یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر دەکات    *****    *****   سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ ده‌كات    *****    *****   مامۆستا مەلا ئەحمەد رۆستەم کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد هەرتەلی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایان بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی پەیامێک بڵاودەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا عەلی وەرتی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بەسەردەکاتەوەو دیدارێکی تایبەت لەگەڵ ستافی لق ساز دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا عبدالله دێلۆیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا شێخ عابد کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان دیدارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی رووبەڕوو بوونەوەی وتاری رقەبەری بەڕێوە دەچێت   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 22/12/2023 : 19:18:34
قه‌باره‌ی فۆنت
هەستیاری بابەتی فەتواو مەترسی فەتوادان..!


فه‌توا له‌ ئیسلامدا گرنگی‌و تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و بابه‌تێكی هه‌ستیارو پڕ له‌ به‌رپرسیارێتیه‌، له‌ ریزی فه‌ڕزی كیفایه‌ دانراوه‌، پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك پێودانگ و هه‌ڵێنجان و قۆناغبه‌ندی و ره‌چاوكردنی پێوه‌ری زانستی و ئوسوڵی هه‌یه‌، لەم پێناوە پێویسته‌ له‌ناو هه‌موو گه‌لێكی موسڵمانی ئیسلامپه‌روه‌ر؛ كه‌سانێك هه‌بن ئه‌و ئه‌ركه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ باشترین شێوه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، كه‌ هه‌موو مه‌رجه‌كانی فه‌توادانیان تێدا بێت و حوكمه‌ شه‌رعیه‌كان وه‌ك پێویست بۆ موسڵمانان رۆشنبكه‌نه‌وه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمَا كَانَ الْمُؤْمِنُونَ لِيَنْفِرُوا كَافَّةً فَلَوْلَا نَفَرَ مِنْ كُلِّ فِرْقَةٍ مِنْهُمْ طَائِفَةٌ لِيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنْذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ) التوبة: 122.
له‌به‌ر گرنگی و بایه‌خی بابه‌تی فه‌تواو پێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌م ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستن، خوای گه‌وره‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌و نیسبه‌تدانی فه‌توای داوه‌ته‌ پاڵ خۆی له‌ جیاتی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لێ‌ بێت) فه‌توا ده‌داو وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی گه‌وره‌یی و رێزو شكۆی ئه‌وانه‌ ده‌گه‌ینێ‌ كه‌ فه‌توا ده‌ده‌ن، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ) النساء:176. واته‌ ئه‌ی محمد (درودی خوای لێ‌ بێت)، داوای فه‌توات لێ‌ ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی (كلاله‌) كه‌ بریتیه‌ له‌ كه‌سێك باوك و نه‌وه‌ی نه‌بێت، تۆش بڵێ‌ خودا وه‌ڵامتان ده‌داته‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌.
بۆیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌رووی به‌رپرسیارێتی و شاره‌زایی و زانستییه‌وه‌ له‌و ئاسته‌ نه‌بێت و فه‌توا بدات، ئه‌وه‌ كارێكی قوڕس و تاوان و گوناه و ته‌نانه‌ت حه‌رامی ئه‌نجامداوه‌، دۆخه‌كه‌ش هه‌م له‌ دونیا هه‌م بۆ قیامه‌ت به‌ره‌و مه‌ترسی گه‌وره‌ ده‌بات، بۆیه‌شه‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لێ‌ بێت) ده‌فه‌رموێ: (أَجْرَؤُكُمْ عَلَى الْفُتْيَا، أَجْرَؤُكُمْ عَلَى النَّار) واته‌: ئازاترینتان له‌سه‌ر فه‌توادان ئازاترین و خێراترینتانه‌ له‌ سه‌ر چوونه‌ ناو دۆزه‌خ.
