یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی مەولود ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   یه‌كێتی زانایان به‌ بۆنه‌ی مانگی مەولودو له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان: لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراق نین    *****    *****   یەکێتی زانایانی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئان بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان لە مەراسیمێکدا بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حەمەئەمین سەراوی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان ديدارێک ئەنجام دەدەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 58 زانایانی ئایینی ساز دەکەن    *****    *****   مامۆستا شێخ جەلال بەرزنجی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن دوگۆمانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   شاندێکی باڵای ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی لەسەر سوکایەتیەکانی قاسم شەشۆ سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات   
مەلا عبدالله شێرکاوەیی
به‌رواری دابه‌زاندن: 25/03/2015 : 11:53:39
قه‌باره‌ی فۆنت
زانایان بێ‌ هه‌ڵوێستن یان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كه‌مته‌رخه‌مه؟‌

ئێستا زۆر باس له‌ ره‌وشی ئایینی هه‌رێمی كوردستان‌و په‌یامی زانایانی ئایینی‌و وتاربێژان ده‌كرێ‌، له‌و نێوه‌شدا قسه‌ی زۆرو زه‌به‌لاح‌و ته‌نانه‌ت بێ‌ بنه‌ما‌و تۆمه‌تیش گوێبیست ده‌بین‌و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

 

كه‌سێ‌ كه‌ ئاگای له‌ دڵسۆزی‌و كارو هه‌نگاوه‌كانی زانایانی ئایینی‌و یه‌كێتی زانایان نیه‌، یان راستر بڵێین هاموشۆی ئه‌و لایه‌نه‌ ناكا، یان نایه‌وێ‌ لێی به‌ ئاگا بێ‌، یانیش هه‌ر وای گه‌ره‌كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر مامۆستایانی ئایینی بكاو به‌ چاوی سووكه‌وه‌ لێیان بڕوانێ‌، حه‌یفه‌ گیانی ئینساف ره‌چاو نه‌كا‌و حیساب بۆ ئه‌و هه‌ست‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانیه‌ی وتاربێژان نه‌نوێنێ‌‌و كۆششیان له‌به‌ر چاوو نه‌گرێت.

 

یه‌كێتی زانایان كاری زۆر باشی كرد، هه‌نگاوی زۆر عه‌مه‌لی و جددی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ده‌یان نامیلكه‌و وتارو كۆڕو سیمیناری له‌سه‌ر پرسی داعش‌و مه‌ترسی بیری توندڕه‌وی ئه‌نجام دا، خودی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان له‌گه‌رمه‌ی بزاوته‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی رایگه‌یاند: داعش كاره‌ساتێكی مه‌ترسیداره‌و پێویسته‌ هه‌مووان رووبه‌رووی بینه‌وه‌.

 

یه‌كێتی زانایان پێشنیاری زۆر زووی خسته‌ گۆڕه‌پانی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی لێ‌ وه‌گا هێنا، به‌ڵام داخی گرانم كه‌م گوێی بۆ گیرا، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌، كه‌ ده‌بوا به‌و په‌ڕی رێزو به‌هه‌ند وه‌رگرتنه‌وه‌ هه‌وڵی زانایانی ره‌چاوكردباو ئاوڕی جددی لێ‌ دابایه‌وه‌.

 

چه‌ندین كۆنفرانسی گه‌وره‌ به‌سترا له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی توندوتیژی به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، چونكه‌ له‌دیدی زانایان مه‌ترسی فكره‌ی توندره‌وی‌و داعش‌و داعشیه‌كان هیچی كه‌متر نیه‌ له‌و هه‌ڕه‌شه‌ ره‌شبوكوژیانه‌ی ئێستا بوونه‌ته‌ نه‌گبه‌ت به‌سه‌رمانه‌وه‌.

