ئاکارە جوانە سروشتی و سازگارە دڵگیرەکان هەموو مرۆڤایەتی بە جیاوازی ئاین و نەتەوەکانەوە تێیدا هاوبەشن بۆ نمونە سەوقاتی و دیاری پێشکەشکردن خۆی هەرمایەی دڵخۆشکردنە بە تایبەتیش لە جەژنەکاندا کە بە جەژنانە ناسراوە، ئەم میهرەبانی و جوانیە تاکو ئێستەش لەناو خانەوادەی ڕەسەنی کورد باوە و پەیڕەو دەکرێت ، باوک بۆ منداڵەکانی ، هاوسەرەکان لە نێوان یەکتریدا ، باپیرە و داپیرە بۆ نەوەکانیان ، هەروەها لە دەرەوەی خانەوادەش لە نێوان خاوەن کار و کرێکار ، بەڕێوەبەر و کارمەند ، بەرپرس گروپ و ئەندامەکانی و هتد ..... دڵنیام هەریەکەمان کاریگەری جەژنانەکان چ باوک و باپیر یان هاوژین یان بەرپرسانمان یان حکومەت پێیانداوین لەیادەوەریماندا ماوەتەوە .... ئێستا و لەم بەلە جەژنانەدا " قسە لەسەر موچە ناکەم چونکە مافێکی بنەڕەتی فەرمانبەرە و قابیلی داواکاری و تەکلیف نیە " پێشنیار دەکەم ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆتاییەی تەمەنیدا بەهەر ڕێگەیەک دەبێت بڕێک پارە پەیدا بکات و جەژنانەیەک بیبەخشێت بە فەرمانبەران ئەگەر توانای نیە بۆ هەمووی با تەنها بە موچە کەمەکان یان ژینگە پارێزان و کرێکارە کەمدەرامەتەکان جەژنایەک ببەخشێت . ئەم جەژنایە واتە حکومەت ڕێزی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەگرێت و مەبەستیەتی دڵی هاوڵاتیانی لەم بۆنەدا خۆشبکات کە بنەمایەکی ئیسلامی هەیە و ڕۆیشتنە لەسەر ڕێگەی ڕەسەنایەتی کوردەواری لەئەنجامدا هۆکاری دروستکردنی پردی پەیوەندی و پەیوەستبون و خۆشەویستیە و ڕێگەیەکە بۆ گەڕانەوەی متمانە و بەستنی ئومێدی هاوڵاتیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. |