ده‌بێ‌ ئه‌وه‌مان له‌به‌ر  چاو بێت، كه‌ فه‌توای نادروست و دوور له‌ مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت، یان ئه‌و فه‌توایه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌هلی خۆی ده‌رناچێت چ كاره‌سات بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ دروست ده‌كات! چۆن به‌ زه‌ره‌رو زیانی ئه‌وان و ناشرین نیشاندانی ئایین ته‌واو ده‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ فه‌توای دروست و گونجاو هاوسه‌نگ و هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت ده‌بێت به‌ ره‌حمه‌ت بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه‌و مایه‌ی‌ جوان نیشاندانی ئایین به‌ موسڵمانان و خه‌ڵكانیتر.
بێگومان فه‌توادان به‌شێوه‌ی كه‌سی مه‌ترسی گه‌لێك زۆرتره‌ له‌و فه‌توایه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایان یان ئه‌نجومه‌نێكه‌وه‌ ده‌درێت، بۆیه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ زۆرینه‌ی زانایانی جیهانی ئیسلامی گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌، كه‌ فه‌توای ده‌سته‌جه‌معی باشترو ئه‌فزه‌ڵتره‌، به‌ته‌نها بۆ كه‌سێك قوڕسه‌ ئه‌م باره‌ هه‌ڵبگرێت، ئێستا زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی ده‌سته‌، ئه‌نجومه‌ن، خانه‌، لێژنه‌، كۆڕبه‌ندی فه‌توایان داناوه‌، چونكه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌وه‌ رۆشنتر ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ فه‌توای ئه‌نجومه‌ن یان ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایان تاكه‌ رێگایه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رو یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و مه‌قسه‌دی شه‌رعی زیاترو به‌ركامڵتر ده‌پێكێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فه‌توای ده‌سته‌جه‌معی بۆته‌ پێویستیه‌كی ئاشكرا به‌ تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا، چونكه‌ كێشه‌و بابه‌ت و ڕوداوه‌ تازه‌كان له‌هه‌ڵكشاندان و زۆرو فره‌جۆرن، ئاسان نیه‌ كه‌سێك به‌ ته‌نها باری فه‌توا به‌و هه‌موو ته‌نگو چه‌ڵه‌مه‌وه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ واده‌خوازێت كه‌ زانایان له‌ چوارچێوه‌ی دام و ده‌زگای فه‌رمی و پسپۆری كۆببنه‌وه‌ بۆ دیراسه‌تكردنی بابه‌ته‌كان، بۆیه‌ به‌رده‌وام خواستی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ زانایان زۆره‌، بۆ روونكردنه‌وه‌ی باس و بابه‌ته‌ شه‌رعی و پێشهاته‌ نوێیه‌كان، له‌سه‌ر رێره‌وێك كه‌ خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودی خوای لێ‌ بێت) له‌ چوارچێوه‌ی ئایه‌تی: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) پێی رازی بن، نه‌ك كه‌سانێكی ساده‌و كه‌مزان و ناشاره‌زاو نا ئه‌هل پڕبای ئه‌م بابه‌ته‌ بده‌ن و فه‌توایه‌كی نامه‌سئولانه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ تووشی ئیفلیجی و پشێوی و نائارامی بكه‌ن، له‌ولاشه‌وه‌ سومعه‌ی دینداری میلله‌ت و كۆمه‌ڵگه‌و پێگه‌ی زانایان لكه‌دار بكه‌ن و خۆشیان شه‌رمه‌زاری لای خوا ببن!
