ڤیان دەخیل ئەندام پەرلەمانی عێراق، کە لە هەمان کاتتدا کوردێكی ئێزدییە، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ڕێگە لە چوونی گرووپە بانگخوازییە مەسیحییەکان بگرێت بۆ چوونە ناو كەمپی ئاوارە كوردە ئێزدییەكان و چاودێریی پرۆسەی گەیاندنی هاوكارییەكان بە ئاوارەكان بكات، لێرەوە پشتگیری داواکەی ئەم ئەندام پەرلەمانە دەکەین، چونکە ئەو گرووپە بەناو تەبشیریانە ئەوەندە بێویژدانن دۆخی ئاوارەیی و لێقەومانی خەڵك بۆ ئەم چالاکیانەیان دەقۆزنەوە، ئێستا نەك لە ناو کوردانی ئێزدی، بەڵکو ماوەیەکە هەمان چالاکی لە ناو کوردە موسڵمانە ئاوارەکانی سوریاش ئەنجام دەدەن، رۆژانە بە کۆستەرەکانیان منداڵی موسڵمانان دێننە کلێساو دەیانکەنە مەسیحی، خۆ ئەگەر مرۆڤ لە دەعوەو دینداریدا ئازاد بێت، بەڵام ئەوە قەت ئازادی نییە دۆخی هەژاری و لێقەومانی خەڵك بکەیە دەرفەتی خۆت تا منداڵەکانیان بدزیت، خۆشبەختانە مەسیحیە رەسەنەکانی کوردستانیش رایانگەیاندووە، کە ئەوانە پەیوەندییان بە ئێمەوە نییەو بۆ وانیش بوونەتە سەرئێشە. بە کورتییەکەی ئەوانە گرووپێکی بێویژدانن، موسڵمانان ئەم دۆخە ناخۆشەیان نەکردۆتە دەرفەت بۆ چوونە ناو مەسیحی و ئێزدیەکان، چونکە ئێستا دەبێ تەواو مرۆڤانە بیر بکەینەوە، ئامانجمان بێت خەڵکی لێقەوماو بە جیاوازی ئاین و مەزەب و نەتەوەوە لەم دۆخە رزگار بکەین، نەك لە پەنای چەند دیارییەکی منداڵانەو، چەند خواردنێك بیانەوێت ئەم (منداڵانە!!!) لەسەر دینی ئیسلام و ئێزدی بگۆرن بۆ مەسیحی. (لێرەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە سنوورێك بۆ ئەم گەمە پڕ مەترسییە دابنێت، بە پێچەوانەوە یەك لە هەڕەشە پڕ مەترسیەکانی داهاتووی کوردستانن). |