بەڕەغمی ئەوەی سەختی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیووین و داخوازی و وەسائیلی ژیان زۆر بوون و وەزۆر بەخێرایی گوزەرەکاو بەرەکەت لەکات کەمبۆتەوە. هەموومان بەجارێ سەرقاڵبووین و جەنجاڵی و پەشۆکاوی و ئاڵۆزییەکی زۆرمان پێوەدیارەو کاتگەلێکی زۆر بەفیڕۆدەدەین و زۆر بەکەمی دەپڕژێینە سەر ئەسڵ و کڕۆک و لوببی بابەتە هەستیارو سودبەخشەکان، بۆیێ کاتەکانمان وەهەمیش مێشک و دڵ و دەرونمان پەرش و بڵاو بوون و بەئەستەم ئەتوانرێ کاتەکانمان تەنزیم کەین و بەرنامەڕێژی ژیانمان بکەین. ئیتر ئەم هۆکارانەش وای کرد جڵەو بۆ نەفسمان شل بکەین و لەناو حەزو ئارەزو شەهوات و شوبهات و مەلەززاتی دونیا ڕوچووین و بەجارێ بوینەتە کۆیلەو دارەدەستی نەفس و ئارەزووەکانمان و بوینەتە ڕۆبۆرت و وەسیلە لەبەر دەستی ئەم نەفسی ئەمماڕەی بەدکارە. ئیدی ئەمەش وایکردووە ژیان لەسەر سیکەی خۆی نەمێنێ و پڕبێ لە نائاسودەیی و ناسەقامگیری و زوڵم و ستەم و نادادی. مرۆڤ کە مەخلوقێکی تەکریمکراوو تەکلیفراوە، وەخاوەن عەقڵ و علم وحیکمەت و خاوەن پەیامە، نابێ و ناکرێ بەجۆرێک بژی خۆی ببێنێتەوە ئاستی نزمی دروستکراوەکانی ترو ئەم هەستی قوڵی بەرپرسیارەتە فەرامۆشبکات و بەرهەم و شاکاری نەبێ و بەتەواوەتی دەست لەخۆی و بشوات و بەردات، بەڵام ڕەمەزان بەم گەورەیی و بەرەکەت و هێزو سیحرەی هەیەتی دەتوانێ جارێکی تر ژیانمان ڕێکبخاتەوەو بمانخاتەوە سەر فیترەتی ئەسڵیمان و دۆخی ژیان و دینداریمان بخاتەوە شوێنی خۆی، مانگی ڕەمەزان وەک بەهارو بوکی مانگەکان وایەو دەبێتە ئەبدێتی ئیمانیمان و فێرژنی ژیانمان، وەئاهێک بەبەرمان دادێتەوە بەرگێکی نوێ دەکاتە بەر تەواوی کایەکانی دین و ژینمان وەزیمنسازییەکی تەواومان بۆ دەکات تاکو بتوانین گۆڕانکاری دورست بکەین و بڕیاری تەندروست بدەین مەگەر تەنها ڕەمەزان بتوانێ ئەم نەفسە سەرکێشەو بەدخووەمان بۆ بسازێنێ و لاوازی بکات و سنورێک بۆ ویست و دەستەڵاتەکانی دابنێ، ئەم نەفسەی کە بە هۆیەوە خەڵتانی غەفڵەت بووین و دنیا قاچمانی بەستووەو لەساباتی هیممەت و لێبڕانماندا، شەیتان جێگەی ڕاخستووەو زۆری ئارەزووەکان ڕۆحمانی گەستووە ئەونەفسەی کە هەمیشە مرۆڤ دنەدنە ئەدات و هەڵی ئەنێ بۆ خراپەو خراپەکاری ئەم ئایەت و فەرموودانەش کەم نین کەباس لە ختوراتی نەفس دەکەن، کە پێویستە مرۆڤ سنورێکی بۆ دابنێ و جڵەوی بۆ شل نەکات بۆ نموونە هەندێ لەمانە: ( وَمَا أُبَرِّئُ نَفْسِي ۚ إِنَّ النَّفْسَ لَأَمَّارَةٌ بِالسُّوءِ إِلَّا مَا رَحِمَ رَبِّي ۚ إِنَّ رَبِّي غَفُورٌ رَّحِيمٌ ) [ یوسف/53 ] ( قَدْ أَفْلَحَ مَنْ تَزَكَّى ) [ الاعلی/14 ] ( قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا ) [ الشمس/۹ ] ..... فەرمایشتەکان جەخت لەمەدەکەنەوە " حُفَّتِ الجَنَّةُ بالمَكارِهِ، وحُفَّتِ النَّارُ بالشَّهَواتِ " " إنَّ من أعظم الجهاد في سبيل الله جهادُ النفسِ على طاعة الله عز وجل، ولا يظنَّ من لم يستطعْ مقاومةَ شهوتِه ولذَّتِه أنَّ في استطاعتِه أن يُجاهدَ أعداءَ الله ... " .. " رجعنا من الجهاد الأكبر إلى الجهاد الأصغر " .. ئیمامی عەلیش ڕەزای خودای لەسەربێ فەرموویەتی:" أفضل الجهاد جهاد النفس عن الهوى، وفطامها عن لذات الدنيا.." ... عارف و شاعیری گەورەی کوردیش حەزرەتی مەحوی- یـش جوانی فەرمووە " ئەسیر و سەیدی قەیدی کەیدو شەیدی نەفسی ئەممارەم لە دەست ئەم مارە بەدچارە، چیە چارم، خودا چارەم " - - - - - وەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕۆڵی ئێجگار گەورەو کاریگەری هەیە لەسەر بەرقەرار کردنی ئاشتی و ئاسایش و ئەمن و ئەمان، ئەویش لەبەر دوهۆکاری گەورەو گرینگەوەیە، یەکەمیان: بەهۆی ئەم کەشە ئیمانیەی لەم مانگەدا دروستەبێ و شەیتان کۆت و زنجیرەکرێ و نەفسش برسی و بێنازەکرێ ئەم دوانە هۆکاری سەرەکی تاوان و سەرپێچییەکانن. دووەمیشیان: بەم داواو تەکلیفەی لێمان کراوە کە بەهۆی ئەم مانگەوە ئاشتبینەوەو ئاشتەوایی و تەبایی و مەحەببەت پەخشکەین و ڕێگری لەهەر ئەگەرێک بکەین کە سەر بۆ شەڕو ئاژاوەو فیتنەو فەسادی و بەرێ چۆن داوامان لێکراوە خۆمان لە خواردن و خواردنەوە بگرینەوەو دەست هەڵگرین لێیان ، ئاواش داوامان لێکراوە لە هەموو ئەوشتانەش دوورکەوینەوە کە دەبنە هۆکاری و پشێوی و ئاشوب، وەسەردەکێشن بۆ شەڕو شۆق و پێکدادان و تێکگیران. " ...ينبغي للصَّائِمِ إن سابَّه أحدٌ أو قاتَلَه أن يقولَ جهرًا : إنِّي صائِمٌ " " مَن لم يَدَعْ قول الزُّور والعملَ به والجهلَ، فليس للهِ حاجةٌ أن يَدَعَ طعامه وشرابه ". بەئومێدی ئەوەین ئەم ڕەمەزانە تەواو جیاوازبێ و تەوبەو پەشیمانی تەواو دەربڕین و، دیندارییەکی تەواو تێرو تەسەل و تەندروستی تێدا ئەنجام بدەین و، لێوان لێوی کەین لە عیبادەت خواپەرستی و گوڕانکارییەکی ڕیشەیی و هەمیشەییمان تێدا دروست بکات کەبەشی تەواوی ژیانمان بکات، یانیش لانی کەم بەشی یازەدە مانگەکانی ترمان بکات. |