یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية ئێمە لە فەیسبوک په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
*****    *****   قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی مەولود ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەکات    *****    *****   یه‌كێتی زانایان به‌ بۆنه‌ی مانگی مەولودو له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) پەیامێک بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   یەکێتی زانایان: لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عیراق نین    *****    *****   یەکێتی زانایانی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی قورئان بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان لە مەراسیمێکدا بڵاو دەکاتەوە    *****    *****   مامۆستا مەلا حەمەئەمین سەراوی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان ديدارێک ئەنجام دەدەن    *****    *****   سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم دەکات    *****    *****   مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات    *****    *****   یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ 58 زانایانی ئایینی ساز دەکەن    *****    *****   مامۆستا شێخ جەلال بەرزنجی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   مامۆستا مەلا حسن دوگۆمانی کۆچی دوایی کرد یەکێتی زانایان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات    *****    *****   شاندێکی باڵای ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی لەسەر سوکایەتیەکانی قاسم شەشۆ سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات   
مەلا عبدالله شێرکاوەیی
به‌رواری دابه‌زاندن: 10/07/2011 : 13:45:59
قه‌باره‌ی فۆنت
ره‌هه‌ندو بنچینه‌كانی كاری بانگه‌وازی
Sherkaway83@gmail.com

كاری بانگه‌وازی یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌رك‌و پیشه‌ گرنگانه‌ی، كه‌ ده‌بێ‌ ده‌سته‌یه‌ك كاری بۆ بكه‌ن‌و، هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی له‌ واقعدا بوونی هه‌بێ‌، چونكه‌ پێویستیه‌كی ژیانیه‌‌و بێ‌ بوونی ئه‌و كاره‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زرایی‌و ته‌ندروستی خۆیه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ده‌ره‌وه‌‌و، بگره‌ قه‌یرانی جۆراجۆریش ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ی به‌ها مرۆییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌.

له‌به‌ر گرنگی كاری بانگه‌وازیه‌، پێگه‌ی بانگخواز گرنگ‌و تایبه‌ته‌‌و، ده‌بێ‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پێی هه‌ڵده‌ستێ‌، ته‌واو ته‌ریب‌و گونجاو بێت له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌و بنه‌ماو بنچینه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی ئه‌ركه‌ له‌وناوه‌دا بوونیان هه‌بێ‌.

له‌وه‌شدا ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی كاری بانگه‌وازی خۆی نه‌بینێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت ناتوانێ‌ سه‌ركه‌توو بێت له‌ گه‌یاندنی په‌یام‌و رۆحی شه‌ریعه‌ت به‌ ناخی خه‌ڵكانی ده‌روبه‌روه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ناشێ‌ بانگخوازێك هه‌بێ‌‌و نه‌زانێ‌ ئامانج له‌ وه‌زیفه‌كه‌ی چیه‌‌و بۆچی‌و له‌ پێناو چی ئه‌و كاره‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وه‌ دیسان ناتوانێ‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقعه‌وه‌ كاریگه‌ری بخوڵقێنێ‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستێ‌، به‌ر له‌ هه‌موو شت خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌‌و، كه‌سێكی هۆشیاریش بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و مه‌رج‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی پێویسته‌ له‌ بانگخوازدا هه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی رێك بتوانێ‌ ڕۆڵێكی دیار له‌و وه‌زیفه‌ پیرۆزه‌ی ببینێ‌، كه‌ سه‌ره‌نجام پاداشتێكی زۆری له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ی‌و دروستكردنی كاریگه‌رییه‌كانی بۆ دانراوه‌.