 

له‌و ئان‌و ساته‌‌و له‌گه‌رمه‌ی باس‌و خواسی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش‌و ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ی به‌ڕۆكی ئێمه‌ی كوردی گرتووه‌، به‌ش به‌ حاڵی خۆم ده‌خوازم:

یه‌كه‌م: هێشتاش زووه‌ با حكومه‌ت نه‌ك ته‌نها له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆییش بێته‌ سه‌رخه‌ت‌و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌خشه‌ رێگایه‌كی چاره‌ساز، بۆ رێگری له‌ بیری نامۆ‌و فكره‌ی داعش‌و توندڕه‌ویه‌كان دابنێ‌، با چیتر خه‌ڵكانێك به‌پێخواسی وه‌ناو شته‌كان نه‌كه‌ون، كه‌رامه‌تی نێوخۆیی له‌كه‌دار نه‌كه‌ن، ئه‌و مێژووه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی توراسی ئیسلامی‌و سه‌روه‌ری زانایانی ئایینی نه‌كه‌نه‌ نوكته‌‌و نه‌یشكێنن.

 

دووه‌م: وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئایینی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاره‌ له‌و كه‌موكوڕیانه‌ی ده‌خرێنه‌ سه‌ر مزگه‌وت‌و مینبه‌رو زانایانه‌وه‌، چونكه‌ هه‌م حكومه‌ته‌‌و هه‌میش لایه‌نی ئیداری ئه‌و لێی به‌رپرسه‌، ده‌بێ‌ زیندوترو به‌رفراوانه‌ترو به‌ به‌رنامه‌ی تۆكمه‌تره‌وه‌ بێته‌ مه‌یدان‌و ئیدی قۆڵی لێ‌ هه‌رماڵێ‌، وه‌ ده‌بێ‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیرانه‌ی وای هه‌بێ‌ له‌ئاست قۆناغی ئێستا‌و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ بێت، له‌وه‌شدا یه‌كه‌م كه‌س بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌‌و راوێژی له‌گه‌ڵ بكات خودی یه‌كێتی زانایانه‌.

 

ناكرێ‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وه‌ك سیاسه‌ت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ره‌عیه‌ته‌كه‌ی بكا، گوێ‌ له‌م‌و ئه‌و بگرێ‌‌و نازی ئه‌م‌و ئه‌ویش بكێشێ‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و نه‌رمی نواندن‌و تێكه‌ڵ كردنه‌ ئه‌وه‌ی دروست كردووه‌، كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ بڵێین بۆته‌ بابه‌تی رۆژو راگه‌یاندن‌و رۆژنامه‌كان.

ئاخر هه‌ر وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌ رێ‌ به‌ برایه‌كی توندڕه‌و ده‌دات وتار بخوێنێته‌وه‌، كه‌چی هه‌ر خۆیشی گله‌یی ده‌كا ده‌ڵێ‌ مه‌لای توندڕه‌و هه‌یه‌!!؟؟

 

ده‌بێ‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌هه‌وڵ‌و كۆششه‌وه‌ له‌رێی وۆرك شۆپی تایبه‌ت‌و راوێژی كه‌سانی به‌ ئه‌زمونه‌وه‌، سیسته‌مێك بدۆزێـته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قه‌یرانه‌ خۆی رزگار بكا، له‌هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ وه‌ك ئیداره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی‌و وتاربێژان‌و مزگه‌وت بكات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌كو مه‌ودای پیشه‌یی پێویسته‌ زۆر به‌ جددی‌و به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان بكات‌و به‌و ئاراسته‌یه‌ش هه‌نگاو بنێ‌، كه‌ زانایانی ئایینی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خودی ئه‌و رێكخراوه‌، چونكه‌ چه‌نده‌ی یه‌كێتی زانایان هێزی مه‌رجه‌عیه‌تی زیاتر بێت، ئه‌وه‌نده‌ش وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف لێی سوودمه‌ند ده‌بێ‌.

 

سێیه‌م: سیسته‌می خوێندنی ئیسلامی له‌ وڵاتی ئێمه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، له‌هه‌مان كات بۆته‌ گۆمێكی وه‌ستاو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌‌و كاتی هاتووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌كه‌ نه‌شگۆڕدرێ‌، ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئالوگۆڕو چاكسازی تێدا بكرێ‌‌و ته‌كانێكی بدرێتێ‌، بۆئه‌وه‌ی چیتر گۆمه‌كه‌ نه‌نگ‌و شێلوو نه‌بێت..

