د.عبدالله شێرکاوەیی* یەکێتی زانایان پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ئەکادیمی و ئایینیەکان پەیدا کردووە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتێکی وەک میسڕو ناوەندێکی گەورەی ئەکادیمی وەک مەشیخەی ئەزهەری شەریف، تا رادەیەک پەیوەندی هەردوولا گەیشتۆتە ئاستی ئالوگۆڕی زانستی و رۆشنبیری و کردنەوەی خولی ئەکادیمی و پەرەپێدانی تواناکان و هاتنی شاندی فەرمی لە مەشیخەی ئەزهەر بۆ کوردستان و، بە پێچەوانەشەوە رۆیشتنی شاندی فەرمی هەرێم بۆ ئەزهەر، کە ئەمە دەرخەری ئەو راستییە ئاستی پەیوەندی و زانستی مەلای کوردو مێژووی پڕ شکۆی گەورە زانایانی کورد کاریگەری زۆریان لەسەر جیهانی ئیسلامی هەبووەو فاکتەری پەیوەندی مێژوویی نێوانیان لە رووی میراتی زانستی و پابەندبوون بە رێڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی راگرتووە. لە ساڵی 2009 و تا ئێستا بە شێوەی پرۆتۆکۆلی ئەو پەیوەندییە جێگیر کراوەو هەر بەردەوام بووە، لەمیانەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان یەکێتی زانایان و ئەزهەر هەبووە، چەندین خولی شیاندن و ئاڵوگۆڕی مەعریفی و گەشەپێدانی توانای مرۆیی لەمەڕ پرسە هاوچەرخەکان بەرێوە چووە، سەدان مەلای کورد بەشداری تێدا کردووەو کاریگەری باشی لەسەر ئاستی پەیوەندی و بە تایبەت لە رووبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و گەشەپێدانی تێگەیشتنی دروست لە چەمکە ئایینیەکان روونکردنەوەی بابەتی هاوچەرخ و بەرەو پێشبردنی بواری فەتواو پاراستنی کلتورو توراسی زانستی رێبازی گەورە زانایانی ئۆممەتی ئیسلامی ناوەتەوە.. ئەمجارە شاندێکی باڵای ئەزهەر کە پێکهاتبوو لە بەرێزان دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەرو بەڕێز دکتۆر سەلامە جمعە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر و بەڕێز وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەرو بەڕێز ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر؛ بەمەبەستی بەشداری لە دیداری زەڵمی و دانیشتن و بەسەرکردنەوەی دەزگاو ناوەندە ئیداری و پیشەیی و ئەکادیمییە ئایینیەکان و سەرکردایەتی سیاسی کورد، مایەی خۆشحاڵی و جێی دڵخۆشیەکی زۆر بوو، چونکە حوزوری ئەم شاندە باڵایەی ئەزهەر لە کوردستان هێمایەکی گرنگە لە قوڵترکردنەوەی پەیوەندی نێوان زانایانی کوردو زانایانی ئەزهەری شەریف لەلایەک و، پاڵپشتیەکی گەورەشە بۆ درێژکردنەوەی نەهجی مەلای کوردو ناساندنی پتری مێژووی کەڵە زانایانی کوردستان بەرووی دەرەوە لەلایەکی ترەوە، هەروەک هێزێکی تر لە ئاستی ناوەندێکی باڵای ئەکادیمی وەک ئەزهەر دەداتە گوتاری ئایینی لە هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و قوڵکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و میانڕەوی و یەکتر قەبوڵکردن و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و ئیبرازکردنی رۆڵی کوردستان لە پارێزگاریکردن لە ئایین و مەزهەب و کلتورو بەها نەتەوەییەکانی خۆی وەک گەلێکی موسڵمان. بەرێوەچوونی چالاکیەکی وا گەورە – دیداری زەڵمی - لە هەولێری پایتەخت و بە بەشداری راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم