یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
كوردى | العربية
په‌یوه‌ندی  |  لقه‌کان  |  ستافی کار  |  لینکی پێویست
دامەزراوە لە 21-9-1970
*****    *****   وتاره‌ پێشنیاركراوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌    *****    *****   سه‌يدسادق: مامۆستا مه‌لا محمدی گوڵانی كۆچى دوايى كرد    *****    *****   سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان پێشوازی له‌ دكتۆر عبداللطیف سه‌له‌فی ده‌كات    *****    *****   یه‌كێتی زانایان پیرۆزبایی له‌ دكتۆر به‌شیر خه‌لیل ده‌كات    *****    *****   ئورده‌ن: سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌ژداری كۆنگره‌ی ئاسایشی فیكری‌ ده‌كات    *****    *****   مامۆستا مه‌لا عوسمان هه‌روتى كۆچى دوايى كرد    *****    *****   ساڵی نوێی كۆچیتان پیرۆز بێت    *****    *****   مامۆستا مه‌لا سه‌عیدی قه‌ڵادزێ كۆچی دوایی كرد    *****    *****   یه‌كێتی زانایان پیرۆزبایی ته‌واوكردنی مه‌راسیمی حه‌ج له‌ مسوڵمانان ده‌كات    *****    *****   حوكمی كشانه‌وه‌ له‌ موزایه‌ده‌كان به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دارایی    *****    *****   جێگرى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانى كوردستان سه‌ردانى مه‌كته‌بى ته‌نفيزى يه‌كێتى زانايان ده‌كات    *****    *****   لیژنه‌ی باڵای فه‌توا: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كیونێت به‌ دروست نازانین   
جه‌عفه‌ر گوانی
به‌رواری دابه‌زاندن: 09/11/2010 : 12:26:29
قه‌باره‌ی فۆنت
به‌دران حه‌بیب به‌ كه‌فی دڵی خۆی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردستان ده‌كات؟
Gwani80@yahoo.com
پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ دوو شت به‌ خێرایی باس ده‌كه‌م، یه‌كه‌میان، ئه‌و براده‌ره‌ ئی ئه‌وه‌نده‌ی نییه‌ سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێكیشی پێ‌ خه‌سار بكه‌ی، چونكه‌ هه‌مووان ده‌زانن نه‌خۆشه‌ به‌رامبه‌ر هه‌تا مناره‌ی مزگه‌وتیش، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و شوێنه‌ نه‌بێت، كه‌ لێی دانیشتووه‌، خودی خۆی وه‌ك هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بوو، كه‌ رۆژانه‌ خه‌یاڵیان ده‌چنن‌و به‌ناوی ره‌خنه‌وه‌ له‌ ئه‌نته‌رنێت‌و رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌كان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

دووه‌میش به‌دران دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك شتی نا مه‌سئولانه‌، كه‌ كه‌سێك كه‌مترین هه‌ستی مرۆڤانه‌‌و، كه‌مترین غه‌می كوردستانی هه‌بێت، شتی وا نانووسێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ پێت وابێت ژیانی ئافره‌تێك كه‌وتۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، چونكه‌ ره‌خنه‌ له‌ سیسته‌می قوتابخانه‌كه‌ی گیراوه‌، ئه‌وا نووسینه‌كه‌ی تۆ نه‌ك كه‌سێك به‌ڵكو گیانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، من له‌ خوێنه‌ر ده‌پرسم: چ شتێك له‌و وتاره‌ هه‌ڕه‌شه‌ئامێزتره‌ بۆ كوردستان، كه‌ ئه‌و براده‌ره‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بابه‌تێكی لێوانلێو سوكایه‌تیكردنی به‌ مێژووی هه‌زار‌و پێنج سه‌د ساڵه‌ی ئیسلام بڵاوكرده‌وه‌؟، ئه‌و بابه‌ته‌ی كاك به‌دران به‌ زمانی عه‌ره‌بی، په‌یامێكی ئاقڵانه‌ بوو دایه‌ تیرۆریستان بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌نه‌ ئامانج. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ نووسینی ئه‌م جاره‌ی، خۆی له‌ خاڵه‌كانی نووسینه‌كه‌ی پێشوو دزیوه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م، چونكه‌ هه‌ڵه‌ چه‌ند گه‌وره‌ بێت، كه‌ هه‌ستت پێیكرد‌و، خۆتت لێی دزییه‌وه‌، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ جۆره‌ وشیاریه‌ك هه‌یه‌. به‌ڵام له‌و قسه‌ ریزكردنه‌شیدا پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌كیترین بۆچوون‌و ره‌وته‌كانی كوردستان به‌دران حه‌بیب كوڵی دڵی خۆی له‌ په‌نای كه‌نیسه‌ی سه‌یده‌تول نه‌جات هه‌ڵده‌ڕێژێ‌.
پارتی‌و یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و ئیسلامیه‌كان، هه‌موویان رێز له‌ رۆڵی زانایانی ئایینی ده‌گرن، تا ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی وه‌كو حزبن ئه‌و رێزلێنانه‌یان خستۆته‌ ناو پڕۆگرامی حزبیشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و خه‌باته‌ دوورو درێژه‌یه‌ كه‌ زانایانی ئایینی كردوویانه‌، كه‌ له‌ قۆناغی ئێستاشدا هه‌مو لایه‌ك شایه‌تی ده‌ده‌ن، كه‌ زانایانی ئایینی به‌ گشتی‌و (ئیتیحادی مه‌لاكان!) یه‌كێتی زانایان به‌تایبه‌تی چ رۆڵێكی هه‌یه‌، ده‌كرێ‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كتان بۆ بینمه‌وه‌:

