یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   پێکەوەژیانی ئایینی لە سۆران    *****    *****   مامۆستا مەلا محمد ئیبراهیم رەزگەیی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵی کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لەبارەی پێکەوەژیانی ئایینی دەکات    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان لە هەردوو قەزای ئاکرێو بەردەڕەش ژمارەیەک مامۆستای ئایینی بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئاکرێ و لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان بەسەر دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت بە گرنگیدان بە تەوزیفکردنی زانستی تەجویدو پاراستنی مۆرکی رەسەنی مەقامی جوان خوێندنەوەی قوڕئان بەرێوە ساز دەکات    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت    *****    *****   بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە گوندی بێراوە بەرێوە دەچێت    *****    *****   شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی دەڤەری گەرمیان بەسەر دەکاتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   د.عبدالله شێرکاوەیی بۆ ماڵپەڕی روداو: لە ئیسلامدا هیچ سنوورێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە    *****    *****   کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەرێوە دەچێت چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت تاوتوێ دەکات   
مەلا عبدالله شێرکاوەیی
به‌رواری دابه‌زاندن: 07/06/2021 : 21:40:58
قه‌باره‌ی فۆنت
دەستووری هەرێم و پرسی ناسنامەو پێگەی ئایین

بەو پێیەی دەستوور بنەما دادەنێت و سەرچاوەی یاساکانی دیکەیەو بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە، ئەگەر بۆ هەر هەرێم و دەوڵەتێک گرنگ و پێویست بێت، ئەوە بۆ کوردستان یەکجار گرنگ و پێویستترە، هەم لەبەر ئەوەی هەندێ جار هەرێم دەکەوێتە بەر هەڕەشەو مەترسی و ناسەقامگیری و دەستێوەردانی ناوەکی و دەرەکی، هەمیش دەستوور دەبێتە زامنی ناسنامەی نەتەوەیی و پێناسەی سیستەمی حوکمی ئەم کیانەو بەڵێننامەی یاسایی بۆ مافی پێکهاتەکانی کوردستان.

دەستوور مەڕجەع و باڵاترین یاسای وڵاتەو هێزو سەرچاوەو دایکی تێکڕای یاساکانی ترە، لەسایەی هەبوونی دەستوور هیچ یاسایەکی پێچەوانە ئاسایی نیەو سەرجەم یاساکانی تر دەبنە لق و پۆی بنەماو بەندەکانی دەستوور، هاوکات دەبێتە وەسیقەو پەیمانێکی فەرمی نیشتمانی گشتگیرو پێوەری رێکخستن و یەکخستن و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان و، نەخشەرێی دیارکردنی ئەرک و مافی هەردووکیان بەرامبەر یەکتری، لە رووی یاسایی و سیاسی و مافەکان و سرووشت و شێوازی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی و پاڵپشتی هەرسێ دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، قوڕسایی زۆر بۆ پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە دادەنێت.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام رێگر نیە بۆ دانانی دەستوور بۆ هەر وڵات و هەرێمێک، بەو پێیەی دەستوور هاوکارو پاڵپشت دەبێت لە رێکخستنی کاروباری ژیان و شێوەی حوکم و مافی هاوڵاتی، کە ئەمە خواست و ئامانجی شەریعەتە لە پێناو خزمەتی شارستانیەت و مرۆڤایەتی، بۆیە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دوای کۆچکردنی لە مەککەوە بەرەو مەدینە، یەکێ لەو هەنگاوە سەرەکی و گەورانەی کاری لەسەر کرد، دانان و نووسینەوەی دەستوور بوو، بۆ ئەوەی ببێتە پەیماننامەیەک بۆ رێکخستنی کاروباری هاوڵاتیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و سەقامگیری و ئاشتی لە کۆمەڵگە.

دەستوری مەدینە بەپێی بۆچوونی شارەزایانی مێژوو یەکێکە لە شانازییە دیارەکانی شارستانیەتی ئیسلامی، کە ئامانجی سەرەکی رێکخستنی پەیوەندی نێوان تائیفەو پێکهاتەکانی مەدینەو، دیارکردنی چواچێوەی بونیادی ئەو شارستانیەتە بوو، لەسەر بنەمای ئازادی بیروباوەڕو مومارەسەی دروشمی ئایینی و بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری و دیارکردنی ئەرک و مافی هاوڵاتی، کە دوای چواردە سەدە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم دستوورە بە زیندوویی ماوەتەوەو، بۆتە بنەماو سەرچاوەیەکی گەورەی نووسینەوەی وەسیقەو دەستووری وڵاتان و بناغەی مافی هاوڵاتیبوون لە جیهای ئیسلامی.

