د.عبدالله شێرکاوەیی* لە ناو کەلتووری رەسەنی کوردەواریمان زۆر شتی جوان هەبووە، کە ئێستا زیاتر بەهاکەی دەرەکەوێ هەبوونی چەند زەرورە بۆ گەشەپێدانی هزرو تێڕوانین و بەرەو پێشبردنی ژیان، هەستی مرۆڤدۆستی و رێزگرتن لە یەکتری و ئاشتیخوازی و میانڕەوی و پێکەوەیی و لێبوردەیی هەمیشە خەسڵەتێکی گرنگ و بەهادار بووە لەناو گەلی کورد، کە سەرچاوەو ئیلهامی ئەم بەها جوانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئایین و کاریگەری لەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی تاک و کۆمەڵگەو تێگەیشتنی دروست لە دینداری. بەداخەوە بە کۆمەڵێک هۆکارو لەگەڵ کرانەوەو هاوردەی کەلتووری بیانی و تێگەیشتنی نادروست بۆ ئایین و سەرهەڵدانی هزری توندڕەوی و دوورکەوتنەوەو لاوازی دینداری؛ هەندێ جار شتەکان تێکەڵ دەکرێن و جوانی و بەهاو تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردیش دەخرێتە بەر نەشتەری حوکمدان بە کوفرو ئیمان! جاری واشە لە پەنای تێگەیشتنی هەڵەو بیرکردنەوەی تەسک و رەگەزپەرستی و ئەنانیەت و هەستی خۆسەپێنی و فەتوای سەقەت و نازانستی؛ شتی وا بڵاو دەکرێتەوە بۆنی فیتنەو ئاشوب و تەفرەقەو تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لێ دێت، بۆیە گرنگە ئەو هۆشیارییە دروست ببێت، کە ناکۆکی و راجیایی پەیوەستە بە جیاوازی فکری و ئایدۆلۆژییەوە نەک رەتکردنەوەی یەکتر، لەو سۆنگەوە هەرچی رەخنە و ناکۆکی هەیە لە چوارچێوەی رەخنە لە فکر نەک خودی کەسەکە خۆی ببینێتەوە، چونکە بە تێڕوانینی ئیسلام کەسەکان هەرچیەک بن لە بازنەی مرۆڤایەتی برای یەکترن و مافیان بەسەر یەکەوە هەیە، لەسەروو هەمووشیەوە نابێ لە یادی بکەین جیاوازبوونمان لەرووی سروشت و نەتەوەو زمانەوە نیشانەی دەستەڵات و ویستی خوای پەروەردگارە. حوکمدان لەسەر کەس و شتەکان بێ شارەزایی و لێکۆڵینەوە ئاسان نیە، هەروەک سەپاندن و زۆرەملێ کردن خواستی دین نیەو بگرە ستەمێکە دواجار تاکڕەوی و توندڕەوی بەرهەم دێنێت، بە شێوەیەک حەزو خواستی ئەوە دروست دەکات ئەو جۆرە بیرکردنەوە دەیەوێ هەموو خەڵک بەو ئاراستە بنەخشێنێت و رەنگڕێژ بکات کە خۆی دەیەوێت و قبوڵیەتی، ئەگەرنا خۆی لەبەرەی دژایەتی و سەنگەرگرتن و حوکمدان بەسەر ئەوانی تر دەبینێتەوە! لەکاتێکدا ئیسلام وەک ئایین دان بە فرەیی دەنێت و وەک بەشێک لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دەزانێت، لەبەر ئەوە گرنگە ئاراستەی قسەو هەڵوێستەکانمان ئەرێنی و ئاشتی و مرۆڤدۆستانە بێت و لە بازنەی رەحمەتی ئیسلامەوە نەچێتەوە دەرەوە، بۆ ئەوەی نەبینە هۆکاری بڵاوکردنەوەی رق و کینەو، لەهەمان کات بە ئاشتی و دۆستانە پێکەوە بژین. ئیسلام لە چوارچێوەی رێکخستنی پەیوەندی تاک بە دەوروبەرییەوە، چەندین بنەمای گرنگی داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ چ وەک مرۆڤ چ وەک دیندار رەچاوی هەندێ پێوەرو بنەما بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پێکەوە