هه‌ر مرۆڤێك له‌سه‌ر ئاستی تاك یان ئاستی کۆمه‌ڵ ئه‌گه‌ر شوناس یان پێناس و ماهیه‌تی خۆی ناسی، ئینجا کاره‌کانی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م ناسنامه‌یه‌دا سووڕانده‌وه، بۆ خۆی ده‌بێته که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو، هه‌روه‌ها له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێته که‌سێکی مفادارو سوودبه‌خش، کۆمه‌ڵگه‌ش له‌هه‌مان چوارچێوه‌وه رێز‌و حوڕمه‌تێکی تایبه‌تی بۆ داده‌نێت و قسه‌کانی به هه‌ند وه‌رده‌گرێت. بۆیه کاتێك که‌سێك ده‌بێته (مه‌لا)و له هه‌ڵسوکه‌وتی رۆژانه‌و کاره‌کانیدا گه‌ره‌کی بێت وه‌کو مه‌لایه‌ك مامه‌ڵه بکات، بێگومان خاڵی ده‌ستپێك پێویسته شوناسی خۆی بزانێت، ئه‌گینا که‌سێکی دۆڕاو ده‌رده‌چێت و نازانی له کوێوه ده‌ستپێده‌کات و له کوێوهش کۆتایی پێ دێنێت، له‌وانه‌ش خراپتر که‌سانێك شوناسی راسته‌قینه‌ی خۆیان ناناسن، که‌چی ده‌یانه‌وێت له هه‌مووان شاره‌زاتر خۆیان نمایش بکه‌ن، له‌وانیش مه‌ترسیدارتر ئه‌وانه‌ن که شوناسی خۆیان وه‌کو مه‌لای کورد ده‌ناسن، که‌چی به ئاسانی سازشی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، له‌پێناو ئه‌م و ئه‌ودا قوربانی به پیشه‌و مه‌کانه‌ت و مێژووی مه‌لایه‌تیان ده‌ده‌ن. له‌م نووسینه‌دا گه‌ره‌که تیشکێك بخه‌ینه سه‌ر پێناسی مه‌لا، ئینجا چۆن پێویسته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره پیرۆزه بکه‌ین: مه‌لا کێیه؟ به بروای به‌نده به‌کارهێنانی زاراوه‌ی مه‌لا بۆ ئێمه‌ی مامۆستایانی ئایینی شیاوترو جوانتره، چونکه مامۆستا وشه‌یه‌که گشتگیره، ده‌کرێ بۆ مامۆستای (ئایینی)و (باخچه‌ی ساوایان)و (بنه‌ڕه‌تی)و (ناوه‌ندی)و (په‌یمانگا)و (زانکۆ) به‌کاربهێندرێت، ئینجا به پاشگری (ئایینی) له‌وانی دیکه جیاده‌کرێته‌وه، هه‌روه‌ها وشه‌ی (زانا)ش پڕبه‌پێستی خۆی نییه، چونکه مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرن، یان ده‌بنه پێشنوێژ‌و وتارخوێن یان بڕوانامه‌ی باڵا به‌ده‌ست دێنن، زانا بن. به‌ڵام به‌داخه‌وه به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست له‌مێژه هه‌وڵده‌درێت له نازناوی (مه‌لا) که‌مبکرێته‌وه، زۆرێك له چه‌پ و عه‌لمانی و تا ده‌گاته مولحید‌و بێدینه‌کان نازناوی (مه‌لا)یان به‌سه‌ر خۆیان دابڕیوه، هه‌ندێك له‌وانه بۆ چه‌واشه‌کردنی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی پاک‌و خاکی گونده‌کانی کوردستان بووه، هه‌ندێکی دیکه‌ش بۆ سوککردنی نازناوه‌که بووه، ئێستا به‌داخه‌وه حاڵه‌تێکی دیکه‌شی هاتۆته سه‌ر، کاتێك له مارکێت و دوکانه‌کانی پیشه‌سازی (صناعه) وه‌ستاو شاگرده‌کان به‌ناوی (مه‌لا) بانگی یه‌ك ده‌که‌ن، دڵنیام ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه به ئه‌نقه‌ست و بۆ شکاندنی پێگه‌ی مه‌لایه‌تی ئه‌و کاره ناکات، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێکیان