گه‌شه‌کردنی سه‌له‌فیه‌ت له نێوان مەلای گەورەو گڵکۆی نەوشیروان مستەفا جه‌عفه‌ر گوانی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌ر بیرۆكه‌و ره‌وتێك هێنده‌ی وابه‌سته‌ی كاردانه‌وه‌ی واقیعێكه كه‌متر له‌گه‌ڵ خودی خۆیدایه، به‌و مانایه‌ی هه‌ندێكجار ئه‌وه‌نده‌ی دۆخێكی تایبه‌تی هاوكار ده‌بێت بۆ گه‌شه‌كردنی ره‌وتێك وه‌ك كاردانه‌وه‌ی واقیعێكی ناهاوسه‌نگ له‌وانه‌یه كه‌متر به‌هۆی خودی فیكره‌كه‌وه بێت، بۆ نموونه له سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له هه‌ر شوێنێك ئاغا‌و ده‌ره‌به‌گی زۆردار هه‌بووبن، خه‌ڵكه كرمانجهكه زیاتر به‌ره‌و شیوعیه‌ت چوونه، چونكه شوعییهكانیان وه‌كو فریادڕه‌سی كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشان بینیوه، تا ئێستاش ئه‌و ناوچانه زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری شوعی پێك دێنن. هه‌ر به هه‌مان شێوه هه‌ر كاتێك به‌ناوی دیندارییه‌وه ساخته‌كاری و فریودان گه‌شه‌ی كردبێت ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ فیكری سه‌له‌فیه‌ت بووه‌ته‌وه، بۆ نموونه ئه‌وه‌ی رایه‌كانی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه ده‌رباره‌ی شێخ و هه‌ندێك مه‌لاو ده‌روێش و سۆفییه‌كانی ئه‌و كاتی بخوێنێته‌وه، جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان تێڕوانینه دینیه‌كانی مه‌لای مه‌لای گه‌وره‌و سه‌له‌فییه‌كانی ئه‌مڕۆ ناكات، به‌ڵام له هه‌قیقه‌تدا وا نییه، چونكه مه‌لای گه‌وره زۆر رای تایبه‌تی هه‌بووه، له‌وانه رای له‌گه‌ڵ نه‌سخی قورئان و محه‌مه‌دی مه‌هدی و هاتنه‌وه‌ی مه‌سیح و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ی هاوشێوه نه‌بووه، قسه‌شی له‌سه‌ر زۆرێك فه‌رمووده هه‌بووه، که ئه‌مانه خاڵی دیاری جیاوازی ئه‌ون له‌گه‌ڵ زۆرێك له لێکدانه‌وه ته‌قلیدییه‌کانی پێش خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكردووه مه‌لای گه‌وره وه‌كو سه‌له‌فییه‌ك ده‌ركه‌وێت به‌رامبه‌ر بازێك شێخ و مه‌لاو ته‌ریقه‌ت، كاردانه‌وه‌ی بووه به‌رامبه‌ر ئه‌م چینانه، نه‌خاسمه شێخه‌كانی ئه‌و كاتی زیاتر خه‌ریكی پارووی چه‌ورو سامان كۆكردنه‌وه بوونه، سۆفی و ده‌روێشه بهستهزمانهكانیان رووتكردوونهتهوهو هه‌موو شتێكی ژیانیان لێ حه‌رام كردوونه، بۆ ته‌رکه دنیا هانیان داون، بۆ خۆشیان حه‌ڵاڵ و زه‌ڵاڵ بووه، زۆرینه‌ی مه‌لای ئه‌و كاتیش ده‌هۆڵیان بۆ مه‌جلیسی ئه‌و كۆلكه شێخانه لێداوه، ئه‌مه وایكردووه مه‌لای گه‌وره تووند لێیان وه‌ده‌نگ بێت و شۆڕ‌شیان لێ ئاگر دات، ئه‌گه‌ر وا نییه بۆچی مه‌لای گه‌وره له ئاست شێخ عومه‌ری بیاره ده‌وه‌ستێت و به شێخی خۆی وه‌سفی ده‌كات، چونكه شێخی بیاره كه‌سێكی ساده‌و خاكی و دیندار بووه، شه‌وانه به دزی پێڵاوی دڕاوی فه‌قێكانی بیاره‌ی دهبردنهوهو بۆی ده‌دوورینه‌وه، مه‌لای گه‌وره گه‌ره‌كی بووه خه‌ڵك له‌و كۆیله‌ییه رزگار بكات. له قۆناخی ئێستاكهشدا هه‌سته‌كه‌م هه‌مان شت دووباره ده‌بێته‌وه، نكوڵی له خه‌بات و رۆشنبیری نۆشێروان مسته‌فا ناكرێت، كتێبخانه فیكرییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی باشترین شاهێده بۆی، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی دوای مردنی كۆمه‌ڵێك پرسیاری دروست كردووه. سه‌ردانیكردنی هه‌وادارانی بۆ گڵکۆکهیی وه‌كو هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی تر، له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به شتێكی ئاسایی ده‌زانم، به‌تایبه‌تی له ناو گه‌رمه‌ی ئه‌و ژاوه ژاوه‌ی كوردستان، له‌وانه‌یه ناونانیشی به كابهو حه‌ج و گه‌وره‌كردنی بۆ هه‌وادارانی بچێته خانه‌ی سۆزی بێ سنووریان (هه‌رچه‌نده رێگه‌ی شه‌رعیشی ناچێتێ و دروست نییه)، ره‌نگبێ كه‌سێك (مه‌به‌ستم كه‌سی دیاریكراو نییه) بڕوای به هیچ دروشمێكی ئیسلامی نه‌بێت، به‌ڵام بۆ سه‌رنج راكێشان ئه‌م كاره بكات، به‌ڵام كاتێك ره‌وتێكی ته‌ریقه‌ت یان مه‌لایه‌كی مێزه‌ر به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی سنووربه‌ده‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕه ده‌كات، ئه‌وا كاریگه‌ری نه‌رێنی لێده‌كه‌وێته‌وه، له‌وانه‌یه ئێستا شوێنه‌واره‌كه‌ی دیار نه‌بێت، به‌ڵام له داهاتوودا كارتێكی به‌هێزی برا سه‌له‌فیه‌كان ده‌بێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی عه‌قیده‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له ته‌ریقه‌ت و ته‌سه‌وف نزیكن، نه‌خاسمه ئه‌وان راست و بێ سڵه‌مینه‌وه دژی ئه‌م كارانه‌ن و هه‌میشه قسه‌یان ده‌رباره‌ی شیرك و زێده‌ڕۆییكردنه له گه‌وره‌كردنی (دینیانه‌ی) مرۆڤه‌كان. به كورتی قسه‌ی ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به خودی كاك نه‌وشێروان و هه‌وادارانی نییه، پێم وایه ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنانه باشترین هاندانێكه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانمان زیاتر به‌ره‌و سه‌له‌فیه‌ت بچن، به‌تایبه‌تی كه هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له ئاست ئه‌م ته‌واف و زیكری ده‌وری گۆڕی كاك نۆشێروان نابینن، پێویستیش ناكات كه‌س گله‌ییان لێ بكات. |