لەگەڵ ئەوانی تر بژێت و رێز لەیەکتر گرتن و قبوڵکردنی یەکتر بکاتە بەرنامەی ژیان، لەوانە: یەکەم: بەهای مرۆڤبوون؛ بەو واتایەی مرۆڤ وەک ئادەمیزاد بە جیاوازی بیروباوەڕو رەنگ و رەگەزو دەنگ و زمان و شوێنەوە، کائنێکی رێز لێگیراوەو خوای گەورە ئەم شکۆمەندیەی پێ بەخشیوە، کە دەفەرموێت: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آَدَمَ) الإسراء:70، واتە: سويَند بهخوا بهرِأستى ئيَمه ريَزمان له نهوهى ئادهم گرتووه. دووەم: یەکترناسی و ئاشنایەتی، یەکێ لە ئامانجە بنەڕەتیەکان؛ جیاوازی نێو مرۆڤایەتی بۆ لێک نزیکبوون و دروستکردنی پەیوەندی و ئاشنابوون بە یەکتری، خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا) الحجرات:13، واتە: ئهى خەڵكينه بێگومان ئێمه ههمووتانمان له نێرو مێيهك دروستكردووه (كه باوكه ئادهم و دايكه حهوايه) و كردوومانن به چهندهها گهل و تيره و هۆزى جۆربهجۆر، تا يهكتر بناسن و پهيوهنديتان خۆش بێت به يهكهوه. سێیەم: برایەتی ئینسانی؛ بەو پێیەی هەموو پێغەمبەران (سەلامی خوایان لێ بێت) برای یەکتری بوون و بانگەشەی برایەتی مرۆڤایەتیان کردووە، یا خود سەرچاوەی هەموومان دەگەڕێتەوە سەر باوکە ئادەم و دایکە حەوا، واتە مرۆڤایەتی یەک خێزانەو گرنگە بەو تێڕوانینە فراوانە سەیری ژیان و مرۆڤایەتی بکەین، چونکە مرۆڤ هەرچیەک بێت دواجار لە خاڵێک لەو خاڵانەی ئایین دیاری کردووە دەچێتە بازنەی (برایەتی مرۆڤایەتی)، لەو رووەوە ئیمامی عەلی قسەیەکی جوانی هەیە، کە دەفەرموێت: (الناس صنفان إما أخ لك في الدين أو نظير لك في الخلق)، واتە: خەڵک بە گشتی دوو جۆرە: یان براتە لە دین، یان براتە لە ئینسانیەت. چوارەم: دادپەروەری؛ خوای گەورە ژیانی سەر زەوی وا رێکخستووە دادپەورەری تێدا بێتە دی بۆ ئەوەی هەمووان لە سایەیدا بگەنە ماف و شایستەی خۆیان، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَأَقْسِطُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) الحجرات:9، واتە: بهراستى خوا ئهوانهى خۆش دهوێت كه دادپهروهرى ئهنجام دهدهن. هەروەها دەفەرموێت: (وَإِذَا حَكَمْتُمْ بَيْنَ النَّاسِ أَنْ تَحْكُمُوا بِالْعَدْلِ) النساء:58، واتە: ههر كاتێک داوهريتان كرد لهنێوان خەڵكيدا، دادپهروهرانه فهرمانڕهوايى بكهن. پێنجەم: ئازادی؛ بەو پێیەی خوای پەروەردگار مرۆڤی سەرپشک و ئازاد کردووەو چی دەکاو چۆن دەکاو چی هەڵدەبژێرێت، ئازادی مافی هەر مرۆڤێکە؛ ئازادی بیروباوەڕو ئایدۆلۆژیاو دەربڕین و هەمەجۆری و جیاوازیش لە ئایین و رەنگ و رەگەزو بنەچەو زمان بژاردەو حیکمەتی پەروەردگارە، بە واتایەکی تر ویستی خوایە جیاواز بین، کەواتە ئەگەر جیاوازییەکان قەبوڵ نەکەین و رێز لە چەمکی ئازادی نەگرین، ئەوە رێک پێچەوانەی ویستی خوا هەڵسوکەوت دەکەین، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآَمَنَ مَنْ فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا..) یونس:99، واتە: خۆ ئهگهر