....... شەوی قەدر وەرچەرخانێکی گەورەی گەردوونی ڕوودەدات و فەیزات و تەجەللی خودا جیلوەدەکاو سۆزی خوا دێتەجۆش و، ئاسمان و زەمین بەتەواوی دەسازێن و لەبارن بۆ ئەنجامدانی جوانترین نایابترین بەندایەتی و، پڕۆسەیەکی گەورەی پاکبونەوەی ساڵانەی بەندەکانی خودایە، کەتیایدا ئاسمان و زەمین، وەهەم فریشتەکان و مرۆڤەکان دەستلەملان و یەکانگیرن، خودای گەورە لەوشەوەدا بەندەکانی خەڵات دەکاو وەک سوڵتانی کائینات مامەڵە لەگەڵ بەندەکانیدا دەکات، چاو لەلاریی و ماهییەت و پەرێشانی ڕۆحی گوناهکاران، کۆیلەکان، سواڵکەران و ماحتاجان ناکات، بەڵکو بە گوێرەی مەزنیی خۆی چاکەیان له ڕوودا دنوێنێت و لوتف و میهرەبانی خۆیان بەسەردا دەبارێنێ، ئیدی کێ هەیە پێویستی بەخواو پێغەمبەرو قورئان و دوعا نەبێ، وەگرینگە لە دوعاکردن یەکتریمان بیرنەچێ و ئەنانی نەبین، کەوایە ئەو هەوڵانەی کەلەپێناو فەتحکردنی دڵەکان دەدرێن ئەگەر بچووکیش دەربکەون، لای خوا زۆر گەورەن، بیرکردنەوە لەم جۆرەو هەوڵدان لەم بوارەداو دوعاکردن بۆ ڕوودانی ئەمە هەڵوێستێکی پێغەمبەرانەیە. خودا بەهەشت بەبەها نادات، بەڵکو بەبەهانە دەیدات، واتە، هیچ کام لە ئێمە ناتوانین بەهەشت بەبەندایەتیکردن وەدەست بێنین و بەپەرستشەکانمان ناتوانین بەهەشتی خوا مسۆگەر بکەین، بەڵام خودا هێندە بەڕەحم و سۆزو دڵسۆزە بۆ بەندەکانی، بەدوای بەهانەیێ دەگەڕێ تاکو پێیەوە بەهەشتمان پێ بدات، ئەم شەوی قەدرەش یەکێکە لەم بڕوبیانوانە کەخوا لەم ڕێیەوە دەیەوێ پاکمان کاتەوەو بەرزمان کاتەوەو بمانخاتە بەر میهرو بەهەشتی خۆیەوە، _ لەبەر گەورەیی و شەڕافەت و نەجابەت و خاترو قەدری حەزرەتی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێت، خودا هەرچی خێرو فزڵ و بەرەکاتە، کە بەئوممەت و گەل ونەتەوەکانی پێشینانی دابێت، بەم هەموو جوهدو کۆشش و تەمەنی زۆریانەوە، ئوممەتی پێغەمبەری خواشی بەم تەمەنە کورت و کەمەوە، لێ بێبەش نەکردوە، ئەوەتە میللەتانی پێشان گەر پێویستیان بەهەزار مانگ بوبێ تاکو ئەم دەرەجەو فەزڵە وەدەست بێنن، ئوممەتی ئیسلام بە بەندایەتی تەنها شەوێک دەتوانی ئەمە چنگ بخات، ڕاستە تەمەنی ئوممەت بەبەراوورد لەگەڵ تەمەنی میللەتانی پێشو زۆر کەمە، بەڵام تەمەنێکی پان و پڕ لەخێروبێرە، بۆیەش خودا ئەم خەڵاتە گەورەی بە ئوممەت بەخشی و دەفەرموێت: * ( إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةِ الْقَدْرِ* وَ مَا أَدْرَاكَ مَا لَيْلَةُ الْقَدْرِ* لَيلَةُ القَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ* تَنَزَّلُ الْمَلائِكَةُ وَالرُّوحُ فِيهَا بِإِذْنِ رَبِّهِمْ مِنْ كُلِّ أَمْرٍ* سَلامٌ هِيَ حَتَّى مَطْلَعِ الْفَجْرِ ). _ ئیدی هیچ شەوێک بەلای خوداوە لە شەوی قەدر گەورەترنیەو وەهیچ ڕۆژێکیش لە ڕۆژی عەرەفە گەورەترنیە، شەوی قەدریش خودا بەهۆی دابەزینی قورئانەوە لە لەوحی مەحفوزە بۆ بیت العزەی ئاسمانی دونیاوە، ئەم شەئن و شەوکەت و شەڕافەتەی پێداوە، کەلە چەند شوێنکی تر باس لەمەکراوە، وەک، * ( شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ.. ) البقرة/۱۸٥ * (إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُّبَارَكَةٍ.. )الدخان/۳. - شەو بەلای عاریفان و مەردانی خوا، ڕەمزی خواپەرستی و کاتی خەڵوەو ڕازونیازو موناجات بوە لەگەڵ خودای خۆیان، هەموو شەوێکیان بەشەوی ویساڵ و ژوان و دیدەنی خوا زانیوەو بە دەرفەت و فرسەتێکی گەورەیان زانیوە تاکو لە ڕێیەوە ڕەزامەندی و خۆشەویستی خوا وەدەست بێنن، حەزرەتی مەولەوی نازدار چەندە جوان باس لەوەدەکات و دەفەرموێت: " شەو خەڵوەتگاهی بەینی یارانە جێـی ڕازو نیازی دەردەدارانـە فرسەت غەنیمەت ماڵ بێ ئەغیارەن عـالـەم نـووستگن دۆست خـەوەردارەن ئیرادەم ئیدەن وەکەڵپوسەوە شەو ناڵێن خۆشە بەلای دۆستەوە " - شەوی قەدر وەک ئەوەیە پێمان بوترێت، " نرخی ئەوشەوە بزانن تاکو نرختان بزانرێت " چونکە خێری بەندایەتیکردنی تیادا لە هەزار مانگ زیاترە، هەزار مانگ، دەکاتە هەشتاو سێ ساڵ و چوار مانگ، بۆیە شەوی قەدر لەم ڕوانگەیەوە، کەلە شەوێکدا بەرهەمی مەعنەوی تەمەنێکی دوورو درێژ بۆ مرۆڤ فەراهەم دەکات، لەبەر ئەوە گرینگە ئەم هەلە لە دەست نەدرێ و فیداکاری بنوێنرێت، - خودا بەهۆی ئەم قورئانە کە گەورەترین و پیرۆزترینەو، حەزرەتی خۆشەویست کە ئەزیزترین و ڕێزدارترینەو، ئوممەتەکەی کە زۆرترینتەو، لەبابەتی پەیبردن بە حەقیقەتدا لە پێگەیەکی ناوازەدایە، خودا ئەم خەڵات و شەڕەفەی بەم شەوەو بە ئوممەت بەخشی، ئەم بەشاڕەتەش بۆ ئەوەبەسە کە حەزرەتی نازدار درودی خوای لەسەر بێت، فەرمویەتی: " مَن قام ليلةَ القدر إيمانًا واحتسابًا، غُفر له ما تقدَّم من ذنبه " ... - کاتی شەوی قەدر: هەر وەک کاتی دوعاگیرابوون لەشەو و ڕۆژی جومعەداو، ناوی هەرە مەزن لەناو ناوەکانداو، حەزرتی خضر لەناو کەسەکاندا، شارراونەتەوە، شەوی قەدریش له کۆتا دە شەوی ڕەمەزاندا شاردراوەتەوە، موڕادی ئەمەش بریتیە لەوەی ئیمانداران بەردەوام هۆشیار بێداربن هەمیشە، لەناو عیبادەت و تاعەتدا بن و هیچ دەرفەتێکی چاکەکردن بە فیڕۆ نەدەن، حەزرەتی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێ، شەوی قەدری دەزانی، ئەوەتا فەرموویەتی، پێم وترابو شەوی قەدر کەیە، چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی بە خەڵکی ڕابگەیێنم، بەڵام دوو کەسم بینی خەریکی مشتومڕو دەمەقاڵی بوون، سەرقاڵ بووم بەوانەوە، ڕۆژەکەم لەبیرچووەوە، بەمەش هێما دەکات بۆ ئەوەی کە بچوکترین، ناسازی و ناکۆکی موسڵمانان چەند دڵی ئەو زاتە ئازار دەدەن و دەبێت بە هۆکاری چ کارەساتگەلێک، - ئیدی گرینگە هەموو شەوێک بەقەدرو هەموو کەسێک بە خضر بزانین، چونکە گەر له دڵەوە وابەستەییمان بەخواوە نەبێت، نەقەدرو نە خضریش دەدۆزینەوە، ئەوانەی حەزیان لەهەرزانی و خێراییەو،ناتوانن بەتەواوەتی سوود لەشەوی قەدر وەربگرن، ئەوان دەیانەوی بەدرێژایی ساڵ پاڵی لێبدەنەوە و تەنها شەوی27ی ڕەمەزان زیندوو بکەنەوەو