(چیان به مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی گوت؟) جه‌عفه‌ر گوانی کاتێك له رۆژی ته‌ڕویه هه‌موو حاجیه‌کان به‌رگی ئیحڕام ده‌پۆشن و به‌ره‌و مینا‌و عه‌ره‌فه به‌ڕێده‌که‌ون، پیشاندانی یه‌که‌مین مانای کرده‌یی (وَلَقَدۡ كَرَّمۡنَا بَنِيٓ ءَادَمَ – سوێند بێت بێگومان ڕێزمان له نه‌وه‌ی ئاده‌م گرت)، چونکه له‌وێ ته‌نیا مرۆڤ وه‌کو خۆی ده‌مێنێته‌وه، هه‌موو مرۆڤێك به‌ڕاستی یه‌کسان ده‌بێت، تاکه کات و شوێنێکه که هه‌موو مرۆڤه‌کان یه‌کسان بن، (یه‌ك به‌رگ، یه‌ك شوێن، یه‌ك خێوه‌ت، یه‌ك هه‌ناسه، ...)، له‌وه‌دا فێرده‌بین ئیدی مرۆڤمان وه‌کو مرۆڤ به‌لاوه گه‌وره بێت، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نامێنێته‌وه بۆ (سامان، جل و به‌گی گرانبه‌ها، پله‌و پۆست، ئۆتۆمبێل، بنه‌ماڵه، روخسار، ...)، دواتریش جه‌ژنی قوربان بڕیارێکی خواییه، که ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌یانبینن رێزدارترین مه‌خلوقی ئه‌رزن بۆیه نابێ بکرێنه قوربانی هیچ شتێك، هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌بێ بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بێت (وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ)، چونکه ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌یبینن به‌م شڕو رووتییه نوێنه‌رایه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌کات، له هه‌موو شتێك رێزدارترو گه‌وره‌تره. ئه‌و مرۆڤه به قه‌دره، خوای گه‌وره رێزی گرت به پێدانی ئه‌قڵ و ناردنی په‌یامبه‌ران، به‌ڵام کاتێك هه‌مان ئه‌و مرۆڤه له ئاست به‌ڵگه‌و نیشانه‌کانی خوایی و حه‌ق و عه‌داله‌ت که‌ڕو لاڵ و نابینا ده‌بێت، له جیاتی گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی چاک و کارکردن به ئاراسته‌ی خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، شه‌ڕانگێزی و چاوچنۆکی و نادادی ده‌گرێته به‌ر، ئیدی ئه‌م مرۆڤه له‌م ئاسته مه‌زنه دێته خواره‌وه بۆ خراپتر له ئاژه‌ڵ و ده‌بێته شیاوی خراپترین جێگه (وَلَقَدۡ ذَرَأۡنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرٗا مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِۖ لَهُمۡ قُلُوبٞ لَّا يَفۡقَهُونَ بِهَا وَلَهُمۡ أَعۡيُنٞ لَّا يُبۡصِرُونَ بِهَا وَلَهُمۡ ءَاذَانٞ لَّا يَسۡمَعُونَ بِهَآۚ أُوْلَٰٓئِكَ كَٱلۡأَنۡعَٰمِ بَلۡ هُمۡ أَضَلُّۚ أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡغَٰفِلُونَ - سوێند به خوا به ڕاستی دروستمان کردووه بۆ دۆزه‌خ زۆرێك له جنۆکه و ئاده‌می دڵیان هه‌یه به‌ڵام پێی تێناگه‌ن (له ڕاستی) و چاویان هه‌یه (هه‌قی) پێ نابینن و گوێیان هه‌یه (هه‌قی پێ) نابیستن ئه‌وانه وه‌ك ئاژه‌ڵ و (چوار پێ) وان بگره خراپتر و گومڕاترن (له ئاژه‌ڵ) هه‌ر ئه‌وانه‌ن بێ ئاگایان). به‌ڵام