هه‌ر له‌به‌ر هه‌ستیاری فه‌تواو شوێنه‌واره‌ ترسناكه‌كانی له‌ سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌! زانایان و پێشینه‌ چاكه‌كان خۆیان ده‌پاراست له‌ فه‌توادان؛ بۆیه‌ سه‌رده‌می ئه‌وان كێشه‌و دووبه‌ره‌كی بوونیان نه‌بوو له‌ بواری فه‌توا له‌ سه‌ر بابه‌ته‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین له‌ كوردستانی خۆمان و به‌شێكی وڵاتانی ئیسلامی، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانێكی فه‌ریكه‌ خوێنده‌وارو دوور له‌ سیفات و مه‌رجه‌كانی موفتی هه‌ڵده‌ستن به‌ كاری فه‌توادان، كه‌سانێك هه‌ن به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و بێباكانه‌و فه‌توای ناكام و شاز ده‌ده‌ن، به‌شێك له‌ فه‌تواكان له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیا، یان كه‌ناڵه‌كانی بینراوو بیستراو ده‌درێت، زۆرجار كاره‌ساتی گه‌وره‌ی فه‌توادان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بازاڕه‌كه‌ی شێواندووه‌و پرسیاركاری تووشی سه‌غڵه‌تی زۆرو لاڕێی كردووه‌! بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ مه‌ترسی ئه‌م پرسه‌ بكه‌ن و بزانن فه‌توادان چه‌نده‌ قوڕس و پڕ مه‌سئولیه‌ته‌، به‌مه‌ش دووبه‌ره‌كی له‌ نێو مزگه‌وت و كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كه‌ن و سه‌ر له‌ خه‌ڵك ده‌شێوێنن و وه‌ڵامی راست و دروستیان لێ وون ده‌كه‌ن.
له‌به‌ر ئه‌و هه‌ستیاری ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ كه‌مترین سه‌حابه‌ خۆی له‌ پرسی فه‌توا داوه‌، وه‌ك ئیبنولقه‌یم له‌ كتێبی (اعلام الموقعین عن رب العالمین) ده‌ڵێت: "له‌ناو هه‌موو هاوه‌ڵان ته‌نها 130 سه‌حابه‌ فه‌توایان لێ‌ ریوایه‌ت كراوه‌، له‌ناو ئه‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 7 كه‌سیان به‌ موفتی و فوقه‌های سه‌حابه‌ ناسراون".
سه‌یر كه‌! له‌ كتێبی (المدخل إلی السنن الكبری للبیهقی 1/434) له‌ ئیمامی شوعه‌بییه‌وه‌ ڕیوایه‌ت كراوه‌ ده‌فه‌رموێ: "كه‌سی واتان هه‌یه‌ فه‌توا ده‌دات له‌ بابه‌تی وادا ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هاتبایه‌ بۆ لای ئیمامی عومه‌ر (ره‌زای خوای لێ بێت) ئه‌وا ئه‌هلی به‌دری بۆ كۆده‌كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌توای لێ بده‌ن"
عبدالرحمن ی كوڕی ئه‌بی لیلی ده‌فه‌رموێت:"به‌ خزمه‌ت زیاتر له‌سه‌دو بیست هاوه‌ڵی ئه‌نصاری گه‌یشتم كه‌ پرسیاریان لێ‌ ده‌كرا هه‌ر یه‌كه‌و پرسیاره‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی تر ده‌كردو خۆیان ده‌پاراست له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی تا ده‌هاته‌وه‌ لای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م".
عوقبه‌ی كوڕی موسلیم ده‌ڵێت: ماوه‌ی 34 مانگ یاوه‌ری ئیبن عومه‌رم كرد زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی وه‌ك پرسیار ئاراسته‌ی ده‌كرا، ده‌یفه‌رموو: نازانم.
عبدالله كوڕی مه‌سعود (ره‌زای خوای لێ‌ بیت) ده‌یفه‌رموو: هه‌ر كه‌سێك ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ لێی ده‌كرێن فه‌توا بدات، ئه‌وا كه‌سێكی شێته‌.