پهروهردگارت بيويستايه دەیتوانی ههر ههموو دانيشتووانى سهر زهوى باوەڕبهێنن (بهڵام پهروهردگارى مهزن رێزى بۆ ئادهميزاد داناوه و سهرپشكى كردووه). لەبەر هەموو ئەو پێوەرە گرنگانەو بە حوکمی ئەوەی دونیای ئەمڕۆ جیهانێکی تێکەڵەو بەرژەوەندی و بەریەککەوتنی فەرهەنگ و کەلتوورەکان هەیە، پێویستی زۆرمان بە پێکەوەژیان هەیە، پێکەوەژیان بە واتای دەستبەرداری و تەنازول لە دین و عەقیدە نا، بەڵکو بە واتای رێزگرتن لە ئازادی و بیرو باوەڕی یەکتری، هەورەها وەک خواستێکی ئایینی لە پێناو ئامانجێکی گەورەی ژیان و بنیاتنانی شارستانیەت، کە خۆی لە سەقامگیری و تەبایی و دەبینێتەوە، چونکە ئەسڵ لە جێنیشبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی ئاوەدانی و گەشەپێدان و ئارامیە، نەک تێکدان و توندڕەوی و پێکدادان، کەواتە پێکەوەژیان رێزگرتنە لە ویستی خواو ئەو بنەما گرنگانەی سەرەوەو بەشێکە لە دینداری، بۆیە گرنگەو پێویستە بە ئەندازەی قەناعەت هەبوون بەرامبەر بە ئایین، قەناعەتمان هەبێت بە پێکەوەژیان. ئێستا لە سەروبەندی مالئاوایی ساڵی رابردووین و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، ساڵانە جەدەلێکی زۆر دێتە ئارا، کە ئاخۆ ئەم پرسە تا چەند رەهەندی ئایینی هەیەو حوکمی ئەم سەرە ساڵە چیەو چۆنە. بەرای بەندە لە ئێستادا سەری ساڵ هێندەی پەیوەستە بە نوێبوونەوەی رۆژژمێری ساڵ وەک تەقویمێکی جیهانی، هێندە پەیوەندی بە پرسی عەقیدەو ئایینەوە نیە تا بابەتەکە ببەسترێتەوە بە پرسی ئیمان و کوفر، چ عەجەب رەخنە لە سەری ساڵ دەگیرێ، کەچی هەموو حیساب و بەروارێک بەو تەقویمەیە رێک دەخرێ و لە هەموو رۆژەکانی ساڵ پەیڕەو دەکرێ و هەموو وڵاتانی ئیسلامیش بەکاری دێنن! رێزگرتن و هاموشۆو مامەڵەو هەواڵپرسی و بەشداری خۆشی و ناخۆشی و تەنانەت دادپەروەری و چاکە کردنیش لەگەڵ ناموسڵمان، خواستێکی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامە، لەم سۆنگەوە پیرۆزبایی هەندێ بۆنەی عورفی و کۆمەڵایەتی ناچێنە خانەی کوفر، چۆن ئەگەر مەسیحی یان ئێزیدییەک لە جەژنی قوربان و رەمەزان بە موسڵمانێک بڵێت: جەژنتان پیرۆز، لە مەسیحیەت و ئێزیدیەت وەرناگەڕێ! بەهەمان شێوە موسڵمان ئەگەر هەڵسوکەوت و مامەڵەیەکی لەم شێوەیەی کرد لەدین دەرناچێ، ئەم پرسە چ پەیوەندی بە پرسی ئیمان و کوفرەوە هەیە؟ تا ئەمە بقۆزرێتەوەو هێڕشبکرێتە سەر پێکهاتەو کۆمەڵە کەسانێک؛ ساڵەهای ساڵە وەک هاوڵاتی پێکەوە لەسەر ئەم خاک و نیشتمانە دەژین و گرفتێکمان نەبووە بەناوی گرفتی ئایینی، یان دەرفەت بدرێتە کەسانێک کە ئامانجیانە درز بخەنە نێو پێکهاتەو هاوڵاتیان کوردستان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بشێوێنن، لۆژیک نیە بۆنەیەکی وا بکرێتە کارتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر بەرەی کوفرو ئیمان؟ *ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژو بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان. |