یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   لقی دهۆکی یەکێتی زانایان پێشوازی لە مەتڕانی ئەبڕەشەی کلدانی و بەرێوەبەری کاروباری مەسیحیان دەکات    *****    *****   هەولێر: مەراسیمی ناساندنی کتێبی (بە یەکەوە ژیان لە کوردستان دیدو بۆچوونی ئایینە جیاوازەکان) بەرێوە دەچێت    *****    *****   مامۆستا مەلا عوسمان مەلا محمد شێخەڵمارێنی کۆچی دوایی کردو یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   لە مەراسیمێکدا لقی هەڵەبجەی یەکێتی زانایان سەری ساڵی کۆچی بەرز رادەگرێت    *****    *****   شاندێکی سەنتەری کوردستان بۆ توێژینەوەو لە وزە نەبینراوەکان سەردانی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   شاندێکی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بەشداری مەراسیمی ناشتنی روفاتی 100 ئەنفالی بارزانی دەکات    *****    *****   هەولێر: بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی مەراسیمی بەرز راگرتنی سەری ساڵی کۆچی بەرێوە دەچێت    *****    *****   لقی پشدەری یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوەو چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   لقی ئاکرێی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوەو چەند پرسێک تاوتوێ دەکات    *****    *****   لقی سۆرانی یەکێتی زانایان دانیشتنی هەفتانەی خۆی سازدەکات    *****    *****   لقی موسڵی یەکێتی زانایان بەشداری کردنەوەی مزگەوتی گوندی یەکمالە لە بەردەرەش دەکات   
مەلا عبدالله شێرکاوەیی
به‌رواری دابه‌زاندن: 30/06/2014 : 11:01:26
قه‌باره‌ی فۆنت
مانگی ره‌مه‌زان‌و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌باره‌ی رۆژوو گرتنه‌وه‌!

له‌ رووی دینداری‌و ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌ندروستیه‌وه‌، مانگی ره‌مه‌زان به‌ ده‌رفه‌رتێكی گرنگ‌و پڕ بایه‌خ له‌ خشته‌‌و ئه‌دای ئه‌ركی ئایینی كه‌سی موسڵمان هه‌ژمار ده‌كرێ‌، مانگێكه‌ ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان‌و هه‌زاران خێرو بێری دونیا‌و دوارۆژی مرۆڤه‌كانی تێدایه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ هیچ خواپه‌رستیه‌كی له‌سه‌ر به‌نده‌كانی خۆی دانه‌ناوه‌، مه‌گه‌ر حیكمه‌ت‌و مه‌به‌ستێكی له‌پشته‌وه‌ نه‌بێت، جا ئه‌و حیكمه‌ته‌ مرۆڤ ده‌ركی بكات یان نا، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ فه‌رزبوونی رۆژوی مانگی ره‌مه‌زان گه‌یشتنه‌ به‌ پله‌ی ته‌قوا‌و خۆ پارێزی‌و له‌خوا ترسان، هه‌روه‌ك له‌ قوڕئاندا هاتووه‌ (..لعلّكم تتّقون).

 

كه‌واته‌ رۆژوو وێستگه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی‌و گه‌وره‌یه‌، كه‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاست‌و پله‌ی نزیك بوونه‌وه‌ له‌ خوای باڵاده‌ست، ئیدی هه‌ر كه‌س بیه‌وێ‌ بگاته‌ ده‌ره‌نجام‌و هه‌قیقه‌تی رۆژوو، ده‌بێ‌ له‌وه‌وه‌ بڕوانێ‌، كه‌ ئه‌گه‌ر رۆژوو وای له‌ رۆژوه‌وان كرد خۆپارێزی بكات له‌ شته‌ نارێك‌و نادروسته‌كان له‌ لایه‌ك‌و، نزیك بوونه‌وه‌ له‌ شته‌ به‌هادارو شه‌رعیه‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ رۆژه‌وه‌كه‌ی ئامانجی خۆی پێكاوه‌‌و كاریگه‌ری ئه‌رێنی چێ‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ریش نا به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

 

ئه‌و مانگه‌ مانگی خواپه‌رستی‌و خۆگرتنه‌وه‌‌و خێرو زیكرو ته‌راویح‌و نوێژو قوڕئان خوێندنه‌، مانگی نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌خوا، مانگی وازهێنانه‌ له‌ گوناه و تاوان، مانگی پاكبوونه‌وه‌‌و لێخۆشبوون‌و دابارینی ره‌حه‌ماتی خوای گه‌وره‌یه‌، مانگی شه‌ونوێژو ئیعتیكاف‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانه‌، مانگی خێرو سه‌ده‌قه‌‌و به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ژاران، مانگی كۆشش‌و هه‌وڵدان‌و كۆكردنه‌وه‌ی زه‌خیره‌ی قیامه‌ته‌، مانگی وه‌ده‌سكه‌وتنی ره‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگاره‌. به‌ كورتیه‌كه‌ی مانگی ره‌مه‌زان قوتابخایه‌‌و كۆمه‌ڵێك وانه‌ی گرنگی لێوه‌ فێر ده‌بینه‌وه‌!