رێزدار نێچیرڤان بارزانی؛ ئاماژەیە بەوەی کوردستان شوێنێکی ئارامەو بایەخ بە چالاکی رۆشنبیر و برایەتی و ئاشتی دەدات و ئەزموونی هەڵکەوتووانی خۆی بەرز رادەگرێت، نوێکردنەوەی ئەو پەیوەندیە لەگەڵ زانکۆی ئەزهەرو مەشیخەی ئەزهەر داڕشتنەوەو نوێکردنەوەی ئەو هێڵە گرنگەیە کە لە ئایندە زانایانی کوردو نووسەرو رۆشنبیرانی گەلەکەمان سوودی لێ وەردەگرن، کردنەوەی دەرگایەکی گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی تەجرەبەو تەوزیفکردنی چەمکە ئایینیەکان و گەشەپێدانی زانستی و فکری و فەرهەنگی و پەیڕەوانی دینداری و بەتایبەت وتاربێژانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە سوود وەرگرتن لە ناوەندێکی باڵای وەک ئەزهەر هزرو تێڕوانینیان فراوان و دووربینانەتر خۆی ببینێتەوە لە گەیاندنی پەیامی ئایینی و مرۆڤدۆستی و پارێزگاریکردن لە رێبازی زانستی زانایانی سەروەرمان. بۆیە شاندی ناوبراو کە هاتە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و لە دیداری نێوان هەردوولا زۆر راشکاوانە باس لە پەیوەندی نێوان هەردوو دامەزراوە بە گرنگ وەسف کراو بە یەکێ لە شانازییەکانی هەردوولا لەبواری خزمەت بە ئیسلام و مرۆڤایەتی ناوبرا، تەئکید لەوە کرایەوە کە حوزوری ئەزهەر لە گەڵ زانایانی کورد گرنگە، چونکە ئەزهەر پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەناو کورد، هەم بە حوکمی مێژووی پەیوەندی و هەمیش لە کاریگەری ئەزهەر بە سەر جیهانی ئیسلامی، گرنگی ئەم پەیوەندییە بۆ کوردستان لەپێناو پارێزگاری لە میانڕەوی و نەهێشتنی هەڵەتێگەیشتنی ئایین و بە زانستی لێکدانەوەی دەقەکان و ئاڵوگۆڕی زانستی و هەماهەنگی لە پرسە نوێیەکان زۆر گرنگە، ئەمەش وا دەکات زەمینەی شیاندن و پێگەی هەرێم لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی زیندووتر بکەوێتە بەرچاوەوە. هەر لەم سەردانەیان بۆ یەکێتی زانایان بە دەرفەتم زانی بە تایبەت چەند پرسیارێک ئاراستە فەزیلەتی دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر بکەم، سەبارەت بە سەردانیان بۆ هەرێم و تێڕوانینیان لە هەمبەر کوردستان و رۆڵی زانایانی کوردو پەیوەندی نێوان یەکێتی زانایان و مەشیخەی ئەزهەرو بەشداریان لە دیداری زەڵمی و دامەزراوەی ئەکادیمی و پیشەیی و حکومی و تەنانەت دیداریان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد خۆشبەختانە بەم شێوە تێڕوانینی خۆی لەسەر کۆی سەردانەکەو بەشداری چالاکی و دیدارەکان دەربڕی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین لە کوردستانین و کۆمەڵێک دیدارمان ئەنجامدا، دەبینین پێشکەوتنی گەورە لە هەموو بوارەکان هەیەو ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زۆرو باش هەیە، کە سەردانی قەڵای هەولێرو پەیمانگای ئەزهەرو کۆمەڵێکک دامەزراوەیی حکومی و فەرمیمان کردو گفتوگۆی تێرو تەسەل لەبارەی هەندێ پرس کە لە بەرژەوەندی گشتی و هەردوولا دایە، بەتایبەت لە بواری پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ئەزهەرو زانایانی کوردستان، بۆیە ئەمرۆ کە لە یەکێتی زانایانین و دیداری گرنگمان هەبوو گفتوگۆی باش کراو وێنایەکی باشمان