ره‌نگه‌ ئه‌و نوسینه‌ ته‌واوی یاسا‌و بنه‌ماكان نه‌بێ‌، چونكه‌ بابه‌تێكه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌‌و زۆرێك له‌ زانایان‌و شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ پێیان وایه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستێ‌، ئه‌و چه‌ند بنچینه‌ی تێدا هه‌بیت:


یه‌كه‌م: بڕوابوون به‌ كاری بانگه‌وازی

پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستێ‌، به‌ر له‌ هه‌موو شت باوه‌ڕی به‌و كاره‌ی هه‌بێ‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌ناعه‌تی وابێ‌ په‌یامێكی خێرویست‌و پاك‌و كاریگه‌ری وای هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ تێكڕای خه‌ڵك پێویستیه‌تی‌و داخوازی زۆری له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێ‌:

1_ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی‌و موسڵمانان به‌ تایبه‌تی، نه‌ له‌ دونیا‌و نه‌ له‌ دوا رۆژ مسۆگه‌ر نابێت، مه‌گه‌ر له‌ سایه‌ی سێبه‌ری ئیسلام‌و به‌رنامه‌ تێروته‌سه‌له‌كه‌ نه‌بێت، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌موێ‌: ( وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ)، سورة آل عمران(85). واته‌: ئه‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ئاینی ئیسلام په‌یڕه‌وی هه‌ر ئاینێكی تر بكات لێی وه‌رناگیرێت، له‌قیامه‌تیشدا له‌ خه‌ساره‌تمه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ندانه‌.

یان له‌ شوێنێكی تردا ده‌فه‌رموێ‌: ( فَمَنِ اتَّبَعَ هُدَايَ فَلَا يَضِلُّ وَلَا يَشْقَى(123)وَمَنْ أَعْرَضَ عَنْ ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنْكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى)، سورة طه(124). واته‌: ئه‌وه‌ی شوێنی به‌رنامه‌كه‌م بكه‌وێت، نه‌گومڕا ده‌بێت، نه‌ ناخۆشی‌و ناڕه‌حه‌تی‌و ناسۆری دێته‌ رێی. ئه‌وه‌یش روو وه‌ربگێڕێت له‌ به‌رنامه‌‌و یادی من‌و پشتی تێ‌ بكات، بێگومان بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ژیانێكی ترش‏‌و تاڵ‏‌و ناخۆش پێش دێت، له‌ رۆژی قیامه‌تیشدا به‌كوێری حه‌شری ده‌كه‌ین.

2_ ئیسلام ره‌حمه‌تێكی خواییه‌‌و بۆ به‌ ره‌حمه‌تكردنی ژیانی مرۆڤه‌كان هاتووه‌،( قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي)، سورة يوسف(108). واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر() بڵێ‌: ئا ئه‌مه‌ رێگه‌و رێبازمه‌: من‌و شوێنكه‌وتوانم بانگ ده‌كه‌ین بۆ لای خوای په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر بنچینه‌و بناغه‌یه‌كی روون‌و ئاشكرا.

به‌و هه‌سته‌وه‌ ده‌بێ‌ بانگخواز په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ بكات‌و، ئه‌ركه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ كاری بانگه‌وازی بوونی هه‌بێ‌، هه‌ر به‌و شێوه‌ش عه‌رزی تاكه‌كان بكرێ‌، له‌هه‌ر شوێن‌و كاتێك بێت، كه‌ ئه‌مه‌یان یه‌كێكه‌ له‌و پاڵنه‌رانه‌ی به‌رپرسیارێتی گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ داناوه‌، كه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ بگه‌یه‌ندرێ‌، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: ( ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ...)، سورة النحل(125)، واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله علية وسلم)، ئه‌ی ئیماندار، بانگه‌واز بكه‌ بۆ لای به‌رنامه‌‌و رێبازی په‌روه‌ردگارت به‌حیكمه‌ت‏‌و دانایی‌و ئامۆژگاری جوان‌و به‌جێ‌.


بۆیه‌ش كاری بانگه‌وازی به‌ حیكمه‌ته‌وه‌ جوان‌و كاریگه‌ره‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌رۆك‌و ئامانجه‌ تێك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێیه‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ك له‌و ئایه‌ته‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ)، سورة الأنبياء(107).

ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ كه‌ قورئان هانی ئیمانداران ده‌دات به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆحیه‌ته‌‌و گه‌یاندنی په‌یامی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ئیسلامه‌ی خوا بۆ مرۆڤایه‌تی‌و جیهان ره‌وانه‌ی كردووه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێ‌: ( وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)، سورة آل عمران(104). واته‌: پێویسته‌ له‌ ئێوه‌ ئومه‌تێك پێك بێت، یاخود با هه‌مووتان ئومه‌تێك بن، كه‌ بانگه‌واز بكه‌ن بۆ خێرو چاكه‌، فه‌رمان بده‌ن به‌هه‌موو كارێكی باوو دروست، قه‌ده‌غه‌ی هه‌موو نادروستیه‌ك بكه‌ن، ئا ئه‌وانه‌ هه‌ر سه‌رفرازن.

3_ پێویستی مرۆڤایه‌تی به‌ ئیسلام، به‌تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه‌ تێكڕای مرۆڤایه‌تی‌و تیم‌و ده‌سته‌‌و گروپ‌و حوكمرانه‌كان به‌دوای سیسته‌مێكی ته‌ندروست ده‌گرێن، بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ریه‌كان‌و به‌ها باڵاكانی مرۆڤایه‌تی‌و هه‌ناسه‌ی پاكی ئازادی‌و پڕ له‌ جۆشی به‌خته‌روه‌ری.

چونكه‌ له‌ دوای روخانی هه‌ردوو رژێمی ره‌ئسمالی‌و شیوعیه‌تی ئیشتراكی، ئه‌و راستیه‌ روون بویه‌وه‌ كه‌ ئه‌و سیسته‌مانه‌ چی باشیان له‌ هه‌گبه‌ دانیه‌، كه‌ خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی بكات، لێره‌وه‌ زیاتر ده‌رهاوێشته‌ی پێویستی به‌ سیسته‌می ئیسلامی هاته‌ كایه‌وه‌.

بۆیه‌ بانگخواز ده‌بێ‌ وا خه‌ڵك ئاراسته‌ بكات، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ستی ته‌ماشا كردنی ئیسلامیان هه‌بێ‌، نه‌ك ئیسلام له‌ خودی بانگخواز خۆی ببیننه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ركیه‌تی وێنه‌ی ئیسلام بخاته‌ هزرو جه‌سته‌ی مرۆڤه‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك وا تێبگه‌ن، كه‌ ئیسلام له‌ تاك‌و عه‌قڵیه‌تی تاكه‌كان گه‌وره‌تره‌‌و ڕه‌گ‌و ریشه‌ی گوڵی هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ر كردنی پێشهاته‌كانی ژیان‌و ئاسووده‌ كردنی ده‌روون‌و رۆحی مرۆڤه‌كان.

كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ بڕوا هه‌بوون به‌ كاری بانگه‌وازی، ده‌بێ‌ بانگخواز له‌ كاره‌كه‌یدا ئه‌و هێڵه‌ گشتییانه‌ له‌ یاد نه‌كات، كه‌ ئیسلام هه‌ڵیگرتووه‌‌و، خۆی له‌ به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌كان‌و به‌ ره‌حمه‌تكردنی ژیان‌و بۆ ته‌واوێتی پێویستی ژیانی مرۆڤایه‌تی هاتووه‌..


دووه‌م: رێك‌و پێكی كاری بانگه‌وازی

كاری بانگه‌وازی پێویستیه‌كی تری ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی پێی هه‌ڵده‌ستێ‌ ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاو بێت، كه‌ ناكرێ‌ شتێكی لاوه‌كی‌و مه‌به‌ستێكی تر، تێكه‌وڵاوی ئه‌و كاره‌ بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئامانجه‌ سه‌ره‌كی‌و بینچینه‌یه‌كه‌ی خۆی ونكرد، ئه‌وه‌ به‌ ته‌ئكید كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نابێت به‌سه‌ر كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، بۆیه‌ بانگخواز ده‌بێ‌ ره‌چاوی ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكات:

