cefergwani@gmail.com jaafergwani@facebook.com لە رێی سایتێكی ئەنتەرنێت هەواڵی ئەوەم خوێندەوە، كە چەند مامۆستایەكی ئایینی داوا دەكەن دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی چیدیكە پارچە پارچە بوون دروست نەبێتو ئەو شەڕە قسەیە كۆتایی پێ بێت، جارێ ئەز ئەو هەستەی وان، كە یەكدەنگیو تەوافوقیان دەوێت بەرز هەڵدەسەنگێنم و، دنیایەك رێزم بۆ پێشنیازی ئەم مامۆستایانە هەیەو، ئەوانیش وەك هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە مافی ئەوەیان هەیە راو سەرنجو تێبینی خۆیان هەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پێگەی مامۆستایانی ئایینی پێگەیەكی زۆر حەساسە حەزم كرد جارێ چەند تێبینییەكی كورت بنووسم: یەكەم: داوای یەكەمی مامۆستایان بەوەی شەڕە قسەو وەڵامو وەڵامكاری نەمێنێت، ئەوە شتێكی ئەستەمە، چونكە لە دنیای فرەدەنگیو فرەرەنگی (دیموكراسی) ئەم حاڵەتانە كۆتاییان پێنایێتو پەرە دەستێنن، ئەوەش بە بڕوای من خاڵێكی بنەڕەتیو ئەساسیە بۆ نەمانی جیاكاریو گەندەڵیو پاوانخوازی، بۆیە ئەم حاڵەتانە هەمیشە بە شێوازێكی تەندروست وەربگرین، بەڵام –وشیاری ئەوەمان هەبێت- رەخنەگرتنی هیچ لایەك بە شێوازێك نەبێت وڵاتو نیشتیمان لە هەستو بیری گەنجو لاوانمان كز بكات، پاشان چ زەمانەتێك هەیە ئەگەر خەڵكێك بە گەڕانەوە رازی بكرێت، دوایی خەڵكێكی دیكە بە دەنگ نایەتو كێشمەكێشی لێ دروست نابێتەوە، ئەگەر نەرازییەكانی ئەمڕۆ مافی رازیكردنیان هەبێت، بێگومان نەرازییەكانی بەیانیش مافی رازیكردنیان هەیە، مەبەستم ئەوەیە ئەم حاڵەتە بە فرەتر تەماشا بكرێت نەك بە تەنها یەك دیو. دووەم: من -لێرەدا- هیچ قسەم لەسەر دەستوور نییە بە چاك یان خراپ، چونكە ئەوە مەیدانی خۆی هەیەو، ئەوانەی پسپۆڕی ئەم بوارەنە، كەوتوونەتە قسەلێكردنو خوێندنەوەی، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆك مافی جەماوەر بێتو بە دەنگی جەماوەر دەربچێت، یان بە دەنگی پەرلەمان دەربچێتو لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بێت، جێی قسەكردنی من نییە، بەڵام ئەوەی بۆ من زۆر جێی سەرنج بوو، كاتی خۆی كە ئەم رەشنووسە لە پەرلەمان تێپەڕێندرا –نابێ لە بیرمان بچێت- شەڕێكی زۆرمان لەسەر كرد، بەتایبەتی ئەو كاتی رای زۆر بەهێز لە پەرلەمان هەبوون، كە نابێ ئەو بڕگەیە بچەسپێت، كە باس لەوە دەكات: نابێ هیچ یاسایەك پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام بێت، دوایی بە هۆی پاڵەپەستۆی مامۆستایانی ئایینی –كە لە یەكێتی زانایان ماندووبوونێكی زۆری بۆ كراو- مامۆستایانیش لە وتارەكانیان زۆر جەغتیان لەسەر كردەوە، هەروەها جۆرە هەماهەنگییەكی بە تین هەبوو تا ئەم بڕگەیە چەسپا، ئێستاش كە قسە لەسەر دەستوور دەكرێت، زیاتر لە دوو لایەن وا لە قسەكانیان دەفامرێتەوە، هەندێكیشیان بە راشكاوی دەڵێن: دەبێ دەستوور بگەڕێندرێتەوەو یەك لەم خاڵانەی دەیانەوێت بیگۆڕن ئەو بڕگەیە كە تایبەتە بە ئایینەوە. ئەگەر تەماشایەكی رۆژنامەو گۆڤارەكان بكەن، ئەوانەی ئەم نیازەیان هەیە، زۆر بە بوێریو تووندییەوە ئیشی بۆ دەكەن. جا لێرە قسەی من بۆ ئەم مامۆستا بەڕێزو خۆشەویستانە ئەوەیە: لادانی بڕگەی پەیوەست بە ئایینەوە بۆ ئێمەی مامۆستایانی ئایینی هێڵی سوورە، كاتی خۆی بە هەوڵو ماندووبوونێكی زۆر چەسپێندرا، ئایا ئێوەی بەڕێز چ زەمانەتێكتان بە دەستە كە مەسەلەی ئایین –كە بۆ ئێمە هێلی سوورە- ناكەوێتە بەر باسو قسەو لابردن. پوختەی قسان: دەستوور بگەڕێتەوە یان نا؟ دەسەڵاتەكان كەم بكرێنەوە یان نا؟ ئایا چەندە پڕە لە كەمو كوڕیە یان نا؟ مادەیەك بگۆڕێت یان نا؟ كێ هەقە كێ ناهەقە؟ ئەوانە -لێرەدا- قسەی من نینەو، هەموو لایەكی سیاسی و رۆشنبیریو رۆڵەكانی ئەم وڵاتە مافی رەخنەو سەرنجو تێبینی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئێمەی مامۆستایانی ئایینی: هەر هەنگاوێكمان دەبێ بە هەوڵەكانی رابردووو زەمانەتی داهاتوو بەسترابێتەوە، ئەگەر زەمانەتمان هەیە خۆمان دەخەینە هەموو شەڕێكەوە، ئەگەر زەمانەتیشمان نییە دەبێ بە وریایی بچینە ناو باسو خواسەكانەوە و پەلە لە هەڵوێستەكانمان نەكەیەن. جا ئەگەر زەمانەتێكی سەد دەر سەد هەیە، تكایە ئاگادارمان بكەنەوە، تا نەك ئەو ژمارەی مامۆستایانی ئایینی، بەڵكو هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ پاراستنی برایەتیو یەكڕیزی. ئەگەر پێش ئەم بەیاننامەش ئاگاداربوومایە بێگومان لە نزیكەوە ئەم قسانەمان دەكرد، خۆزی ئاگاداری یەك دەبووین. لێرەشدا هیچ غەمو هەمی سیاسیم نییە، چونكە ئەوە خەڵك لەم قسانە پرَ بووە، بەڵام مەسەلەی دینەكە ئەگەر وریا نەبین دەنگە دەنگێكی دیكە دروست دەكاتەوە. نووسینی ئەم بابەتەشم زیاتر بۆ ئەوە بوو، كە وێڕای وردبینیتر لە نووسینو كاردا، پەیامێكیش بوو بۆ ئەو لایەنە بەڕێزانەی داوای گێڕانەوەی دەستوور دەكەن، گفتوگۆ لەگەڵ هاوكارەكانیان بكەنو، جۆرە زەمانەتێكیان لێ وەربگرن، كە ئەگەر گەڕاوە مەسەلەی دین دەستكاری نەكەن. |