پزیشكێكی فەلەستینی بەناوی (عز الدین أبو العیش) لە كاتی پەلاماری لەشكری ئیسرائیلی بۆ سەر كەرتی غەزە، كە 1400 كەسی فەلەستینیو 13 كەسی ئیسرائی بوونە قوربانی، ئەو پزیشكە بۆمبێكی ئیسرائیلی بەر ماڵەكەی دەكەوێتو، لە ئەنجامدا سێ كچو كچە برایەكی شەهید دەبنو، كاتێك دەچێتە ژوورەوە، تەنها كچێكی بەپێوەیەو، ئەویش خەڵتانی خوێن بووە.
ئەم پزیشكە لە كەنەدا دادەنیشێتو، ئێستا كتێبێكی نووسیوە، بە ناوی (لن أكرە)، وێنەی كچەكانی لەسەر بەرگەو، تێیدا جەغت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو رۆحی لێبووردنی هەیە، نەك تۆڵەسەندنەوە، بەتایبەتی لە ناو ئیسرائیل چەندەها پزیشكو پەرستارو چالاكوانی مەدەنی هەن، خزمەتی منداڵو گەنجانی فەلەستینی دەكەنو، دژی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی وڵاتەكەیانن.
ئەو لە كتێبەكەی رایدەگەیەنێت، هەرچەندە گەورەترینو خۆشەویستترین شتی ژیانی بە دەستی غەدری ئیسرائیل لە دەستداوە، بەڵام رقو كینەشی لە دڵدا نییەو، گیانی لێبووردنی لە گیانی تۆڵەسەندنەوە بەهێزترە، بەڵام دەروونناسانو كۆمەڵناسان چۆن شیكردنەوە بۆ دەروونی هەزارەها منداڵی فەلەستینی بكەن، كە بە دەستی لەشكری ئیسرائیلی تووشی دەیان حاڵەتی دڵتەزێنو جەرگبڕ دەبن.
قسەكانی ئەم پزیشكە پەیامێكی گەورەیە، مەبەستی لە پەیامەكە ئەوە نییە، كە لە ئیسرائیل ببوورن بەرامبەر تاوانە یەك لە دوا یەكەكانی، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە، پێویستە دەستی زوڵم رابگیرێتو، خەڵكیش لە بری رق لێكبوونەوە فێری پێكەوەژیانو خۆشەویستیو لێبووردن ببێت، ئەوەش پەیامێكی هێندە مەزنە، وای لە ئەمین مەعلوف ریوائی لوبنانی كردووە لەسەر بنووسێت: (ئەم كارە پێویستی بە ئازایەتی هەیە تا رقو كینە رەت بكاتەوەو، خۆی لەوە دوور بگرێت، كە خەڵك بۆ تووندو تیژی هان بدات).
ئەگەر ئەوە نموونەی مرۆڤێك بێت، كە چوار خۆشەویستی خۆی لە یەك كاتدا لە دەستداوە، ئایا ئێمە لە كوردستان زیاتر پێویستمان بەوە نییە، كە گیانی ئاشتبوونەوەو خۆشەویستی لە ناو تاكەكانمان بڵاوبكەینەوە، بۆ ئەوەی لە شوێنی رقو كینە خۆشەویستی بچێنین، بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی زیاتریش لەسەر مینبەر هەمیشە باڵیۆزی ئاشتیو خۆشەویستی بنو، تاكی موسڵمان لەسەر لێبووردنو خۆشەویستی رابهێنن.
ئەم بابەتە لە ژمارە (83)ی گۆڤاری پەیامی زانایان بڵاوكراوەتەوە. |