زۆر رێز له مه‌لاو ئه‌هلی دین ده‌گرن، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆیان بکه‌ن، بوونه‌ته به‌شێک له پیلانی لێدان و شکاندنی مه‌لای کورد، تا کارگه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی کاتێك به (مه‌لا) بانگی مامۆستای ئایینی ده‌که‌ن، پێی قه‌ڵس ده‌بن، حه‌زده‌که‌ن له بری ئه‌وه به (مامۆستا) بانگ بکرێن، له‌وانه‌یه رازی نه‌بن رێکخراوه‌که ناوی بگۆڕێت بۆ (یه‌کێتی مه‌لایانی کوردستان)، له‌وه‌شدا ناهه‌ق نین، چونکه وشه‌که تا حه‌دێکی زۆر کرێتکراوه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بۆ کتێبه کۆنه‌کان بگه‌ڕێینه‌وه وشه‌ی (مه‌لا)ـیان له‌جێگای زانا‌و عالمی گه‌وره به‌کارهێناوه، بۆنموونه که‌سێكی وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه له ته‌فسیره‌که‌یدا ناوی ئیمامه‌کانی وه‌ك (ئه‌بوحه‌نیفه، مالیك، شافیعی، ئه‌حمه‌د کوڕی حه‌نبه‌ل، غه‌زالی، فه‌خره‌دینی رازی، شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی...) به (مه‌لا) ناوده‌بات، هه‌ندێكجار قه‌شه زاناکانی بواره‌کانی دیکه‌و دینه‌کانی دیکه‌ش به (مه‌لا) ناوده‌بات، له‌لای ئه‌و ناوی (مه‌لا = زانا). بۆیه گله‌یی له‌وه نییه به‌شێك له هه‌ڵگرانی زانستهکانی مه‌لایه‌تی به ناوهێنان به (مه‌لا) تووڕه‌بن، نه‌خاسمه که که‌سانێك وه‌کو ئیهانه‌و سووکایه‌تیپێکردن به‌کاری دێنن، به‌ڵام پێویسته هێدی هێدی ئه‌م نازناوه تایبه‌ت و گه‌وره‌یه به کۆمه‌ڵگه ئاشنابکهینهوهو نێوانی تاکی موسڵمانی کوردستان و ئه‌و نازناوه شهرهفداره ئاشتبکه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به فه‌رمی پیشه‌که ئه‌نجام ده‌ده‌ن، شانازی به‌وه بکه‌ن نازناوی (مه‌لا) له‌پێش ناوه‌که‌یان بنووسن، بۆیه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌بری ناوێکی ساده‌ی بێ نازناو، هه‌ر نازناوێك بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن، نازناوی (مه‌لا) جوانترین و گه‌وره‌ترین و تایبه‌تترین و پڕماناترینه. پیرۆزترین پیشه له ئیسلامدا هیچ پیشه‌یه‌ك نییه هێنده‌ی زانای ئایینی شهرهفمهندترو پێگه به‌رزترو ئاسۆ فراوانتر‌و تۆکمه‌تر بێت، چونکه میراتگری پێغه‌مبه‌رانه، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (درودی حوای له‌سه‌ر بێت) له فه‌رمووده‌یه‌کدا (الترمذی 5/ 49) ده‌فه‌رمووێت: « إِنَّ العُلَمَاءَ وَرَثَةُ الأَنْبِيَاءِ ». هه‌روه‌ها گرنگترین ئه‌رکی پێغهمبهرایهتیشیان هه‌ڵگرتووه که ده‌عوه‌و بانگه‌وازه بۆ لای خوا ﴿ قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي ﴾ [یوسف: 108]، خه‌ڵکی به‌ره‌و په‌یامی خوا ئاراسته ده‌که‌ن، شه‌و و رۆژ ناسڵه‌مێنه‌وه له ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ق و ڕاستی تا خه‌ڵك تێده‌گه‌ینن و وه‌ریده‌گرن، ئینجا کاری پێده‌که‌ن، پاشان رێگای ته‌زکیه‌و پاڵفته‌کردنی ده‌روون نیشانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، فێریان ده‌که‌ن چۆن دڵسۆزانه فێره هه‌موو پیشه‌یه‌ك بن، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پیشانهوه خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بکه‌ن، به دڵسۆزی کاربکه‌ن و ره‌زای خوا له پێشه‌وه‌ی هه‌موو شتێك دابنێن، که‌واته ئه‌وانن (پزیشکێك، ئه‌ندازیارێك، مامۆستایه‌ك، ئابووریناسێك، مافناس و پارێزه‌رێك، دادوه‌رێك، ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌یه‌ك، وه‌ستاو کرێکارێك،...) ئاراسته‌ده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی به چاکی خۆیان له ئیشه‌که‌یان شارهزابکهن و به باشیش جێبه‌جێی بکه‌ن، بۆیه له‌م ڕوانگه‌وه ئه‌مه پیرزۆترین ومه‌زنترین ئه‌رک و پیشه‌ی پیرۆزه. له کوێوه کارده‌که‌ین؟ کاتێك زانای ئایینی پیرۆزترین پیشه‌ی هه‌ڵبژاردووه، ده‌بێته پێشه‌نگ و سه‌رکردایه‌تی ده‌گرێته ئه‌ستۆ، به‌ڵام سه‌ردارێك جیاواز له‌وانه‌ی له مه‌یدانی چه‌کداری یان ئابووری یان هونه‌ری پێشه‌وایه‌تی خه‌ڵك ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا له‌وانه‌یه به ئاسانی هه‌ڵنه‌که‌وێت مه‌لایه‌ك ڕاسته‌وخۆ له‌و مه‌یدانانه کاربکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به دیقه‌ت له‌و ناسنامه‌ی مه‌لایه‌تی وردبینه‌وه، گۆڕه‌پانه‌که‌ی له هه‌موویان گرنگتره ئه‌ویش گۆڕه‌پانی په‌روه‌رده‌کردنی دهروونهکانه، ئه‌گه‌ر رۆڵی ڕاسته‌وخۆی ببینێت و ده‌رفه‌تی پێبدرێت، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی پێگه‌یاندنی رێبه‌رانی سیاسی و په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و پزیشکی و ئه‌ندازیاری و ژمێریاری و... که به جوانترین شێواز ئه‌رکه‌کانیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن و حوڕمه‌تی پێگه‌ی مه‌لاش ده‌زانن، بگره بۆ هه‌ر پرسێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای، به‌ڵام کاتێك له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ریکی پاڵفته‌کردنی ده‌روونی که‌سانی دیکه‌و پێگه‌یاندنیان بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه‌ی خێر‌و رووناکی، رێگای دروست پیشانی خه‌ڵک بدات، خۆی ده‌بێته کلک و پاشکۆ، خوودی خۆی پشتگوێ ده‌خات و وێڵی هه‌واو ئاره‌زووه‌کان ده‌بێت، ئاوڕ له‌وانی دیکه‌ش ناداته‌وه، شوناسی خۆی ون ده‌کات، به‌مه‌ش ده‌بێته پاشکۆ و هه‌ر رۆژه‌و به باس‌و خواسێکی لابه‌لا سه‌رقاڵ ده‌کرێت، ئه‌ویش رۆژێك گله‌یی و رۆژێك بێزاری ده‌رده‌بڕێت، ئه‌مه‌ش ئاساییه، چونکه له‌بیری چووه میراتگری پێغه‌مبه‌ره، له‌بیری چووه ده‌عوه‌و بانگه‌وازی ڕاسته‌قینه جیهادو ئهحسهنول قه‌وله. له کوێوه ده‌ستپێبکه‌ین؟ کاتێك مامۆستای ئایینی شوناسی خۆی ده‌ناسێت و بڕوای به په‌یامه‌که‌ی ده‌بێت، شه‌و و رۆژی ده‌کاته یه‌ك بۆ سه‌رخستنی په‌یامه‌که‌ی، بۆئه‌مه‌ش باشترین رێباز هه‌ڵده‌بژێرێت تا بانگه‌وازی بۆ بکات و رووناکی مۆمه‌که‌ی بگه‌یه‌نێته خه‌ڵك، دیاره باشترین رێگاش رۆڵی پێشه‌نگبوونه، واته به‌رله‌وه‌ی قسه‌ی جوان هه‌ڵبژێرێت، جلوبه‌رگی جوان هه‌ڵبژێرێت، هه‌وڵده‌دات قسه‌کانی خۆی له کرداره‌کانی به‌رجه‌سته بکات، کاتێك باسی ئهمرو نههیێك ده‌کات یه‌که‌مین که‌سه پابه‌ندی ده‌بێت، درووشمی حه‌زره‌تی شوعه‌یب دووباره ده‌کاته‌وه که نامه‌وێت شتێك بکه‌م، که له ئێوه‌م قه‌ده‌غه‌کردووه، ﴿ وَمَا أُرِيدُ أَنْ أُخَالِفَكُمْ إِلَى مَا أَنْهَاكُمْ عَنْهُ ﴾، له هه‌مان کاتدا فه‌رمان به هه‌ر شتێك بکات یه‌که‌مین که‌سه ئه‌نجامی ده‌دات، نا له هه‌ر شتێك بکات یه‌که‌مین که‌سه وازی لێ دێنێت، به‌م کارانه‌ی جوانترین په‌یامی ده‌عوه‌و بانگه‌واز ده‌کات، خه‌ڵك هێنده‌ی گوێ له بانگه‌وازی بێده‌نگ و ره‌وشتی به‌رز ده‌گرن و به‌پیر په‌یامی کرده‌وه جوانه‌کان دێن، هێنده تاقه‌تی قسه‌ی بێناوه‌ڕۆك و گوفتاری بێ ڕه‌فتاریان نییه. پێویسته ئه‌م میراته‌ش له پێغه‌مبه‌ری خوا بگرن، ئه‌و هێنده‌ی به کرده‌وه‌کانی بانگی ده‌کردن، قسه‌ی کێمتربوون، بۆیه وه‌ك بوخاری ریوایه‌تی (صحیح البخاری 3/ 196) ده‌کات، کاتێك له ئاشتینامه‌ی حوده‌یبیه بێزارده‌بن، پێیان وایه ته‌نازولی تێدایه، خۆشه‌ویستمان سێ جار به قسه داوایان لێده‌کات قوربانی بکه‌ن و سه‌ریان بتاشن، به‌ڵام تاکه که‌سێك هه‌ڵناستن و کاره‌که ئه‌نجام ناده‌ن، ئینجا له‌سه‌ر پێشنیازی ئوم سه‌له‌مه‌ی هاوسه‌ری له‌خۆیه‌وه ده‌ستپێده‌کات، ئینجا یه‌ك به یه‌که‌ی هاوه‌ڵان هه‌مان فه‌رمانه‌که جێبه‌جێ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت، کاتێك په‌یامی مامۆستایانی ئایینی قسه‌ی جوان و خاڵی له ناوهڕۆك ده‌بن، هیچ کاریگه‌ری پێویستیان نامێنێت، به‌مه‌ش ده‌که‌ونه کۆتایی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که. بۆ ئه‌وه‌ی به‌جێ نه‌مێنین کاتێك زانیمان مه‌لای کورد میراتگری پێغه‌مبه‌رو، سه‌رقافڵه‌ی کاروانی چاکسازی و چاکه‌کارییه، هه‌روا ئه‌رکه بتوانێ باشه‌کان به‌ره‌و مه‌یدان ببات، شه‌و و رۆژ فرمێسك بۆ ئیسڵاح و چاکه‌کاری بڕێژێت، کاتێك که‌سێك ده‌بینێ فریودراوه، خه‌می بۆ بخوات، بۆی بگریێت، عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌ك بێت له‌و که‌تنه ههڵیستێنێتهوه، له‌و نه‌هامه‌تییه رزگاری بکات، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته: یه‌که‌م: خۆمان ته‌واو بۆ خوا یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه، به دڵسۆزی کاره‌کان ئه‌نجام بده‌ین، جگه له ره‌زامه‌ندی خوا، مه‌به‌ستمان پێهه‌ڵداگوتن و ستایش‌کردن نه‌بێت. دووه‌م: کرداره‌کانمان ڕاستی په‌یامه‌که‌مان پیشان بده‌ن، نابێ قسه‌و کردارێكمان هه‌بێت، که که‌سێکی زۆر ئاساییش ئه‌نجامی نه‌دات، چ جای مامۆستای ئایینی. به کرده‌وه ببینه پێشه‌نگ، نه‌ك وه‌ستای قسان و کۆله‌واری