تایبەتمەندی هەرە گرنگی دەستووری مەدینە لەوەدایە (هاوڵاتی) چەق و پێوەرو (پێکەوەژیان)یش ئامانجێکی روونی ناوەرۆکەکەی بووە، واتە تەنها بۆ لایەنێک یان فیئەیەکی دیاریکراو نەنووسراوەتەوە، بەڵکو لە پێناو هەموو دانیشتوان داڕێژراوە، بە جیاوازی بیروباوەڕو بۆچوون و تائیفەو ئایینەوە.

لەسەر ئەو بنەمایەو بە حوکمی ئەوەی سروشتی کوردستان فرە پێکهاتەیە، گرنگە دەستووری هەرێم چەمکی هاوڵاتی بکاتە پێوەر، نەک تەنها رەچاوی خواستی لایەنێک یان ئایینێک یان نەتەوەیەک بکات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە سەرجەم هاوڵاتیان بە جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەوە هەست بە تایبەتمەندی و قەبارەی خۆیان بکەن لەناو دەستووردا، ئاخۆ دەستوور چ پێناسەو رێزێک بۆ ئایینەکان بەپێی حەجمی خۆیان دادەنێت، مومکین نیە دەستووری هەرێم ناسنامە یان پاشگری (ئیسلامی یان عەلمانی) پێوە بێت، لەبەر ئەوەی لەلایەک پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) ناوی دەستووری مەدینەی نەنا - دەستووری ئیسلامی - بەڵکو (وەسیقەی مەدینە) بوو، کە بە زاراوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێ دەستووری مەدەنی. لەلایەکی تریشەوە ناوزەندکردنی دەستور بە سیکۆلار بە واتای رەتکردنەوەی واقع و تایبەتمەندی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم و سەپاندنی ئایدیایەکی نەخوازراو دێت، ئەمەش لەبری چارەسەر دەیان ئاریشە لەبەردەم پرۆسەکە دروست دەکات.

راگرتنی هاوسەنگی و لەبەرچاوو گرتنی تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردی، کە لە رووی نەتەوەییەوە ناسنامەکەی کورد بوونەو، لەرووی ئایینیشەوە ناسنامەکەی ئیسلامە، بە رەچاوکردنی تەواوی مافی پێکهاتەکانی تر هەنگاوێکی پێویستە، ناکرێ زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی کە پەیڕەوی لە ئایینی ئیسلام دەکات پەراوێز بخرێ و خواستی ناسنامەی ئایینی جێنەکرێتەوە، یان لەگەڵ ئایینی کەمینەیەک یەکسان بکرێت، کە پەیڕەوانی لەچەند سەد کەسێک تێپەڕ ناکات، دەستوور چەندە گرنگە بۆ هاوڵاتیان، هێندەش زیاتر پێویستە تایبەتمەندی زۆرینەی هاوڵاتیان لەبەر چاوو بگرێت، ئەمە رەتکردنەوەی فرەیی و نادیدە گرتنی پێکهاتەی ترو سروشتی کۆمەڵگەی کوردستان و سەپاندنی ئایینێک بەسەر ئەوانی تر نیە، بەڵکو راگرتنی هاوسەنگی و بەرجەستەکردنی خواستی ئەو زۆرینەیە کە پێی دەگوترێ موسڵمان، لەو سۆنگەوە باشترین بژاردە بۆ ناسنامەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەوەیە (دەستوورێکی نیشتمانی مەدەنی) بێت، کە تێیدا هاوڵاتیبوون پێوەر بێت بەجیاوازی ئایین و نەتەوەو مەزهەب و ئایدیاو دەنگ و رەنگەوە، بەڵام تایبەتمەندی هەر یەکە بەپێی قەبارەو رێژەی خۆی و دواجار ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی لەبەر چاوو بگیرێت.

ئەگەر جەدەل و بیانوو بۆ باس نەکردنی ئیسلام وەک ئایینی فەرمی و قایلنەبوون بە ناسنامەی ئایینی زۆرینەی دانیشتوان و دیارنەکردنی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان تەنها ئەوە بێت، کە فرەیی و سروشتی پێکهاتەی کۆمەڵگە رەت دەکاتەوەو دیموکراسی و مەدەنیەت دەخاتە بەردەم گوشارو چەقبەستوویی!؟ ئەمە کورتبینی و هەڵە تێگەیشتن و گەڕانەیەوە بۆ سەپاندنی ئەو بۆچوونەی، کە رێز لە خاسیەتی زۆرینە ناگرێت و دۆخی هەرێم وەک خۆی ناخوێنێتەوە، یان بەنمونە - ئیسلام و زەردەشتیەت- بەیەک ئاست و قەبارە سەیر دەکات! ئەمە لە حاڵێکدا بەشێکی یاساکانی کوردستان بەتایبەت یاسای باری کەسی و سزاکان پەیوەستن بە رێسا شەرعیەکان نەک ئایینی تر! سەرەڕای ئەمەش دواجار بۆ پەسندکردنی دەستوور لە پرۆسەی دەنگدان رەشنووسەکە دەگەڕێتەوە بەر دەمی هاوڵاتی، ئیدی ئەو زۆرینەیە نەک لەسەر حیسابی غەدر لە پێکهاتەی تر، بەڵکو بە لەبەرچاو گرتنی مافی خۆی دەڕوانێتە دەستوورو دەنگ دەدات.