1_ نابێ‌ بانگخواز مه‌به‌ستێكی تری ئامانج بێت جگه‌ له‌ كاری بانگه‌وازی، ناشكرێ‌ له‌ په‌نای ئه‌و كاره‌ بۆ مه‌به‌ستێكی ماددی یان تایبه‌تی تێبكۆشێ‌، مه‌به‌ستمان له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناكرێ‌ كاری بانگه‌وازی ئاله‌ت بێ‌ بۆ خۆ پێگه‌یاندنی ماددی‌و تایبه‌تی، به‌ڵكو پێویسته‌ ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ره‌مه‌زامه‌ندی خوا‌و له‌ پێناو خوا ئه‌نجام بدرێت‌و پاداشته‌كه‌ش هه‌ر له‌و چاوه‌ڕوان بكات، هه‌روه‌ك ئه‌و ئایه‌ته‌ی قوڕئان ئه‌وه‌ به‌دیار ده‌كه‌وێت، كه‌ خوای گه‌وره‌ خۆی ده‌فه‌رموێ‌: (وَمَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى رَبِّ الْعَالَمِينَ)، سورة الشعراء(127). واته‌: من داوای هیچ جۆره‌ پاداشتێكتان لێ‌ ناكه‌م له‌سه‌ری، من ته‌نها پاداشتی خۆم له‌ په‌روه‌ردگاری جیهانه‌كان ده‌خوازم.

2_ بانگه‌وازی ته‌ندروست ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هیچ كات ئامانجی ئه‌وه‌ نیه‌، فه‌ساد‌و شه‌ڕو هزری رق‌و كینه‌ بڵاو بكاته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ئامانجی خێرو چاكه‌‌و چاكسازی‌و ئیسڵاحی هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ ئه‌ركه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌و كاره‌ پیرۆزه‌ هه‌ڵده‌ستێ‌ به‌رده‌وام دروشمی ئیسڵاح‌و به‌ره‌و باشتركردنی هه‌ڵگرتبێت، وه‌ك كاری پێغه‌مبه‌ران هه‌میشه‌ وا بووه‌، خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێ‌: (إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ)، سورة هود(88). واته‌: من هیچم ناوێت ته‌نها چاكسازی نه‌بێت، به‌گوێره‌ی توانام‏، رێكخستنی كارم به‌ده‌ستی كه‌س نیه‌ به‌ده‌ستی خوا نه‌بێت، پشت‏‌و په‌نام هه‌ر به‌و به‌ستووه‌‌و هه‌ر بۆ لای ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.

3_ سروشت‌و هه‌قیقه‌تی كاری بانگه‌وازی وایه‌، كه‌ هیچ كات نایه‌وێ‌ توندو تیژی‌و ترس‌و بێ‌ ئومێدی بڵاو بكاته‌وه‌، یان بارگرانی‌و ئه‌زیه‌ت بۆ خه‌ڵك دروست بكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كارئاسانی‌و نانه‌وه‌ی ئومێد‌و بارسووكی خۆی جێگیر بكات‌و خه‌ڵك به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ قه‌بوڵی شته‌كات بكات، هه‌روه‌ك به‌رده‌وام تێكۆشانی ئه‌و په‌یام‌و بانگه‌وازه‌ بۆ چاندن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی خێرو ته‌ناهیه‌‌و ته‌نانه‌ت له‌ قوڕئانیشدا ئه‌و وه‌سفه‌ی پێ‌ بڕواوه‌، كاتێ‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: ( وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)، سورة آل عمران(104). واته‌: پێویسته‌ له‌ ئێوه‌ ئومه‌تێك پێك بێت، یاخود با هه‌مووتان ئومه‌تێك بن، كه‌ بانگه‌واز بكه‌ن بۆ خێرو چاكه‌، فه‌رمان بده‌ن به‌هه‌موو كارێكی باوو دروست، قه‌ده‌غه‌ی هه‌موو نادروستیه‌ك بكه‌ن، ئا ئه‌وانه‌ هه‌ر سه‌رفرازن.


