ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ململانێی نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت ئەو چوار وڵاتەی دەوری کوردستانیان داوە، تایبەتتر ململانێی تایهفی و فەرهەنگ و عەقڵیەتی رەگەزپەرستی لەناو عێراق، کاردانەوەی نەرێنی زۆر و ئاستەنگی گەورەی لەسەر کوردستان دروست کردووە. نا واقعیە ئەگەر نەشڵێین پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی رابردوو و نەناردنی شایستە داراییەکان لە لایەن حکومەتی ناوەندی و ناتەندروستی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردییەکان و هەوڵە دەرەکیەکان بۆ نانەوەی پشێوی و پرسی چاکسازی و دۆسیەی گەندەڵی دۆخەکەی بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو بردووە. ئەوەی لەئەنجامی نیگەرانی خەڵک و هەڵوێستی شەقام سەبارەت بە خۆپیشاندان و داواکردنی ماف دەگوزەرێ، کە ناسەقامگیری و پشێوی و بەداخەوە قوربانی لێ کەوتۆتەوە، جێگەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەرکردنە و دەبێ هەموو بەرپرسیارانە لێی بڕوانین. خۆپیشاندان مافی هەر هاووڵاتییەکە لە پێناو گەیاندنی پەیام و داواکردنی مافەکانی خۆی ئەنجامی بدات و لە چوارچێوەی هەنگاوی مەدەنی و پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی خۆی ببینێتەوە و نەبێتە فاکتەری کاردانەوەی خراپ و نا نیشتمانی. بەڵام کاتێک ئاراستە و ئامانجی خۆپیشاندان دەگۆڕدرێت بۆ پیلانگێڕی و ئەجێنداو نمایشی نائاسایی و وێرانکاری و تاڵان و شەڕ و ئاژاوە و سووکایەتی و سووتاندنی موڵک و ماڵی شەخسی و گشتی، لەسەرووی هەمووشیانەوە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، کە ئەمە لەناو کوردی موسڵمان شتێکی تازە و نادرە و بەزاندنی سنووری پیرۆزییەکان و شکاندنی بەها و نەریتە رەسەنەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، کە کاتی خۆی رژێمی رووخاوی عێراق گوندەکانی ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەهجیر و مەملەکەتی خاپوور کرد، لەژێر ناوی ئیسلامی سەدان قورئانی دەسووتاند و ناخی تاکی کوردی بەو هەنگاوە دەهەژاند! بەڵام قەت کورد بیری لەوە نەکردەوە تەنانەت یەک پەڕی قورئان بسووتێنێ بەبیانووی ئەوەی لەژێر پەردەی سورەتی ئەنفال ئەنفالکرا، ئەو کارە هیچ بیانووێک هەڵناگرێ و پێچەوانەی یاسا و بنەما شەرعیەکانە و هەموو ئەوانەی باسم کرد نەک نابنە چارەسەر، بەڵکو دەرەنجامی خراپتر بەدوای خۆیدا دێنێت. داواکردنی ماف کارێکی رەوایە و لەهەمان کات ئەرکی لایەنی پەیوەنداریشە وێڕای بەکار نەهێنانی هیچ جۆرە توندییەک، خواستی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و خەمی بژێو و ژیانی خەڵک بخوات، بەڵام پێشێلکردنی مافی بەرامبەر بەناوی خۆپیشاندان و لەژێر پەردەو دروشمی تێکدان و کاولکاری و خوێنڕشتن و ئازاردانی خەڵک و راگرتنی کار و گوزەران و بەکوشتدانی هەرزەکار و سووکایەتی بەرامبەر موقەدەساتی ئایینی و فڕێدانی قورئانی پیرۆز بۆ سەر شەقامەکان، کارێکی پێچەوانەیە لەگەڵ رێنمایی ئایینی و یاسایی و هاوکات لەگەڵ بنەمای شارستانیەت یەک ناگرێتەوە. بۆیە ئەرکی هەموو لایەنەکان و حکومەتە لەم دۆخە هەستیارەدا شان بدەنە بەر هەنگاوی ئانی و چارەسەری کێشە و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و باشکردنی گوزەران و بژێوی خەڵک و سەختی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە کەم بکەنەوە، ئەمە تەنها بە هەستی بەرپرسیارانە چارەسەر دەبێت نەک بەسۆز و عاتیفەو و روژاندنی شەقام و رەچاوکردنی ئامانجی تایبەتی و سێرچی دەنگ بۆ هەڵبژاردن و کارکردن بۆ لێکترازان و لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەی تەبایی و یەکڕیزی نیشتمانی. گرنگە هاووڵاتیانیش لەهەموو حاڵەتێک بەرژەوەندی گشتی و ئارامی کۆمەڵگە و بەهای نیشتمان لەبەرچاو بگرن و بەڕێکاری گونجاو داوای مافەکانیان بکەن. ئەم هەرێمە ئەمانەت و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەمووان، چونکەی لانەی ژیانی تێکڕای هاووڵاتیانە، چۆن داوای ماف دەکەین ئەوهاش ئەرکمان لەسەر شانە و دەبێ خەمی پاراستنی کوردستان لەبەرچاو بگرین. لەدوماهیدا بەگرنگی دەزانم ئاماژە بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری پێشەوا بکەم، کە دەفەرموێ: 'نەرمونیانی لەهەر شتێکدا هەبێت جوانی دەکا، وە توڕەیی و توندی لەهەر کارێکدا هەبێت ئیللا ناشیرینی دەکات'. |