مرۆڤێك باوه‌ڕدار بێت له‌گه‌ڵ باوه‌ڕه‌که‌ی کرده‌وه‌ی چاك ئه‌نجام بدات، کرده‌وه‌ی چاك به مانا فراوانه‌که‌ی که خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی پێ بکات، نه ئه‌وانه‌ی گورگن له پێستی مه‌ڕدا که عیبادهت و په‌رستشه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ده‌ستیش له ئازاردانی (گیان و ماڵ و نامووس و دین)ی مرۆڤه‌کان نه‌گێڕێته‌وه، جا ئه‌و مرۆڤه چاکانه ده‌ستیان به پێگه‌ی به‌رزی مرۆڤانه‌ی خۆیانه‌وه گرتووه به مه‌زنی ده‌مێننه‌وه‌و به‌ره‌و پله‌ی هه‌ره نزمی گیانه‌وه‌ران داناڕزێن، وه‌ك خوای گه‌وره ده‌فه‌رمووێت: (لَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ فِيٓ أَحۡسَنِ تَقۡوِيمٖ* ثُمَّ رَدَدۡنَٰهُ أَسۡفَلَ سَٰفِلِينَ* إِلَّا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ فَلَهُمۡ أَجۡرٌ غَيۡرُ مَمۡنُونٖ - به‌ڕاستی ئێمه ئینسانمان له جوانترین شێوه و ڕێکوپێکترین شێوازدا دروست کردووه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه* سه‌ره‌نجام ده‌یخه‌ینه نزمترینی شوێنه نزمه‌کانه‌وه له دۆزه‌خدا* جگه له‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه‌و کار‌و کرده‌وه چاکه‌کانیان ئه‌نجامداوه، پاداشتی هه‌میشه‌و نه‌بڕاوه بۆیان ئاماده‌یه). ناوه‌ڕۆکی ئه‌م په‌یامه‌یه کاتێك مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی ساڵی (1220ک - 18055م) چووه‌ته سه‌فه‌ری حه‌ج، له شاری مه‌دینه‌ی منه‌وه‌ره خۆی به نه‌زان پیشان ده‌دات و چاوی به زانایه‌کی یه‌مه‌نی ده‌که‌وێت و داوای ئامۆژگاری لێ ده‌کات، ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر له مه‌ککه شتێکت دیت وا ده‌هاته به‌رچاوان پێچه‌وانه‌ی شه‌رع بێت، په‌له مه‌که له ئینکاریکردنی). جا کاتێك مه‌ولانا له به‌رامبه‌ر به‌رده ره‌شه‌که راوه‌ستاوه ده‌بینێت کابرایه‌ك پشتی له کابهو رووه‌و مه‌ولانا دانیشتووه‌و خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی (دلائل الخیرات)ه، مه‌ولانا له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: بۆچی ئه‌و کابرایه پشتی له کابه‌ی ماڵی خوا کردووه؟، یه‌کسه‌ر کابرا بانگی ده‌کات: (ها فڵان که‌س ئایا نازانی حوڕمه‌تی باوه‌ڕدارێك له‌لای خوا له کابه زیاتره... بۆچی ره‌خنه ده‌گری له‌وه‌ی پشتم له کابهو رووم له تۆیه؟!). ئه‌م قسه‌ی مه‌ولانا خالید ده‌یگێڕێته‌وه یه‌ك له ده‌رسه گه‌وره‌کانه تا مسوڵمانان قیمه‌ت و نرخی مرۆڤ وه‌کو خۆی بزانن، ئه‌وه نییه مرۆڤ له‌و کابهیهش گه‌وره‌تره که یه‌ك نوێژی به سه‌د هه‌زار نوێژه. مرۆڤه‌کان به‌رزن تا نرخی مرۆڤایه‌تی مرۆڤه‌کان بزانن به‌ده‌ر له هه‌موو شتێکی ده‌ره‌کی، هه‌ر که‌سێکیش له شکۆو نرخی مرۆڤ بێنێته خواره‌وه ئه‌وه جێگاکه‌ی (أسفل السافلین)ه. ئه‌مه‌ش مانای وایه شکۆی مرۆڤ چه‌قی عیباده‌ته له ئیسلامدا. |