هه‌روه‌ك ئه‌و كاره‌ له‌ په‌یامی ره‌حمه‌تیش بێ‌ به‌ش نیه‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: (ثُمَّ كَانَ مِنَ الَّذِينَ آَمَنُوا وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ وَتَوَاصَوْا بِالْمَرْحَمَةِ)، سورة البلد(17). واته‌: ئاده‌میزاد ده‌بێت له‌وانه‌ بێت كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌‌و ئامۆژگاری یه‌كتریان كردووه‌ له‌سه‌ر خۆگری و ئارامگری و هه‌روه‌ها ئامۆژگاری یه‌كتریان كردووه‌ له‌سه‌ر ره‌حم ‏و به‌زه‌یی و میهره‌بانی. به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و ئایه‌ته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر فه‌رموده‌كانیش دیاره‌، وه‌ك هاتووه‌: (الرَّاحِمُونَ يَرْحَمُهُمْ الرَّحْمَنُ ارْحَمُوا مَنْ فِي الْأَرْضِ يَرْحَمْكُمْ مَنْ فِي السَّمَاءِ) أخرجة الترمذى.


هیچ كات كاری بانگه‌وازی به‌ توندیه‌وه‌ سه‌رناگرێت، له‌زۆربه‌ی ده‌قه‌ قوڕئانی‌و سونه‌تیه‌كانیش ئاماژه‌ به‌و راستیه‌ كراوه‌، ته‌نانه‌ت په‌یامه‌كه‌ خۆی خالیه‌ له‌ توندوتیژی‌و حه‌ڕه‌ج‌و بارگرانی دروست كردن، ئه‌مه‌ش راشكاوانه‌ له‌ چه‌ندین ئایه‌ت‌و فه‌رموده‌ خۆی ده‌رخستووه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ‌: (وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ)، سورة الحج(78). (مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُمْ مِنْ حَرَجٍ وَلَكِنْ يُرِيدُ لِيُطَهِّرَكُمْ وَلِيُتِمَّ نِعْمَتَهُ)، سورة المائدة(6). (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ)، سورة البقرة(185).


هه‌روه‌ك له‌ فه‌رمووده‌كانیش ئه‌و راستیه‌ به‌ ڕوونی دیاره‌‌و باسی لێوه‌كراوه‌، پێغه‌مبه‌ر ()ده‌فه‌رموێ‌: (يَسِّرُوا وَلَا تُعَسِّرُوا وَبَشِّرُوا وَلَا تُنَفِّرُوا) أخرجه الشيخان. (إِنَّ الرِّفْقَ لَا يَكُونُ فِي شَيْءٍ إِلَّا زَانَهُ وَلَا يُنْزَعُ مِنْ شَيْءٍ إِلَّا شَانَهُ) رواه مسلم. (إِنَّ اللَّهَ رَفِيقٌ يُحِبُّ الرِّفْقَ وَيُعْطِي عَلَى الرِّفْقِ مَا لَا يُعْطِي عَلَى الْعُنْفِ وَمَا لَا يُعْطِي عَلَى مَا سِوَاهُ) رواه البخاري.

سێیه‌م: راشكاوی كاری بانگه‌وازی

پێویسته‌ بانگخواز ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكات، كه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كات، په‌یامێكی ئاشكراو روون‌و راشكاوه‌، نابێ‌ وای نیشان بدات، كه‌ په‌یامێكی داخراو و به‌رته‌سك‌و نارۆشنه‌، وه‌ك چۆن نابێ‌ واشی عه‌رز بكات، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ تێكڕای كاتی ئه‌دای ئه‌و كاره‌، ره‌چاوی ئه‌و بكرێت كه‌ هه‌م په‌یامێكی نه‌رم‌و نیان خوازه‌‌و، هه‌میش روون‌و راشكاوانه‌ خۆی عه‌رز ده‌كات، پیشاندانی ئه‌و وێنه‌یه‌ كاریگه‌ری خۆی دروست ده‌كات‌و خه‌ڵكیش زۆر جوان وه‌ریده‌گرێ‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نیشان نه‌درا، ئه‌وه‌ ه‌مسه‌ره‌كانی چه‌نده‌ درێژ بكرێنه‌وه‌، به‌ قه‌د چارێكی هه‌قیقه‌تی خۆی رۆڵ نابینێ‌‌و كاریگه‌ریش به‌جێناهێڵێ‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ بانگخواز له‌وه‌دا هۆشیار بێت‌و به‌ جوانترین شێوه‌‌و زۆر به‌ راشكاویش ئه‌و كاره‌ی ئه‌دا بكات‌و په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت.



