عوسمان بوو بەڵگەشی بەدەستەوە بوو، بەڵام لەپێناو یەکڕیزی موسڵمانان پەیڕەوی لە ئیمامەکەی کردو خۆی جیانەکردەوە.

پابەندبوون و پەیڕەوکردنی رێڕەوی مەزهەبێک نەک هەموو مەزهەبەکان لەناو وڵاتدا، وێڕای ئەوەی سەواب و هەنگاوێکی پەسندو پێویستە، لەهەمان کات هۆکاری یەکڕیزی و دیاربوونی مەرجەع و یەکخستنی سەرچاوەی مەعریفی و رێکخستنی کاروباری ژیان و پاراستنی بەرژەوەندی و پارێزراوی مافە لەلایەک و، رێگریکردنە لە پەرتەوازەیی و ناکۆکی و دووبەرەکی و ململانێ و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شلەژانی کۆمەڵگەو پشێوی و فیتنەو رەتکردنەوەی یەکترە لەلایەکی ترەوە، سەرەڕای ئەمەش نەهێشتنی  ئاڵۆزی و بیری توندڕەوی و سەرهەڵدانی گروپی توندئاژۆو فکری هاوردەو خەتەرناکە لەناو کۆمەڵگە. چونکە بەدانانی چوارچێوەی گشتی و دیاریکردنی مەزهەبێکی دیاریکراو هەمووان لەدەوری یەک سەرچاوە رۆشنایی وەردەگرن و دروشم و خواپەرستی و مامەڵە و نەریتەکانیان رێکدەخەن، کە دواجار ئەو جۆرە لە پەیڕەوکردن دەبێتە بەشێکی گرنگی پرۆسەی هۆشیاری و رۆشنبیری ئایینی لەناو کۆمەڵگەدا.

میللەتی کورد کە پابەندی مەزهەبی ئیمامی شافیعی بووەو لەسەری راهاتووەو زۆرینەی رەهای زانایانی کورد لەسەر ئەم مەزهەبە رۆیشتوون و کۆمەڵگەیان ئاراستە کردووەو گرفتی ئایینی نەبووە، چ عەجەب ئێستا ئەم رێبازە رەسەنە زانستی و میراتی و توراسیە نەپارێزین! چ ئیجابە کوردستان بکەینە مەیدان و بازاڕی ساغکردنەوەی فەتوای هاوردەو نەگونجاو بە واقعی میللەتی خۆمانچ عەجەب هەموو دەرگایەک بەسەر خەڵکی ئاسایی بکەینەوەو تووشی قەیرانی ناحاڵیبون لە دۆخەکەو دابەشبوون و تێکدانی کەشی ئارامی خواپەرستی ناو مزگەوتیان بکەین!

زانایان لە رابردوو و ئێستادا بە حوکمی ئەوەی پسپۆڕی ئەم بوارەن؛ دەزانن چۆن مامەڵەو هەڵسوکەوتیان کردووەو دەکەن، بەڵام خەڵکی ئاسایی و کەمزان و نائەهل ئەو مافەی نیە لەخۆڕا دەست بۆ پرسێکی وا هەستیار ببات و بە ئارەزووی خۆی هەر جارەو بە شێوازێک جۆرە فەتوایەک بڵاو بکاتەوە، کە هیچ وڵاتێک ڕێ بەفەوزاو بێسەروبەری و شتی لەم شێوە لە بواری فەتوا نادات، بۆیە باشتر وایە کلیلی دەرگای فرەمەزهەبی و فرە فەتوایی لای ئەهلی خۆی بێت و بە کەسی نەشیاو نەکرێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکیش سەری لێی شێواوەو نازانێ بەکام دوعایە بڵێ ئامین!!

* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.