پێشه‌وا مالیك جارێك نزیكه‌ی په‌نجا پرسیاریان لێكرد، له‌ زۆربه‌یاندا فه‌رمووی: (لاادری) نازانم!. ئیمامی شافیعیش (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) به‌هه‌مان شێوه‌، جارێكیان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێك پرسیارێكی لێكرا، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگی لێكردو هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌، كاتێكیش سه‌باره‌ت به‌و بێده‌نگیه‌ پرسیاری لێكرا، گوتی: تاوه‌كو بۆم ڕوون نه‌بێته‌وه‌، ئاخۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌م خێرتره‌ یان بێده‌نگیم، وه‌ڵام ناده‌مه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌بوبه‌كری ئه‌سره‌م ده‌فه‌رموێ: گوێم له‌ ئه‌حمه‌دی كوری حه‌نبه‌ل بووه‌ كه‌ پرسیاری زۆری ئاراسته‌ كراوه‌، له‌زۆربه‌یان فه‌رموویه‌تی: نایزانم. له‌ كاتێكیشدا ئاگاداری زۆرێكیشیان  بووه‌.
كه‌واته‌ فه‌توا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌، له‌هه‌مان كات به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ جاری واهه‌یه‌ له‌به‌ر فه‌توایه‌ك كه‌ ره‌چاوی بنه‌ماو رێساكانی فه‌توادانی تێدا ناكرێت سه‌دان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی ئابوری و نارێكی په‌رستشی دێنێته‌ ئاراو و گه‌ڵیك ئاواره‌و سه‌رگه‌ردان ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بیری ته‌سك و فه‌توای هه‌ڵه‌و هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵات! داعش چی نه‌كرد و چ گرفتێكی هێنایه‌ كارو چه‌نده‌ گرفتی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی خولقاند، كه‌ زه‌ره‌رو زیان و كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناو تا چه‌ندین ساڵ لێكه‌وته‌و ئاسه‌واره‌كانی ناسڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌تا لایه‌نی فه‌توا رێره‌وی خۆی به‌جوانی بگرێت كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌نده‌ پتر هه‌ست ئاسوده‌ و به‌خته‌وه‌رو دووره‌ گرفت و ئاریشه‌ ده‌بێت.
كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌و باسكردنی هه‌نگاوه‌ نابه‌رپرسه‌كانی ئه‌م بواره‌و دانانی چاره‌سه‌ر بۆ گرفت و ئاڵنگاریی و ئاڵۆزییه‌كان هەنگاوێکی گرنگە، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین شكۆی فه‌توا بپارێزین و پارێزگاریش له‌ كه‌سایه‌تی موفتی راسته‌قینه‌ بكه‌ین و مه‌رجی فه‌توادان به‌رچاو بخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش ئه‌و كه‌سانه‌ بناسێت كه‌ خۆیان لێده‌كه‌ن به‌ موفتی و به‌ ناوی ئایینه‌وه‌ فه‌توا ده‌ده‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ شایه‌نی ئه‌و پێگه‌ گرنگه‌ بن، وه‌ هه‌روه‌ها فه‌تواش رێچكه‌ی راست و دروستی خۆی وه‌ربگرێت و دوور بێت له‌ بوون به‌ مایه‌ی زه‌حمه‌ت و ناكۆكی و لێكترازان و ته‌كفیرو ته‌بدیع كردن له‌ سه‌ر بابه‌ته‌ فیقهیه‌ فه‌رعییه‌كان، وه‌ دینداری راسته‌قینه‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان ئاشنا بكه‌ین، وه‌ك شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌یه‌وێت دوور له‌ خه‌مساردی و كه‌مته‌رخه‌می و توندئاژۆیی، ئه‌وه‌ پێویستیمان به‌ به‌رچاوڕونی ته‌واو هه‌یه‌ له‌رووی شاره‌زایی و هه‌ستكردن به‌ هه‌ستیاری بابه‌تی فه‌توا.
به‌ كورتی ده‌بێ‌ هه‌مووان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و رێ‌ له‌ فه‌توای هاورده‌و ناكامڵ و خه‌ڵكی ناشایسته‌ بگرن، ده‌بێ‌ ئه‌و هۆشیارییه‌ دروست ببێت، كه‌ فه‌توا له‌ هه‌رێمی كوردستان كارو ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای یه‌كێتی زانایانه‌ نه‌ك كه‌سی تر. 
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.