چواره‌م: زانیاری هه‌بوون به‌كاری بانگه‌وازی


ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی زانیاری هه‌بوون بۆ كاری بانگه‌وازی شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییه‌‌و له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر، یان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ده‌گوڕێ‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ به‌شی فه‌ڕزیه‌تی تێدا هه‌یه‌‌و، ئه‌ركه‌ كه‌سی بانگخواز ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زایی هه‌بێت بتوانی موقاوه‌مه‌ی وه‌زیفه‌كه‌ی بكات، لێره‌وه‌ به‌خاڵ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو كه‌ پێویسته‌ ره‌چاو بكرێن:


1_ بوونی زانیاری به‌ بنچینه‌كانی كاری بانگه‌وازی‌و زانینی لق‌و پۆپه‌كانی، له‌گه‌ڵ ئامان‌و مه‌به‌سته‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی سه‌ركه‌وتنی خودی پرۆسه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی خوازراویشه‌ له‌و كاره‌دا بوونی زانیاریه‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و رێگه‌یه‌ كه‌ ئامانجی خۆی هه‌ڵگرتوو‌و ده‌یه‌وێ‌ كاروانه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌روو ببات، ئه‌وه‌ش خۆی له‌و به‌سیڕه‌ته‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ‌: (قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي)، سورة يوسف(108). واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ()!تۆ بڵێ‌: ئا ئه‌مه‌ رێگه‌و رێبازمه‌: من‌و شوێنكه‌وتوانم بانگ ده‌كه‌ین بۆ لای خوای په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر بنچینه‌و بناغه‌یه‌كی روون‌و ئاشكرا.


له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و ئایه‌ته‌ ده‌ره‌كه‌وێ‌، كه‌ پێویسته‌ بانگخواز ته‌واو شاره‌زایی هه‌بێ‌ له‌ زانسته‌ شه‌رعی‌و ئالیه‌كان، به‌تایبه‌ت ( ته‌فسیرو، حه‌دیس‌و، فیقه‌و، زانسته‌ زمانه‌وانی‌و ره‌وانبێژیه‌كان... هتد.

سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش زۆر له‌ جێی خۆیه‌تی بانگخواز زانسته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانیش بزانێ‌‌و خۆیان لێ‌ نزیك بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و زانستانه‌ی به‌هۆیانه‌وه‌ كار ئاسانی بۆ ده‌كرێ‌ له‌ كاری بانگه‌وازیدا، وه‌كو زانستی ده‌رونناسی‌و كۆمه‌ڵناسی‌و فه‌لسه‌فه‌‌و مێژوو جۆغرافیا‌و كیمیا‌و فیزیا.

نمونه‌ی پالپشت بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ قوڕئاندا به‌تاڵكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازی یه‌هودی‌و نه‌سڕانیه‌كانه‌، كاتێ‌ ره‌خنه‌یان له‌ پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم گرت، به‌وه‌ی كام نه‌ژاده‌، خوای گه‌وره‌ له‌ وڵامدا به‌ به‌ڵگه‌ی مێژوویی فه‌رموی: ( يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لِمَ تُحَاجُّونَ فِي إِبْرَاهِيمَ وَمَا أُنْزِلَتِ التَّوْرَاةُ وَالْإِنْجِيلُ إِلَّا مِنْ بَعْدِهِ أَفَلَا تَعْقِلُونَ)، سورة آل عمران(65). واته‌: ئه‌ی خاوه‌ن كتێبه‌كان، ئێوه‌ بۆ له‌ ئیبراهیم ده‌دوێن ‏و (هه‌ریه‌كه‌تان واداده‌نێت كه‌ له‌سه‌ر ئاینی ئه‌وه‌) خۆ ته‌ورات ‏و ئینجیل دوای ئه‌و ره‌وانه‌ كراون، ئه‌وه‌ بۆ عه‌قڵ و ژیریتان ناخه‌نه‌كارو تاكه‌ی ژیرنابن ؟!


