یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چاکسازی تورکمان دەکات   
مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی
به‌رواری دابه‌زاندن: 20/09/2020 : 14:49:07
قه‌باره‌ی فۆنت
یۆبێلی زێڕینی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.. نیو سه‌ده‌ خزمه‌ت‌و به‌رده‌وامی..

مه‌لا عبدالله شێركاوه‌یی*

له‌ 21ی9ی1970 له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی یه‌كێـتی زانایان وه‌ك دامه‌زراوه‌و رێكخراوه‌ێكی پیشه‌یی‌و سه‌رتاسه‌ری، به‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆی مه‌رحوم مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌و به‌ به‌شداری چه‌ندین زانای كوردستان له‌ پێناو چه‌ند ئامانجێكی روون‌و خواست‌و دۆخی ئه‌وسا‌و ئاڵوگۆڕه‌ ناوچه‌ییه‌كان‌و كاری رێكخراوه‌یی، به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ردوو ره‌هه‌ندی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرا.

قۆناغ دوای قۆناغ له‌ ئه‌نجامی دڵسۆزی‌و كاری پێكه‌وه‌یی‌و هه‌ماهه‌نگی‌و پاڵپشتی خودی زانایان، یه‌كێتی زانایان توانی ببێته‌ چه‌ترێكی گرنگ‌و گه‌وره‌‌و جێی ئومێدی زانایان‌و ئاسۆیه‌كی روونی له‌به‌رده‌م كاروانه‌كه‌ هه‌ڵكرد، توانرا له‌شێوه‌ی كاری رێكخراوه‌یی وزه‌و توانای زانایان له‌ ته‌واوی كوردستان كۆبكرێته‌وه‌‌و، له‌ خزمه‌تی گشتی‌و له‌ پێناو بره‌ودان به‌ هه‌ستی ئاینپه‌روه‌ری‌و نیشتمانپه‌روه‌ری خۆی ببینێته‌وه‌.

ئه‌مساڵ یۆبێلی زێڕینی ته‌مه‌نیه‌تی‌و نیو سه‌ده‌ 50 ساڵه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ له‌سه‌ر پێ‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌و كات له‌ شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ له‌دایك بوو، به‌ڵام ئێستا شكۆمه‌ندانه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاری سه‌ر ئاستی كوردستان‌و جیهانی ئیسلامیه‌، ئه‌و كات ته‌نها ده‌سته‌یه‌ك بوون، به‌ڵام ئێستا له‌ ته‌واوی كوردستان 17 لقی تایبه‌تی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای كۆسپ‌و دۆخه‌ ناهه‌موارو هه‌ڵومه‌رجه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هه‌رێمیه‌كان‌و ره‌وشی ناوخۆیی‌و دارایی‌و گرفته‌كان، توانیویه‌تی سه‌دان ده‌سكه‌وت‌و ده‌ره‌نجامی باشی هه‌بێت‌و زۆرینه‌ی زانایانیش تێیدا ئه‌ندام بن.

له‌رووی پیشه‌یی‌و ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتی زانایان پێگه‌یه‌كی دیارو حوزرێكی كارای له‌ ئاراسته‌ی پرس‌و پێشهاته‌كان‌و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و پاراستنی ده‌سكه‌وته‌ ئایینی‌و نیشتمانیه‌كان هه‌یه‌، سه‌ربه‌رزیشه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌میشه‌ رۆڵی كاریگه‌ری له‌ به‌ره‌و پێشبردنی كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی هه‌بووه‌‌و هه‌میشه‌ دروشمی ئیسلامپه‌روه‌ری‌و كوردایه‌تی پێكه‌وه‌ گرێداوه‌، كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ئیلهامی په‌یامی پیرۆزی ئیسلام‌و رێڕه‌وی گه‌وره‌ زانایانی كوردی موسڵمانه‌.

 نیو سه‌ده‌یه‌ خزمه‌تێكی زۆری مه‌عنه‌وی به‌ پێگه‌و پیشه‌ی مامۆستایانی ئایینی‌و مزگه‌وت‌و ته‌دریس‌و حوجره‌‌و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی بزاڤی رۆشنبیری له‌و هه‌رێمه‌ كردووه‌، هه‌میشه‌ش وه‌ك داكۆكیكارێكی دڵسۆز بۆ خاك‌و نه‌ته‌وه‌‌و ئایین خۆی بینیوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێتی زانایان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی باش توانیویه‌تی به‌و ئه‌ركه‌‌و ئامانجه‌ هه‌ڵسێ‌ كه‌ بۆی دامه‌زرا، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئایینیه‌وه‌ توانیویه‌تی كار بكات بۆ گه‌یاندن‌و پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و ده‌رخستنی ڕوو جوانی ئه‌م دینه‌ بۆ موسوڵمانان به‌ ئاراسته‌‌و په‌یامێكی میانڕه‌وی دوور له‌ توندو تیژی، له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ توانیویه‌تی وه‌ك ڕێكخراوێكی چالاك هه‌وڵ بدات بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌زمونی گه‌له‌كه‌مان‌و رۆڵی به‌رپرسیارانه‌ بگێڕێ‌، له‌سه‌ر ئاستی پیشه‌ییش توانیویه‌تی زۆربه‌ی زانایانی ئایینی له‌ ژێر چه‌تری ئه‌م ڕێكخراوه‌دا كۆ بكاته‌وه‌و به‌ گوێره‌ی توانا داكۆكیكار بێت له‌ مافه‌كانیان‌و پێدانی به‌رچاو ڕوونی‌و هۆشیاری‌و به‌ژداری پێكردن‌و ئاگالێكبوونی سه‌رتاسه‌ری‌و ئاوێته‌كردنی گیانی پیشه‌یی له‌ نێوانیاندا، له‌پاڵ ئه‌مه‌ش ناساندن‌و گه‌یاندنی قه‌زیه‌ی ئه‌م گه‌له‌ وه‌ك گه‌لێكی موسڵمانی ڕاسته‌قینه‌و دڵسۆز به‌ جیهان.

نیو سه‌ده‌یه‌‌و توانیویه‌تی رۆڵی خۆی ببینێ‌و قسه‌ی خۆی هه‌بێ له‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیه‌كان‌و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر هه‌رێم‌و كیانی كوردی. هه‌ر له‌كاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ قۆناغی ئاواره‌یی‌و خه‌باتی شاخ‌و هه‌ڵگرتنی چه‌ك‌و قوربانیدان‌و شه‌هیدبوونی چه‌ندین زانای ئایینی، له‌ راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئاداری 1991‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌ گیانێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌‌و خزمه‌ت كردنی ئایین‌و نه‌ته‌وه‌، هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی‌و پته‌وكردنی ره‌هه‌ندی ته‌بایی نێو ماڵی كوردو موشاره‌كه‌ی مه‌یدانی چالاكیه‌ گرنگه‌كان‌و خۆپیشاندنی پێویست‌و پاڵپشتی قه‌زیه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و تا پرسی سه‌ربه‌خۆی‌و ده‌ربڕینی ده‌نگی به‌ڵێ‌ بۆ ریفراندۆم به‌ ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی..هتد.

له‌رووی كرانه‌وه‌و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی‌و ناوه‌نده‌ زانستی‌و ئایینیه‌كانی ده‌ره‌وه‌‌و هه‌ڵكشانی چالاكیه‌كان بۆ ئاستی به‌رزو هه‌مه‌جۆر، وای كردووه‌ ناوی یه‌كێتی زانایان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی زیندووی كوردستان بێته‌ ناساندن‌و به‌ چاوی رێزه‌وه‌ لێی بڕوانن.