بەرچاو کەوت لەوەی زانایانی کوردستان لە ئاستێکی باشی پێشکەوتن دان و بە ئاستێکی بەرزی زانستی هەنگاو دەنێن. بە تەئکید رۆڵی زانایانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و ئەرێنیە، ئەوەی ئێمە بینیمان بەتایبەت کە بۆیان باسکردین یەکێتی زانایان لەوەتەی دامەزراوە هەوڵی ئەوەی داوە بە دەستە جەمعی کار بکەن بەتایبەت لە بواری فەتوا، کە ئەمە هەنگاوێکی خوازراوە لەم سەردەمەو پێویستیەکی حەتمی گرنگە بۆ رەوشی فەتواو دۆزینەوەی چارەسەری شەرعی بۆ پرسەکان، دەرکردنی ئەو هەموو بڵاوکراوە کە ئێمە بینیمان لە کتێبخانەی یەکێتی زانایان بەڵگەی ئەو راستیەیە کە یەکێتی زانایان خزمەتی کردووەو توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ شتە نوێ و بابەتە هاوچەرخەکان هەیە. ئێمە لە کوردستان دیدارێکمان هەبوو لەگەڵ بەرێز سەرۆک مەسعود بارزانی؛ ئەو پیاوێکی خاوەن ئەزموونی زۆرو و کەسایەتیەکی مێژوویی گەورەیە، دەرفەتێکی گرنگ بوو لە نزیکەوە پێکەوە دانیشتین و گفتوگۆی باشمان کرد، بەتایبەت ئەزمون و خوێندنەوەی ئەو بۆ ئەو ئەزمەو ئاڵنگاری و گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە روو دەدەن گرنگە، بۆیە دیدارەکەمان دیدارێکی بەرهەمدارو مێژوویی بوو، باسی پەیوەندی نێوان گەلی میسڕو گەلی کورد کرا، کە خالی هاوبەش و دۆستایەتی دێرین هەیەو جەخت لە پاراستن و پێشخستنی کرا، کۆمەڵێک بابەتی تری پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی ئیسلامی بە گشتی و ئەو ئەزمون و ئارامی و پێکەوەژیان و هەوڵی بەرەنگاری بیری توندڕەوی بەتایبەتی تیشکی خرایە سەر. کوردو گەلی میسڕ پەیوەندی دێرین و مێژوویی گرنگیان هەیە، کەس نیە ناوی سەرکردەی دیار سەلاحەددینیی ئەیوبی نەبیستبێت، کە فەزڵی بەسەر هەموو ئۆممەتی ئیسلامیی بەگشت یو گەلی میسڕ بەتایبەتی هەیە، پەیوستی ئەزهەری شەریف و گەلی میسڕ بەو سەرکردەیە شتێکی دانەبڕاوە، چونکە سەلاحەددین بوو مەزهەبی ئیمامی شافیعی گەیاندە میسڕو بلأوی کردەوە، ئەوەش دەزانین یەکەمین رۆژنامە بەناوی (کوردستان) لە قاهیرەوە دەرچوو، بۆیە پەیوەندی نێوان گەلی میسڕو گەلی کورد شتێکی کەم و تازە نیە، بگرە ئەمە پێویستی قسە لەسەر کردن ناکات، چونکە هەر کەس بڕێک شارەزایی و مەعریفەی هەبێت دەزانێت ئەم پەیوەندییە کۆن و لە ئاستێکی بەرز بووە، لێرەوە تەئکید لە پەیوەندی نێوان هەردوولاو کوردستان دەکەینەوەو بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامەی لێرە وەرمانگرن دەگەینینە شوێنی خۆی و لەگەڵ شێخی ئەزهەریش باسی لێوە دەکەن" . ماوەتە بڵێم؛ ئەم سەردانەی شاندی ناوبراو بۆ کوردستان سەردانێکی ئەرێنی و گرنگ بوو، لەهەمان کات رۆڵی گەورە دەبینێت لە گەیاندنی وێنایەکی جوانی دۆخی هەرێم لەرووی ئایینی و زانستی و جیهانبینی و پێکەوەژیان و میانڕەوی و پەیامی ئاشیتیخوازی، لەهەمان کات رایەڵەی پەیوەندییەکان نوێ دەکاتەوەو دواجار بە قازانجی زۆر بۆ کوردستان و زانایانی ئایینی تەواو دەبێت و بەرهەمی تایبەتی بۆ میراتی زانستی و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی تێگەیشتنەکان لە ئایندە دەبێت. *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. |