بۆیه‌ ئه‌ركه‌ بانگخواز ته‌واو زانابێ‌‌و زانیاری دروستیشی له‌ باره‌ی زه‌مه‌ن‌و شوێنه‌كان‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش هه‌بێ‌، كه‌ بانگه‌وازیان ئاراسته‌ ده‌كات، وه‌ پێویستیشه‌ باشترین‌و راستترین رێگه‌ی بانگه‌وازی هه‌ڵبژێرێ‌‌و، بۆ هه‌موو نه‌خۆشیه‌ك چاره‌سه‌رێكی پێ‌ بێ‌‌و، بتوانێ‌ به‌رگی جوانی‌و ئومێد‌و دینداری بكاته‌ به‌ر هه‌موو حاڵه‌ته‌كان.


پێنجه‌م: ته‌واوێتی كه‌سی بانگخواز

بێگومان ته‌واوێتی كه‌سایه‌تی بانگخواز یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین بنچینه‌كانی كاری بانگه‌وازی، مه‌به‌ستیش له‌و ته‌واوێتیه‌، دامه‌زرایی‌و ته‌ندروستی‌و لێهاتوویی یاخود لێوه‌شاوه‌یی خودی كه‌سی بانگخوازه‌، كه‌ پێویستیه‌تی له‌ هه‌موو روێكه‌وه‌ تێرو ته‌واو بێت، چونكه‌ كه‌سایه‌تی بانگخواز كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ به‌سه‌ر گوێگران‌و، ته‌نانه‌ت زۆر جا خودی خه‌سڵه‌ته‌ به‌رزه‌كانی كه‌سایه‌تیی به‌رز ده‌بێته‌ جێگه‌ی بایه‌خی خه‌ڵك‌و، له‌وێوه‌ شته‌كانی عه‌رز ده‌كرێن له‌ هزری به‌رامبه‌ر خۆیان جێگیر ده‌كه‌ن.


كه‌سایه‌تی بانگواز چه‌نده‌ دامه‌زراو بێت، هیچنده‌ زیاتر كاریگه‌ری ده‌نێته‌وه‌، چه‌نده‌ خۆی جێبه‌جێكاری وته‌كانی خۆی بێت ئه‌وه‌‌و پتر، به‌ گه‌یشتنیان بۆ به‌رامبه‌ر جێه‌بجێ‌ ده‌كرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ركه‌ بانگخواز بایه‌خ به‌و لایه‌نه‌وه‌ بدات،، كه‌ ده‌كرێ‌ لێره‌دا به‌خاڵ گرگترین شت باس بكه‌ین:

1_ هه‌بوونی یه‌قین، به‌و مانایه‌ی كه‌ پێویسته‌ كه‌سی بانگخواز یه‌قینێكی ته‌واو له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی هه‌بێ‌‌و له‌هه‌مان كاتیش باوه‌ڕی وابێت، كه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی كاریگه‌ری هه‌یه‌، چونكه‌ باگراوه‌ندێكی خێر له‌پشته‌وه‌ بوونی هه‌یه‌.


2_ رۆحییه‌تی دینداری‌و مه‌عنه‌ویه‌تێكی به‌هێز، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێ‌، كه‌ هه‌میشه‌ بانگخواز هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات لایه‌نی دینداری‌و ئاخیرت ویستی زاڵ بكات به‌سه‌ر دونیا ویستی‌و ماددی بوون، هه‌وڵبدات به‌رده‌وام به‌دوای ته‌زكیه‌ی ده‌روون‌و خۆ سه‌رقاڵكردنی زیكرو كاری چاكه‌‌و نیه‌تی خێرو خۆبه‌خشی‌و جوان ئه‌دا كردنی خواپه‌رستیه‌كانی بگرێت.


بۆ هه‌میشه‌ خاوه‌نی مه‌عنه‌ویه‌تێكی به‌هێزو ئاسۆیه‌كی ئومێد به‌خش‌و هیممه‌ت به‌رزی بێت، نابێ‌ له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌یه‌كی ساده‌‌و له‌گه‌ڵ عه‌قڵێكی به‌ردی‌و هیلچه‌ی به‌رامبه‌روه‌ له‌ خۆی كه‌م بكاته‌وه‌‌و ره‌دفعلی بۆ شته‌ خراپه‌كان هه‌بێت.

