د.عبدالله شێرکاوەیی* ئاڵا هێماو پیشاندەری شوناسی نەتەوەییە، رەنگ و نەخشەکەی بەڵگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیەکی خاوەن جوگرافیا‌و زمان و فەرهەنگ و بوونە، بەدرێژایی مێژوو هەموو میللەتان بەجیاوازی شوێن و زمان و ئایینەوە ئاڵای خۆیان هەبووە، بەپێی تۆخبوونی چەمکی دەوڵەت و نەتەوەکان ئاڵا زیاتر رۆڵ و واتای خۆی دروست کردووە، لە ئێستادا ئاڵا وەک رەمزێکی دیار‌و سیمبولێکی هەڵقوڵاوی خاک و خەڵکی هەر وڵات و نەتەوەیەک پێگەو مانا‌و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر وڵاتێکیش بە ئاڵاکەیەوە دەناسرێتەوەو هەر ئاڵایەو بە شێوەیەک لە شێوەیەکان پێناسەی ئەو وڵاتەیەو تایبەتمەندیەکانی هەر وڵاتێک لە ناو ئاڵاکەیدا خۆی دەنوێنێت. ئاڵای کوردستان بۆ یەکەم جار لە 17ی12ی1945 لە کۆماری مهاباد بەرز کرایەوەو بووە سیمبولی بەرخودان و شۆڕش و کڵپەی زەنگی شەڕەف و هەستانەوەو گیانفیدایی بۆ نەتەوەیەکی بەشمەینەتی زوڵم لێکراوی دابەشکراو، کە تایبەتمەندی و پێگەو واتا‌و مێژووی خۆی لەناو دڵی ملیۆنان رۆڵەی کورد جێگیر کردووە، پەرلەمانی کوردستانيش لە 19ی6ی2009 رۆژی 17ی کانونی یەکەمی وەک رۆژی ئاڵا دیاری کرد. کورد مافی خۆیەتی وەک باقی وڵاتان ئاڵای تایبەت بەخۆی هەبێت، نەخاسمە ئاڵایەک کە نەخشە و شێوەی لە بوونی رەنگی سوور‌و سپی و سەوزو خۆری بیست و یەک تیشکی، کە تەعبیرە لە مێژووی نەتەوەیەکی ستەم لێکراو بەدەستی دوژمنانی رێی خەبات و گەیشتن بە مافی چارەنووس و ئازادی و سەربەخۆیی، رەنگی سوور بەواتای شۆڕش و شەهامەت و گیانفیدایی و خوێنی شەهیدان و هەستی پارێزگاری لە گەل و نیشتمان دێت، رەنگی سپی بە واتای گەلێکی ئاشتیخواز‌و مرۆڤدۆست و ژیانویستە، رەنگی سەوز بەمانای ئومێد‌و ئارامی و سروشتی نیشتمان و ئاوەدانی و ژینگەو تەنانەت بەشێک لە فەرهەنگی وڵاتان دەیگێڕنەوە بۆ هەبوونی باوەڕی ئایینی، بۆیە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی رەنگی سەوز لە ئاڵاکانیان هەیە، خۆریش بەواتای جەژنی نەتەوەیی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی دێت. بەدرێژایی مێژوو هەموو گەلان سوودیان لەوە بینیوە، کە ئاڵای خۆیان هەبێت و لە کاتی ئاشتی و جەنگ و بۆنەو خۆشی و ناخۆشی و نمایش و کێبڕکێی سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازی ئیرادەو بوونی خۆیان بسەلمێنن و گوزارشت لە هێزو توانا‌و تایبەتمەندی و کلتورو پێکهاتەی نیشتمان و وڵاتەکەیان بکەن. ئایینی پیرۆزی ئیسلام واقعیانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کردووەو ئەم جۆرە لە گوزارشت و شوناسی نەتەوەیی نەک رەفز ناکاتەوە، بەڵکو لەناو موسڵمانانیش شەرعیەت بە بوونی ئاڵا بۆ گوزارشتکردن لە بوون و ناسین و سەروەری و رەمزی پێکهاتەو سیمبولی دەستی سەرکردەی پارێزەر دەدات و بە رەوای دەبینێ هەر گەل و میللەتێک ئاڵای خۆی هەبێت، تەنانەت پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاڵای هەبووە، وەک ئیبن عەباس ریواتی کردووەو دەفەرموێ: ئاڵای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رەنگی رەش و سپی بووە. وە لەسەردەمی ئەودا هەڵکراوەو دراوەتە دەست کەسانێکی خاوەن هێزو ئیرادە بۆ پێشەنگی و سەرکردایەتی کردنی ئەو دەستەو کۆمەڵەیەی لەشێوەی سوپا بۆی دیاری کراوە، بەتایبەت لە کاتی جەنگدا ئاڵا هێمایەک بووە بەدەستی سەرکردە بە مەبەستی یەکڕیزی موسڵمانان و ئاراستەی جەنگاوەران و هێمایی یەکبوونی هەڵوێست و هیممەت و تۆکمەیی سوپا، تەنانەت کاتێک سوپای موسڵمانان لەگەڵ سوپای رۆم روو بەڕوو بوونەوە، بەبایەخەوە ئاڵای موسڵمانان بەدەستی سەرکردەی دیار زەیدی کوڕی حاریسەوە بوو، دواتر کەوتە دەستی جەعفەری کوڕی ئەبو تالیب و پاشان عبدالله کوڕی رەواحەو ئینجا خالیدی کوڕی وەلیدو نەیانهێشت ئاڵاکە بکەوێت، ئەمەش بەڵگەو ئاماژەیە کە ئاڵا لە ناو فەرهەنگی ئیسلامی‌دا رەمزی سەرکەوتن و شکۆمەندی و بەهێزی و پاراستن و هەستی بەرگری و نەکەوتنە، ئەمە وێڕای ئەوەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رێگەی داوە هەر گەل و هۆزێک ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیە، کە ئیسلام دانی بە ماف و سەروەری و تایبەتمەندی هەر گەل و هۆزێک ناوە، بتوانن بەپێی مومارەسەی ئازادی و گەیشتن بەماف و پاراستنی سنووری یەکتری لەچوارچێوەی نیشتمانێک کۆببنەوەو رێز لە جیاوازی و