ئاینەکان لە بنەڕەتدا خێر و خۆشی و بەختەوەرین بۆ مرۆڤەکان ، هەرکات سەرزەوی ڕوناکی پەیامی خودایی تێدا کز بوبێت خودای خاوەنی زەوی و ئاسمانەکان بە ڕەحمەتی خۆی پەیامێکی ڕەوانەکردووە و دیسانەوە کائیناتی ڕوناککردوەتەوە و سەرزەوی ئاوەدان کردۆتەوە، لە دوایی تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنجسەد ساڵ لە پەیامی خودا بۆ عیسا ی نێرراو سەلامی خوای لەسەربێت کە ئەو کاتە شتێک نەمابوو بەناوی ئاینی ڕاستی خودا و لە بری خودا بەرد و دار و مرۆڤ ئەپەرسترا و نەفامی و ستەم و بێویژدانی سەرزەوی گرتبووە ، وەک ئاماژەم پێدا ئاینە خوداییەکان هەموو خێر و بەختەوەری بووە بەڵام هێشتا کامڵ نەبووبوون ، حیکمەتی خودا وابوو ئاینەکان هەموو کۆبکاتەوە و لە یەک ئایندا تەواویان بکات و ئیتر دوای ئەوە هیچ ئاینێکی دیکە نەنێرێت و دەرگای پێغەمبەرایەتی دابخات و پارێزگاری کردنی ئاینەکەش لە ئەستۆی خۆی بگرێت. لەقورئانی پیرۆزدا خودای گەورە دەفەرموێت {الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا } ئەم پەیامە پیرۆزە بۆ هەموو مرۆڤەکان بە سەرجەم نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکان و سەردەم و چاخە یەک بەدوای یەکدا هاتووەکان هەروەها هەموو جوگرافیاکانی تێپەڕاندووە بۆیە شتێکی ئاساییە ئەگەر ئیسلام لە سیبریا یان ئەوروپا و ئوسترالیا مۆرکێکی جودای هەبێت لەوەی نیمچە دورگەی عەرەبی یان باشوری ئەفەریکا . هەر لەسەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵان "درودی خودای لەسەر و ڕەزامەندی خودا لەهەوەڵانی "پیادەکردنی فەریزەیەکی گرنگی وەک زەکات بە گوێرەی سروشت و واقیعی کۆمەڵگەیەکی دیکە گونجێنراوە هەروەها قسە لەسەر جیاوزی لەهجەی شار و ناوچەکان کرا و کاریگەریشیان لەسەر خوێندنەوە و ڕاڤە و لێکدانەوە ی قورئانی پیرۆز و فتوا و پرسە فیقهیەکان هەبوو. بێگومان گۆڕانکاری لە فتواش بە پێ ی شوێن و کاتە جیاوازەکان بنەمایەکە دەکرێ لێیەوە قسەلەسەر ئەوەبکەین کە نەک ئاساییە بەڵکو پێویستە ئێمەش وەک نەتەوەیەکی جیاواز ئیسلامێکی خۆماڵیمان هەبێت و نەک شەرم یان تەکفیر و تەبدیع ی خۆمان بکەین بەڵکو شانازی بە مۆرکە جیاوازەکەی ئیسلامەتی کوردەواریەوە بکەین، زانا ئاینیەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو لە ناودارانی جیهانی ئیسلامی بوون حوجرەکان مەحکەم بوون لە ڕووی زانستیەوە ، فەقێکان پێگەیشتن و مەلاو قازی و پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتەکان بوون و ئیسلامیش ڕەنگێکی کوردانەی گرت . یەکێک لە مەنافیع سودەکانی حەج و عومرە پێکگەیشت و ناسین و ئاشنابونە بە کلتورە جیاوازەکان لە سەفەری بەجێگەیاندنی حەج و عومرەدا سەرنج دەدەم چەندین نەتەوەی ئاسیایی و ئەفەریکی و ئەوروپی ، موسڵمانی تورکی و ئێرانی هەریەکەو بەجل و بەرگی تایبەت بەخۆیان و جێبەجێکردنی دروشمە ئاینیەکان بە فتوا ی زانایانی خۆیان ئەنجام دەدەن ، گرنگە ئێمەیش ئەوە ڕونبکەینەوە کە خوداتەعالا داوای لێنەکردوین ئیلا هەردەبێت پەرستش و ئاینداری بەشێوازی عەرەبستان و زانایانی ئاینی ئەوێ یان هەر وڵاتێکی دیکە بێت ، ئاینی خودا دامەزراوە و خوای گەورە خۆی ناوی ناوە ئیسلام و شوێنکەوتوانی ناوناوە موسڵمان و هیچ مەترسیەک نیە جارێکی دیکە خەڵکی بگەڕێنەوە سەر بتپەرستی و ئەو ئیدیعا و بیرکردنەوەش کە پێیوایە ئاینداری ڕەسەنی مەلاکانی کوردستان ناڕاستە یان کەم و کورتی تێدایە و پێویستە میللەتی کورد واز لە دینداری بە تێگەیشتن ولێکدانەوەی زاناکوردەکان بهێنن چونکە شیرک و گومڕایی و سەرلێشاوییە و تەنها گروپێک فیرقەی ناجیەیە و پێویستە تەنها تێگەیشتنی ئەو زانایانە پەیڕەو بکەین هیچ بنەمایەکی نیە و ئاینداری ئیسلامەتی ڕەسەنی کوردەواری بۆ ئێمە ڕێگەی سەرفەرازی هەردوو دونیایە . * بەشێک لە خاتیرە و ئیحساساتەکانم لە پەنای کەعبەی شەریفدا ۲۹/١٢/ ٢٠٢٤ |