کرده‌وان بین. سێیه‌م: تێکه‌ڵی هه‌ر که‌سێك ده‌بین، خوودی په‌یامه‌که‌مان له‌بیرنه‌چێت، کاتێك له دانیشتنی بازرگان و به‌رپرس و کرێکار‌و سیاسه‌توان و ... هه‌ر که‌سێك و له هه‌ر شوێنێك به‌شدارده‌بین، نابێ په‌یامه‌که‌ی خۆمان له‌بیربچێت، که له‌بیرمان چوو، به‌ر له خۆمان پیشه‌که‌مان و دینه‌که‌مان ده‌که‌ینه قوربانی. چواره‌م: ده‌کرێ مامۆستای ئایینی قسه‌خۆش و خه‌نده‌هێن بیت، به‌ڵام به‌جۆرێك نا، که‌سایه‌تییه‌که‌ی بخاته ژێر پرسیاره‌وه، یان به گوناهـ و سه‌رپێچی و گاڵته‌جاڕی و سووکایه‌تیکردن به ئه‌م و ئه‌و بێت. پێنجه‌م: له تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ که‌سانی سیاسی (له هه‌ر لایه‌ن و هه‌ر ئاستێك بن) ده‌بێ بزانین ئێمه میراتگری پێغه‌مبه‌رانین، نه‌که‌ین ده‌ست بۆ شتێك ببه‌ین میراته‌که‌مان له‌که‌دار بکات، وه‌ك راکه ڕاکه له دوای ئه‌م و ئه‌و و پێشبڕکێکردن بۆ وێنه‌گرتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌و ڤیدیۆکان به‌بێ هیچ بۆنه‌و موناسه‌به‌یه‌ك. شه‌شه‌م: به یه‌ك چاو ته‌مه‌شای هه‌موو خه‌ڵك بکه‌ین، خه‌می گوناهبارهکانمان بێت چۆن رزگاریان بکه‌ین. حه‌وته‌م: هه‌تا ده‌کرێ خۆمان له چه‌له‌حانێی سیاسی ناشه‌ریفانه بپارێزین. هه‌شته‌م: له دینداریدا له پێشه‌وه بین، زمانێکی خاوێن، رووخسارێکی به خه‌نده، زارێکی ته‌ڕ به زیکر، به کرده‌وه‌کانمان نوێنه‌رایه‌تی ره‌وشتی پێغه‌مبه‌ر بکه‌ین. نۆیه‌م: له‌ژیر درووشمی ﴿ ۆقُلْ رَبِّ زِدْنِی عِلْمًا ﴾، تا ده‌مرین خۆمان به که‌م زانا‌و خوێنده‌وارێکی سه‌ره‌تایی بزانین، بۆئه‌وه‌ی قه‌تاوقه‌ت له کتێب و خوێندنه‌وه دانه‌بڕێین. ده‌یه‌م: به‌رگریکارێکی سه‌رسه‌ختی ئایینه‌که‌مان بین، ئه‌وانه‌ی به‌رگری له ئایینی خۆیان ده‌که‌ن، نه‌یارانیش خۆشیان ده‌وێن و رێز‌و پێزانینیان بۆیان هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی ترسنۆکن و سازش له‌سه‌ر ئایینه‌که‌یان ده‌که‌ن، له هه‌موو لایه‌ك پێگه‌ی نزم و که‌سایه‌تی لاوازده‌بێت. ئه‌مانه ته‌نیا چه‌ند خاڵێکن، جا ئه‌گه‌ر به کورتی زانیمان ئێمه کێین؟ ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئێمه چییه؟ له کوێوه ده‌ستپێده‌که‌ین؟ له هیچ کات و شوێنێك ئه‌رکی یه‌که‌می خۆمان له‌بیرنه‌چوو، ئیدی هه‌ر کارێك بکه‌ین ده‌بێته پردێکی ئاسان بۆ ده‌عوه‌و بانگه‌وازی. به پێچه‌وانه‌وه کاتێك به‌رگی مه‌لایه‌تی ده‌که‌ینه پردی زهنگینبوون و ناوبانگ و ژۆرێی مهجریس و غاردان له دوای ئه‌م و ئه‌و، تێکچوونی ره‌وشتی کۆمه‌ڵگاو، وێرانبوونی خێزان، سه‌رگه‌ردانبوونی گه‌نجان، زۆربوونی خواردنی ماده‌هۆشبه‌ره‌کان، بڵاوکردنه‌وه‌ی گومان و بێڕێزی، ژێرده‌سته‌یی و سته‌مکاری، ... نه‌مان جووڵێنێت، ئه‌و کاتی ناوی مه‌لایه‌تی جگه له درۆیه‌کی شاخدار هیچی دیکه نییه، هیچ به‌هار نرخێکیشی نییه، چونکه خاڵی یه‌که‌م که شوناس و ناسنامه‌یه له ده‌ستمان داوه. |