له‌ داكۆكیكردنی ماف‌و رێچكه‌ی دروستی ئازادی‌و دیالۆك‌و له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی‌و راگرتنی هاوسه‌نگی‌و سه‌قامگیری دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاشته‌وایی‌و فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ ژیان‌و رێزگرتنی یه‌كترو زه‌مینه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێڕه‌وێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ی گرتۆته‌ به‌رو كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌.

له‌ گه‌یاندنی په‌یامی ره‌سه‌ن‌و دروستی ئیسلامپه‌روه‌ری‌و په‌روه‌رده‌ی رۆڵه‌كان‌و پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی خواستی هاوڵاتیان‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌مه‌ترسی هزری توندڕه‌وی‌و ته‌كفیری‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی میانڕه‌وی‌و جیهانبینی‌و داناییه‌وه‌ هه‌نگاوی ئه‌رێنی هه‌ڵێناوه‌و ئاسه‌واریشی دیاره‌، نمونه‌ی ئه‌و راستیه‌ له‌ قۆناغی به‌ره‌نگاری شه‌ڕی داعش له‌ واقعی كوردستان به‌رچاوه‌، كه‌ چۆن زانایان توانیان له‌رێی پاڵپشتی پێشمه‌رگه‌‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و جوڵاندنی شه‌قام به‌ ئاراسته‌ی پاڵپشتی‌و وره‌به‌رزی سه‌باره‌ت به‌ دیفاع له‌ خاك‌و نیشتمان‌و پاراستنی شه‌ڕه‌ف‌و كه‌ڕامه‌تی ئینسانی‌و كۆمه‌كی ئاواره‌و لێقه‌وماوان‌و ئیدانه‌ی كرده‌ دڕندانه‌كان رۆڵێكی هه‌ستیارو گرنگ‌و گه‌وره‌ بگێڕن!

یه‌كێ‌ له‌ ئامانجه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری یه‌كێـتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كاركردن بووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ڕووی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌ب‌و فكریه‌وه‌، بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی دۆخی ئه‌منی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و دینداری له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌و پێیه‌ له‌ هه‌رێمدا موسڵمان‌و مه‌سیحی‌و ئێزیدی‌و كاكه‌یی‌و.. هتد، له‌هه‌مان كات كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و ئاشوری‌و كلد‌و سریان‌و... هتد، بوونیان هه‌یه‌، یه‌كێتی زانایان به‌ په‌یڕه‌و كردنی پێوه‌ره‌ شه‌رعیه‌كان‌و له‌ چوارچێوه‌ی بازنه‌ی برایه‌تی مرۆڤایه‌تی‌و نیشتمانی، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ پێگه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ بپارێزێت‌و فاكته‌رێكی گرنگیش بێت بۆ به‌ره‌و پێشبردنی رایه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌‌و به‌رجه‌سته‌ كردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا.

ئێستا كه‌ یادی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ‌ دركی ئه‌و راستیه‌ بكه‌ین، كه‌ رابردووی ئه‌م رێكخراوه‌و دڵسۆزی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زانایانی ئایینی‌و خواست‌و قۆناغی هه‌نووكه‌ وا ده‌خوازێ‌ مكور تر بین له‌ هێنانه‌ دی ئامانجه‌كان‌و هاوكاری كیانی كوردی‌و ئاراسته‌ی دروستی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری‌و پشتیوانی سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی دێته‌ دی‌و ده‌توانن ئاینده‌ی زانایان به‌ره‌و شه‌ره‌فمه‌ندی زیاتر ببه‌ن، چونكه‌ ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان‌و كاری رێكخراوه‌یی‌و دروست كردنی په‌یوه‌ندی‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و به‌رقه‌رار كردنی ئاشتی بۆ كوردستان‌و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی‌و تیرۆر مه‌سئولیه‌تێكی هه‌ستیارو پێویست‌و به‌رده‌وامه‌.

٭ به‌رپرسی راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.