لەلایەکی تر بە تەنها باسی پرسی ئایین لەناو پرۆژەکەو وەسفکردنی بە ئاریشەی گەورەی بەردەم نووسینەوەی دەستوور جێی پرسیارە، لە کاتێکدا کۆسپی زۆر هەن پێویستیان بە یەکلایی کردنەوە هەیە، وەک دیارکردنی سنوورو سیستەمی حوکمڕانی و مەسەلەی ئاڵاو سروودی نیشتمانی، هێشتا سنوور بەتایبەت ناوچە کێشە لەسەرەکان، سیستەمی حوکم ئایا پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی دەبێت، ئاڵاو سروودی نیشتمانیش کە تەنها تەعبیرن لە نەتەوەی کوردو تایبەتمەندی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری تێدا نیە یەکلایی نەبوونەتەوە، دواجار زەقکردنەوەو زووم خستنە سەر تەنها بابەتی ناسنامەی ئایینی ناو دەستوورو وەسفکردنی بە عەرقەلەی بەردەم دەستوور! نیشانەی پرسیار لای زۆرینە دروست دەکاو ئەنجامەکەی باش ناکەوێتەوە.

دەبێ ئەوەش لەبەر چاوو بێت دەستور بۆ هەرێمێکە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیاریکراو نەک بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ، بۆیە دەرچوون لە بازنەی دەستووری عیراق ئاسان و ئاسایی نیەو، ناکرێ حوکم و پرس و بابەتێک جێگیر بکرێت پێچەوانەی دەستووری دەوڵەتی عیراق بێت، کەواتە کوردستان مەحکومە بە دانانی دەستوورێک لە چوارچێوەی دەستووری کۆمار، وەک لە مادەی 120 دەستووری عیراق هاتووە: "يقوم الإقليم بوضع دستورٍ له، يحدد هيكل سلطات الاقليم، وصلاحياته، وآليات ممارسة تلك الصلاحيات، على أن لا يتعارض مع هذا الدستور". هەرێم مافی هەیە دەستوورێكی تایبەت بەخۆی پەسەند بكات، كەتیایدا پەیكەری دەسەڵاتەكانی هەرێمەكەو، دەسەڵاتەكانی و میكانیزمەكانی پەیڕەوكردنی ئەو دەسەڵاتانە دیار دەكات، بەمەرجێک پێچەوانەی دەستووری عیراق نەبێت.

بە کورتی هەوڵ و هەنگاوەکانی نووسینەوەی پڕۆژەی رەشنووسی دەستوور، دڵخۆشکەرو ئومێد بەخشن لەلایەک و، زەرورەت و دەسکەوتێکی مێژوویی و نەتەوەیی گەورەیە لەلایەکی ترەوە، بۆیە گرنگە دەستووری هەرێم دەستوورێکی (نیشتمانی - مەدەنی) بێت و چەمکی هاوڵاتی بکاتە بنەماو پێوەر بۆ خۆی، لەوە گرنگتر پێش فلتەرکردنی پرۆژەی دەستوور، پرسەکە پێویستی بە سازان و کۆدەنگی نیشتمانی هەیەو، ئەرکی هەمووانە بە گیانی بەرپرسیارێتی و لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەو سوود وەرگرتن لە دەرفەت و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم هاوکارو هاندەر بن، پێویستە پێشوەختە رێککەوتنی ئارەزوومەندانەی سەرجەم لایەن و پێکهاتەکانی بۆ مسۆگەر بکرێت و، لەو پێناوە  ململانێ و موزایەدەو بەرژەوەندی شەخسی و حزبی وەلاوە بنێن، بەتایبەت لەو پرس و چەمک و رێسایانەی قەرارە جێگیر بکرێن، دەبێ ئەوەش بزانین تێپەڕکردنی دەستوور لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینە هەنگاوێکی سەرکەوتوو نابێت، لەهەمان کات پرۆژەکە بۆ بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵاتەو سەنەدێکی بەهێزی یاسایی و زامنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانە، دواجار گرنگە هەمووان ئیلتیزامی پێوە بکەن، نەک تەنها دەقێکی سەر کاغەز بێت.