شوناسی یەکترو چەمکی ئینسانیبوون بگرن، بۆیەش لەدوای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەسەردەمی خەلافەتی راشیدین و دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی تا دەگاتە دەوڵەتی عوسمانی ئاڵا هەبووەو هێمای هێزو تایبەتمەندی خۆی بووە. بایه‌خدانی ئیسلام به ئاڵا لەبەر ئەوەیە کە ئاڵا چەترو کۆکەرەوەی وزەو هێزو ئیرادەی گەل و نەتەوەکانەو هۆکاری بەستنەوەی تاکە بە نیشتمانەکەی و هێمانی شارستانیەت و پێشکەوتن و سەرکەوتن و پارێزگاریکردنە، چونكه هه‌ستی پارێزگاری و داكۆكی كردن له هێماو سیمبول و مافی نه‌ته‌وه‌یی له دیدی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌ستێكی زیندووه بووه، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی حه‌زی كردووه مرۆڤ له‌ژێر ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ببینێته‌وه یان بۆ ئامانجی خۆپارێزی و پاراستنی عه‌قیده‌و كه‌ڕامه‌ت و خاك و خه‌ڵكی خۆی بجه‌نگێت، هه‌ر وه‌كو له‌م فه‌رمووده‌یه هاتووه: (عن عَمَّارٍ أَنَّ النبي -صلى اللَّهُ عليه وسلم- كان يَسْتَحِبُّ لِلرَّجُلِ أَنْ يُقَاتِلَ تَحْتَ رَايَةِ قَوْمِهِ)، واته: له عه‌مماره‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه، كه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) حه‌زو ئاره‌زووی له‌وه بووه هه‌ر كه‌سه له ژێر ئاڵای هۆزو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا بجه‌نگێت. لهفهرموودهیهكی تر هاتووه: عَنْ جَابِرٍ – رضي الله عنه، يَرْفَعُهُ إِلَى النَّبِيِّ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ( أَنَّهُ كَانَ لِوَاؤُهُ يَوْمَ دَخَلَ مَكَّةَ أَبْيَضَ)، واته: كاتێ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) چووه ناو مه‌ككه‌ی پیرۆزه‌وه ره‌نگی ئاڵاكه‌ی سپی بووه. به‌پێی ده‌رهاوێشته‌و بنچینه‌ییه‌كانی ئه‌و فه‌رموودانه‌ی سه‌ره‌وه، وه‌ك چۆن پاراستن و پارێزگاری له سامان و شه‌ڕه‌ف و دین و ژینی مرۆڤ ئه‌ركێكی پێویسته، به‌هه‌مان شێوه كاتێ كۆمه‌ڵگه‌و كیان و نیشتمانیش ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه پارێزگاری كردنی پێویسته‌و ئۆباڵی دیفاع و پاراستنی هێمای نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی تاكه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی کەوتە پشێوی وناسەقامگیری، ئه‌وه سه‌رجه‌م بەرژهوهندییه تایبه‌تی و گشتیه‌كانیش ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌وه، وە هه‌ر كات ده‌ستێكی ده‌ره‌كی هێڕشی هێنایه سه‌ر نیشتمان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خسته مه‌ترسی، دیفاع کردن واجبەو ده‌بێ ئه‌م دیفاع كردنه‌ش وه‌ك به‌شێك له دینداری سه‌یر بكرێت. سەرەڕای ئەمەش ئاماژه‌یه به بوونی هه‌ستی پارێزگاریكردن و نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری خۆڕسك، له‌هه‌مان كات هێمایه به‌وه‌ی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ست و هه‌ڵوێسته ئاماده نییه ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی بنه‌وێت و شكست بخوات، چونكه وه‌ستان و جه‌نگان و پارێزگاری هه‌ر كه‌سێك له ژێر ئاڵای نه‌ته‌وه‌كه‌ی، نه‌ك هه‌ر كارێكی چاكه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) كارێكی باش و فه‌رمان پێكراویشه. كه‌واته بۆ ئێمه‌ی كورد كه خاوه‌ن دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆ نین پێویسته ئاڵا زۆر گرنگ بێت، وه به‌چاوی رێز‌و شكۆوه لێی بڕوانین و بیكه‌ینه هێماو سیمبولی نه‌ته‌وه‌یی و به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه پارێزگاری لێ بكه‌ین و وه‌ك په‌رچه‌می وڵات و هه‌وێنی ئاشتی و کوردایەتی و قوڵكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یری بكه‌ین. چونكه پارێزگاری كردن له ئاڵا به ره‌نگ و نه‌خشه‌و ماناكانی چ وه‌ك كورد چ وه‌ك موسڵمان ئه‌ركێكی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه، پارێزگاری كردنه له سیمبولی نیشتمان و كیان و مێژوو و خوێنی شه‌هیدان و مافی گه‌یشتن به چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی و پاراستنی كه‌ڕامه‌ت و شكۆمه‌ندی و شانازییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. * ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان. |