ئێ‌ خۆ له‌ كوردستان فلته‌رو سیسته‌می بوونه‌ مه‌لاو وتاربێژ له‌ده‌ست خه‌ڵكه‌، نه‌ك لای مه‌رجه‌ع‌و جیهه‌تی په‌یوه‌ندیدار (به‌تایبه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف)، ئه‌وه‌شه‌ وای كردووه‌ خه‌ڵكی ئیسلامی مه‌لای ئیسلامی‌و خه‌ڵكی سه‌له‌فی مه‌لای سه‌له‌فی‌و خه‌ڵكی حزبی مه‌لای حزبی‌و خه‌ڵكی سۆفی مه‌لای سۆفی... هتد. به‌رهه‌م بێنن، كه‌ دواجار له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ پێكدادان‌و تێكگیران‌و لێكخوێندن‌و ره‌تكردنه‌وه‌‌و توندڕه‌وی لێ‌ به‌رهه‌م دێت‌و ده‌یان گرفت به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.

 

چواره‌م: پێویسته‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فیكره‌ی بێ‌ مه‌زهه‌بی‌و به‌سووك سه‌یركردنی مێژووی زانایانی كورد ده‌ست پێ‌ بكا‌و، رێگه‌ش به‌هیچ كه‌س نه‌درێت پێچه‌وانه‌ی دابی گشتی كۆمه‌ڵگه‌‌و مه‌زهه‌بی په‌یڕه‌وكراو ‌و به‌ربڵاوو فكره‌ی تر بڵاوبكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ بێ‌ یه‌ك‌و دوو جه‌ده‌لی بێ‌ بنه‌ما‌و بیری توندڕه‌وی به‌رهه‌م دێنن.. بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێڕه‌وه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كورد له‌سه‌ری بووه‌‌و پێوه‌ی پابه‌ند بووه‌، نه‌ك كارێكی پیرۆزه‌ بگره‌ زۆریش پێویسته‌، له‌سه‌ر بنه‌مای له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ی گه‌وره‌ زانایان چوارچێوه‌یان بۆ دارشتووه‌، به‌ڵام ئه‌بێ‌ ره‌چاوی گۆرانكاری‌و پێشهاته‌ نوێیه‌كانیش بكرێ‌.

 

پێنجه‌م: با لێره‌وه‌شه‌وه‌ گله‌یه‌كی ئه‌ستوور له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكه‌ین، كه‌ به‌راستی زمانیان درێژه‌ له‌وه‌ی بڵێن ئه‌م‌و ئه‌و به‌دوای حزبه‌وه‌ن، به‌ڵام كه‌س هێنده‌ی راگه‌یاندنه‌كان به‌دوای سیاسی‌و حزبه‌كانه‌وه‌ نیه‌، بۆیه‌ به‌شێكی راگه‌یاندنه‌كان بابه‌تی بوونی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌، هه‌ق بوو پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ بنوێنن‌و له‌نزیكه‌وه‌ ده‌یان‌و سه‌دان به‌رنامه‌ی تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵا زانایانی ئایینی ساز كردبا‌و هه‌موو كون‌و كه‌له‌به‌ره‌كانی داعشیان بۆ خه‌ڵك شیكردبایه‌وه‌.

 

شه‌شه‌م: ده‌شخوازم زانایانی ئایینی (له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی رێزم) به‌جیاوازی ئینتیما‌و بۆچوونه‌وه‌، هه‌موویان له‌سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان‌و پابه‌ندی نواندن به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌تی سه‌رشانیان، به‌و په‌ڕی دڵسۆزی زیاتره‌وه‌ پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ بنوێنن‌و به‌ ئاراسته‌ی ته‌واوكه‌ری‌و یه‌ك ئیراده‌یی‌و هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌رز رابگرن‌و هه‌ستی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌هیچ نرخێك نه‌گۆڕنه‌وه‌.