3_ بوێری‌و چاونه‌ترسی تێدا بێت، ئه‌مه‌شیان هه‌ردوو جۆره‌ بوێری ده‌گرێته‌وه‌، هه‌م بوێری ده‌روونی، به‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ك بێت له‌ خوا نه‌بێ‌ له‌كه‌س ترسی نه‌بێ‌، وه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشهات‌و ناهه‌مواریه‌كان ئاماده‌یی ئه‌و ترس له‌خوایه‌ی تێدابێت‌و جگه‌ له‌خوا له‌كه‌س نه‌ترسێ‌، خوای گه‌وره‌ له‌ چه‌ند ئایه‌تێك ئاماژه‌ی به‌و راستیه‌ كردووه‌، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێ‌: (الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ)، سورة آل عمران(173). واته‌: ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی (باوه‌ڕ لاواز) پێیان ده‌ڵێن: به‌ڕاستی خه‌ڵكی بێ باوه‌ڕو خوانه‌ناس خۆیان بۆ ئێوه‌ كۆ كردۆته‌وه‌‌و خۆیان بۆ ئێوه‌ مه‌ڵاس داوه‌، لێیان بترسن (خۆتان تووشی به‌ڵا مه‌كه‌ن) به‌ڵام ئه‌وان (واته‌ ئیمانداران به‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌) باوه‌ڕیان زیاتر دامه‌زراو، وتیان: خوامان به‌سه‌ كه‌ یاریده‌ده‌ر‏و یارمه‌تیده‌رێكی چاكه‌.


يان دةفةرموىَ: (وَكَأَيِّنْ مِنْ نَبِيٍّ قَاتَلَ مَعَهُ رِبِّيُّونَ كَثِيرٌ فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ)، سورة آل عمران(146). واته‌: چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌ر هه‌بوون كه‌ خواناس ‏و پیاوچاكانی زۆر له‌گه‌ڵیدا بوون‌و دژ به‌ دوژمنان جه‌نگاون، جا ئه‌وانه‌ هیچ كات سستی‏ و بێزاری‏ و بێتاقه‌تی رووی تێنه‌كردوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تووشیان هاتووه‌ له‌ پێناو رێبازی خوادا، لاوازو بێ‌ هێزو سه‌رشۆریش نه‌بوون بۆ دوژمنان، خوای گه‌وره‌ش ئه‌و ئارامگر‏و خۆڕاگرانه‌ی خۆشده‌وێت.

هه‌میش جورئه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێ‌ پێداگیری له‌سه‌ر هه‌قێتی كاری بانگه‌وازی بۆچوونه‌كانی خۆی بكات‌و نه‌هێڵێ‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساده‌یی بۆچوونه‌كانی خۆی به‌سه‌ر عه‌قیده‌‌و هزریه‌وه‌ فه‌ڕز بكات، بانگخواز خاوه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی راسته‌قینه‌یه‌‌و ده‌كرێ‌ بۆ هه‌موو پرسیارو بۆچوونێكی پێچه‌وانه‌ وڵامی خۆی هه‌بێ‌‌و به‌ جوانترین شێوه‌ په‌رپه‌رچی ناهه‌قیه‌كان بداته‌وه‌.

4_ هه‌بوونی رۆشنبیری گشتی، مه‌به‌ست له‌وه‌ ئاگادار بوونی بانگخوازه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و پێشهات‌و زانیاریه‌ تازانه‌ی ده‌ڕژێنه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای خۆ لێڕاهێنانی به‌رده‌وانی له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته‌ زانستیه‌كانی هاوكاری ده‌كه‌ن له‌ كاره‌كه‌یدا، به‌ پێی توانای خۆی‌و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ژینگه‌ی تێیدا ده‌ژیت، پێویسته‌ هۆشیاریه‌كی به‌رده‌وام‌و رۆژانه‌ی هه‌بێ‌، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حه‌ده‌سه‌كان دانه‌بڕی، هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی هۆشیارو به‌ئاگا بێت.

سه‌رنج: بۆ نوسینی ئه‌م تێكسته‌ سوودم له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌رگرتووه‌.