..... بەحوکمی ئەوەی شەو نیوەی ژیانمان پێک دێنێ و کاریگەری لەسەر نیوەکەی تریش هەیە، بۆیە گرینگە باش ئاگاداری شەوبین و بەتەندروستیەوە مامەڵەی لە تەکەوە بکەین، چونکە گەر گەرەکمانە ڕۆژێکی گەش و پڕ خێرو وزەمان ببێ مەفروزە ژیرانە بۆ شەو بڕوانین و لە سودی خۆمان بەسەری بەین، خوا حیکمەت و ڕازو نهێنی گەلێکی زۆری لە شەو دانایەو زۆربەی هەرەزۆری ڕوداوو گۆڕانکاریە گەورەکانیش لە شەودا ڕوویانداوە، وەخوا شەوی گێڕاوە بە هۆی داپۆشین و ئارامی و ڕاحەت و پشووەوە ( .. وَجَعَلَ اللَّيْلَ سَكَنًا.. ) [الانعام/۹٦] ( وَجَعَلْنَا نَوْمَكُمْ سُبَاتًا ) [النبأ/۹] ( وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ لِبَاسًا ) [النبأ/۱۰] - - - بۆیە عاریفان و عاشقان و دۆستانی خودا شەویان بەنەزەری ئیعتبار وەرگرتووەو بەچاوێکی گەورەو تایبەتەوە بۆیان ڕوانیووە، هەمیشە شەو مەیدانی مەردانی خوداو خەلوەو خەباتی خۆشەویستان و خواپێداوان بووە شەو بەلای دۆستانی خوا، ڕەمزی خواپەرستی و کاتی دەردەدڵی و داوای دەوای دەردی دڵان بووە، هەموو شەوێکیان بەشەوی ویساڵ و ژوان و دیدەنی خوا زانیوەو بە دەرفەت و فرسەتێکی گەورەیان زانیوە تاکو لە ڕێیەوە ڕەزامەندی و خۆشەویستی خوا وەدەست بێنن، وەبەردوام زەمینەی شەو شازترو سازترو لە بارتربووە بۆ بەندایەتی و ڕازو نیازو موناجات و لیقای خودا، وە مێشک و دڵ و دەروونی مرۆڤ جەمعترە بۆیە گەر دەتەوێ کاریگەری لەسەر کەسێ دروست بکەی و قسەکانت باشتر شوێنی خۆیان بگرن و ئامانجەکەی باشتر بپێکی شەو هەڵبژێرەو لەشەودا ئەوەبکە کەدەتەوێ بیکەی، ئەی بۆ نایکەین و دەستەوەستانین، چاوەڕێی چی دەکەین ئەدی مەگەر لەناو گەورەترین فرسەت و دە شەوی ساڵدانین؟! ئێستاش فەرموون ئێوەو مەحوۍ گەورەو نازدار کە بەچ شێوازێکی ناسک و قوڵەوە باس و وەسفی شەوی کردووەو لەڕازو نهێنی و حیکمەتەکانی ورد بۆتەوە: شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نووری هودان شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو ئەم سیا ڕۆزی منە پۆشیویە عەیبی کەسان ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەهکارانە شەو بۆیە زوڵمەت پۆشە، نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماهـ و ئەستێرانە شەو نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەم ترێ تا ڕۆژی حەشر پەردەپۆشە، هەمدەمە، هەمدەردی عوششاقانە شەو شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا وەک منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا، بۆ هەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو! تیرەگی وا فەزڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو هەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەهلی نیاز ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەهی خاسانە شەو تێ بگە بۆ چی بە جانن تالیبی شەو عاشقان: نیوەشەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شەو هێندە ساحێب سڕە، میعراج و شەوی قەدر و بەرات خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو هەر کەسێ تالیب بە دوڕی مەعریفەت کۆکردنە پڕ لە دوڕ دەریایەکی بێ مەهلەکەی خنکانە شەو وەک خزر ئاوی حەیاتی فەیزی حەق عافێتییە ئەو خودا پێ داوە مەحوی! تا سەحەر ناڵانە شەو ... نووری ڕوخسارت وەدەرخە، دەردی بێدەرمانە شەو زوڵمەتی زولفت لە سەر ڕووتە، لە ڕۆژ میوانە شەو دوێ، شوکور مەردانە من ڕێم بردە ناو زولفی ڕەشی تا بزانن خەڵکی موڵکی دڵ، قەڵای مێردانە شەو هەر لە مەغریب تا بەیانی بێ وچان دێت و دەچێ هەر لە دووی خورشیدی خاوەر وێڵ و سەرگەردانە شەو کوێر و نابینایە ئێستا ئەو لە داخی ڕۆژی ڕووت بۆیە ڕەشپۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانە شەو قەدری شەو چا بگرە چاوم! شەمع و پەروانە دەڵێن سۆز و گریەی شەمع هەر شەو، سووتنی پەروانە شەو عاشق و مەعشووق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵک گەر پەنای چاکت دەوێ بۆ ئەو دووە، بڕوانە شەو هەستە «کامیل»، بەسیە بێداری، بڕۆ لێی وەرکەوە! تا وڵات بێ دەنگ و باسە و تا لە ڕۆژ میوانە شەو سەید کامل ئیمامی ... شەو خەڵوەتگاهی بەینی بەیارانە جێی ڕازو نیازی دەردەدارانە شەوان خەڵوەتەن, ماڵ بێ ئەغیارەن عالەم گشت لە خەو, دۆست خەوەردارەن ئیرادەم ئیدەن وە كەڵپوسەوە شەو ناڵین خۆشە بە لای دۆستەوە مەولەوی .. بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم؟ بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم؟ مەحوۍ ... شەوان خەڵوەتە، یار بێ ئەغیارە گشت لایێ نوستوون، دۆست خەبەردارە پیرەمێرد شەوان شەو ناڵە و ڕۆژان ڕۆمە ئاهو حەسەرەتی دوریەكەی تۆمە ئەحمد موفتی زادە. |