خوای گەورەش هەموو لوتفەکانی تایبەت بەشەوی قەدریان بەنسیب بکات، ڕاستیەکەی ئەگەر ئیحسان و لوتفی دەراسای خوایی نەبێت شتی لەم جۆرە زۆر دەگمەنە، بۆیە ئیمامی ئەبوحەنیفە دەفەرموێت: " دەبێت لەهەموو شەوانی ساڵ بەدوای شەوی قەدردا بگەڕێیت، نەک تەنها لەشەوانێکی دیاریکراودا " ئەگەر ئێوە ئێوە هەموو شەوێک زیندوو بکەنەوە، خوا ئەویشتان بەنسیب دەکات. ٭ گرینگترین سونەت و ئاداب و ئەتەکێتی شەوانی قەدر: - گەر گەرەکمانە خێری تەواومان دەستگیربێ، باهەر دە شەوەکەی و زیندووکەینەوەو هیچ بەشێکی شەو بەهەدەر نەدەین و بەکەمی نەزانین، چونکە هەرساتێک لەم شەوانە وەکو خەزێنەیەکی گەورەی گران بەها وان، وەدەرفەتی ساڵ و لەوەش ئەچێ کۆتا دەرفەت بێ چونکە هیچ کامێکمان زەمانتی ئەوەمان نیە ئاخۆ ساڵێکی تر بەنسیبمان دەبێتەوە یاخود نا - تەواوی شەوەکە بە عیبادەت و خواپەرستییەوە سەرقاڵبین نەک، بەقسەکردن و غەیبەت و بازاڕی دونیای و شتی تر - هەشیاربین بۆ دەستخستنی خێری شەوەکە، فەریزەی نوێژی بەیانیمان لەدەست نەچێ، زۆرکەس خۆی ناگرێ و نوێژەکەی دەدۆڕێنێ - بەمەرج نەگیراوە ئیلا دەبێ لە مزگەوت بێ، نا لەهەر شوێنێک بێ دەتوانیت شەوەکەی زیندووبکەیتەوەو عیبادەتی تیادا ئەنجام بدەیت - دوعای زۆری تێدا بکەین، بەتایبەتیش ئەم دوعایەی کەلەحەزرەتی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێ وارد بوە، " اللهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّا " - ماڵ و منداڵ و خاوو خێزانمان هەشیارکەینەوەو هانیان بدەین بۆ ئەوەی ئەوانیش لەم خێرە مەحروم نەبن، چونکە حەزرەتی خۆشەویست درودی خوای لەسەربێ وای کردوە، لە خاتو عائشەی دایکی ئیمانداران دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: كَانَ النَّبيُّ ﷺ إذَا دَخَلَ العَشْرُ شَدَّ مِئْزَرَه، وأَحْيى لَيْلُهُ، وَأَيْقَظَ أَهْلَهُ . - گرینگە مرۆڤ لەم دەشەوەی سونەتی ئیعتیکاف زیندووبکاتەوە، کەبەومانایە دێت، مرۆڤ بەنیەتی بەندایەتی نیەتی مانەوە لەمزگەوت بێنێ و دەرنەچێ مەگەر بۆ عوزرێکی شەرعی و پێویست نەبێ، کە هەندێک لە زانایانی ئیسلام ئیعتیکافیان بەهەڵوێستی کەسێک چواندووە، کەلەدەرگای زاتێکی مەزندا دەدەنیشێت و دەڵێت هەتا داواکارییەکەم جێبەجێ نەبێت ناڕۆم. - قورئان خوێندن و شەو نوێژو، سەدەقەو، ئەورادو ئەزکارو، سەڵەواتدان و، دەستگیرۆیی هەژاران ...تاد، پێویستە هەموو دەرفەتەکان بە ئاڕاستەی سوود وەرگرتن لەم شەوەدا بەکار بهێنرێن. - نەخەوتنی دوای نوێژی بەیانی تاکو ڕۆژ هەڵات و خۆخەریکردن و بەبەزیکری خوداو دوترایش کردنی نوێژی چێشت تەنگاو، حەزرەتی خۆشەویست دەفەرموێت: " خێری حەج و عومرەیەکی تەواوی تەواوی تەواوی بۆ دەنوسرێت " - شەوی قەدر شەوێکی ئارام و بێدەنگ و نەرم و هادئەو دڵی ئیمانداران تیایدا پڕ لە ئارامی و سەکینەت دەبێ، لەڕوی کەش و هەواوە مام ناوەندو، ڕۆژ هەڵاتنی بەیانیەکەشی کزو لاوازو تیشک و ڕوناکی و گەرمیەکەی وەکو ڕۆژانی ئاسایی نابێ. |