 

هه‌موو ئه‌و تایبه‌تیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌ی ده‌روون‌و خۆ په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌یه‌ به‌ ره‌وشته‌ باڵاكان‌و به‌ها به‌رزه‌كانه‌وه‌، نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و فرێدانی گرێ‌ ده‌روونیه‌كانه‌، نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانی به‌ندایه‌تی‌و ملكه‌چی نواندن‌و گوێڕایه‌ڵی كردنی فه‌رمانی ئیلاهیه‌، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێیه‌، چێكردنه‌وه‌ی هێڵه‌ ئیمانیه‌كان‌و داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ ره‌وشتی‌و وه‌فایه‌كانه‌، فێربوونی نه‌رمی‌و لێبورده‌یی‌و سینه‌ سافی‌و ساده‌یی‌و خاكی بوون‌و زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتیه‌.

 

مانگی ره‌مه‌زان وه‌ك خواپه‌رستی‌و دروشمێكی ئیسلام ساڵانه‌ مرۆڤه‌كان ده‌خاته‌وه‌ خانه‌ی پاكبوونه‌وه‌‌و گه‌یشتن به‌ له‌ززه‌تی ئه‌و هێز‌و شه‌پۆله‌ ئیمانیانه‌ی، كه‌ پاڵ به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌نێن بۆ هه‌میشه‌ ئه‌نجام دانی كاری چاكه‌‌و خێرو، واز هێنان له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ نادروسته‌كانه‌وه‌.

 

مانگی ره‌مه‌زان فێرمان ده‌كات، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ به‌ هه‌ژاران‌و گیانی هاوكاری له‌به‌ر چاو بگرین‌و هه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ویژدانی‌و مرۆڤدۆستیه‌كان زیندوو راگرین‌و له‌ ژیانمان ره‌نگ بداته‌وه‌.

 

ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ ته‌واوه‌ی كات‌و رێنماییه‌ تایبه‌ته‌كانی مانگی ره‌مه‌زان ئاماژه‌ن بۆ پێدانی وێنه‌یه‌ك له‌ پێویستی هه‌بوونی به‌رنامه‌‌و پلانێكی تۆكمه‌ی كه‌سی بڕوادار له‌ ته‌واوی ژیاندا، چونكه‌ رۆژوو له‌دونیای ئایینداری مرۆڤی موسڵمان وێستگه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تیه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌گاته‌ ده‌ره‌جه‌ی ته‌قواداری.

 

بۆیه‌ به‌و برسیه‌تی‌و تێنووه‌تیه‌ی رۆژووگر ده‌یبینێ‌، ئه‌گه‌ر به‌ دیوه‌ هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی لێك بداته‌وه‌، چه‌ند راستیه‌كی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ‌ له‌وانه‌:

 

یه‌كه‌م: به‌هۆی ئه‌و تینوو برسیه‌تیه‌ی یه‌ك مانگ له‌ دونیادا هه‌ستی پێ‌ ده‌كات، برسیه‌تی رۆژی دوای دێته‌وه‌ یاد، كه‌ چه‌نده‌ كاره‌سات‌و مه‌ترسیداره‌، مرۆڤ له‌و رۆژه‌ برسی كرده‌وه‌ی چاك‌و خواپه‌رستیه‌كانی بێت! هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له‌و باره‌وه‌ ده‌فه‌رموێ‌: (واذكروا بجوعكم وعطشكم فيه جوع يوم القيامة وعطشه)، واته‌ به‌ برسیه‌تی‌و تێنوێتی مانگی ره‌مه‌زان برسیه‌تی‌و تێنوێتی رۆژی قیامه‌تتان بیر بكه‌وێته‌وه‌.

 

دووه‌م: به‌و برسیه‌تیه‌ی مانگێگ هه‌ست به‌ هه‌ژاری‌و برسیه‌تی ساڵانه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌ست كورت‌و نه‌دارن‌و، هه‌میشه‌ له‌ ژیانی كوله‌ مه‌رگی دان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئێمه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌زه‌ییمان به‌واندا بێته‌وه‌‌و، هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی ئه‌و نیعمه‌تانه‌ش بكه‌ین، كه‌ خوا له‌گه‌ڵی كردووین.

 

سێیه‌م: هه‌ر كه‌س له‌به‌ر خاتری خوا خۆی ده‌گرێت، له‌ هه‌ر جۆره‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌یه‌ك‌و، دان به‌ خۆی ده‌نێ‌ له‌سه‌ر برسیه‌تی‌و گیانی هێزو ئیراده‌ له‌ناو خۆیدا دروست ده‌كات، وانه‌یه‌كه‌ بۆ راهاتن له‌سه‌ر خۆڕاگری‌و ئارامی‌و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی تووشی مرۆڤ دێن له‌ ژیاندا، چونكه‌ ژیان وایه‌‌و هه‌موو كه‌سێ‌ هه‌بوونی‌و نه‌بوونی ده‌بینێ‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی وتراوه‌ : ( اخشوشنوا فإن النعم لا تدوم ).

 

بۆیه‌ پێوسته‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و مانگه‌ له‌به‌رچاو بگرین‌و كاته‌كانی نێو ئه‌و مانگه‌ به‌ ده‌رفه‌تێكی زێرین دابنێین بۆ پاكبوونه‌وه‌‌و ته‌وبه‌‌و كۆكردنه‌وه‌ی زه‌خیره‌‌و زیادكردنی چاكه‌‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی دینداری.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ درێژایی ئه‌و مانگه‌ نزای خێر بۆ كوردستان‌و به‌رده‌وامی ئه‌من‌و ئه‌مان‌و ئاوه‌دانی هه‌رێم‌و سه‌لامه‌تی برا پێشمه‌رگه‌كانمان بكه‌ین، كه‌ ئێستا له‌ به‌ره‌ی به‌رگرین له‌ خاك‌و خه‌ڵكی كوردستان..