1/ رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان به‌ ره‌سمی چه‌ند جار سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانیان كرد‌و ده‌ستخۆشانه‌یان لێكردن له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك فه‌توا‌و روونكردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان، كه‌ له‌وه‌دا یه‌كێتی زانایان وه‌كو تاكیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئافره‌تان ته‌ده‌خولیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی گیانی ئافره‌تان له‌ كوشتن رزگار بكه‌ن.
2/ كونسولگه‌ری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانی كرد، چونكه‌ یه‌كه‌مجار بوو زانایانی ئایینی به‌و كراوه‌یی شه‌فافیه‌ته‌ ببینێت‌و، ده‌ستخۆشی چالاكیه‌كانی لێی كردن، كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بوو.
3/ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ یاوه‌ری چه‌ندان ئه‌ندام په‌رله‌مان سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانی كرد‌و، دواتریش وتارێكی له‌سه‌ر رۆڵی یه‌كێتی زانایان بڵاوكرده‌وه‌، وه‌ك خۆی گووتی: ئامانجی هاتنه‌كه‌م ته‌نها سوپاس‌و ده‌ستخۆشیه‌ بۆ ئه‌و چالاكیانه‌تان‌و، به‌ناوی خۆم‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ هاتووم باشترین پشتیوانیتان بكه‌ین.
4/ ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (CIA) له‌ راپۆرتێكیدا رۆڵی زانایانی ئایینی له‌ هێوركردنه‌وه‌ی باری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان‌و، تا حه‌دێك ئێراقیش به‌ گه‌وره‌ وه‌سف ده‌كات.
5/ پۆل برێمه‌ر ده‌ڵێت: زانایانی ئایینی كوردستان رۆڵێكی سه‌ره‌كی‌و مه‌زنیان هه‌بوو له‌ نه‌هێشتنی تیرۆر‌و ئیرهاب له‌ كوردستان.
6/ له‌و كاته‌ی كاك به‌دران له‌ ناو بینایه‌ كۆنكرێته‌كه‌ی ده‌زگای ئاراس پاڵی داوه‌ته‌وه‌، یه‌كێتی زانایان به‌ ئاشكرا ئیدانه‌ی هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی نه‌ته‌وه‌‌و لابردنی خانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كرد له‌ فۆڕمی سه‌رژمێری.
7/ له‌ كاتی كاره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی سه‌ر كه‌نیسه‌ی به‌غدا یه‌كێتی زانایان هه‌ر زوو به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌كردنی ده‌ركرد‌و، كاره‌كه‌ی به‌ كارێكی تیرۆریستی وه‌سف كرد.
حه‌ز ناكه‌م زۆر ماندووتان بكه‌م، به‌ كورتی‌و به‌ كوردی یه‌كێتی زانایان له‌و ماوه‌یه‌ توانی رۆڵێكی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی‌و نیشتیمانیانه‌ بنووێنێت، هه‌موو لایه‌كیش ده‌ستخۆشانه‌یان لێی كرد، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای له‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و حزبه‌كان كردووه‌ پشتیوانی له‌ یه‌كێتی زانایان بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاك به‌دران هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی له‌ چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژیای تایبه‌تی خۆیه‌تی هیچ رووناكیه‌ك نابینێت.

پارتی له‌ پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌و‌و پڕۆگرامی نوێیدا له‌ ماده‌ی (211) هه‌موو پشتیوانیه‌كی یه‌كێتی زانایان ده‌كات، كه‌چی كاك به‌دران كاتێك كار‌و به‌رهه‌می زانایانی ئایینی‌و یه‌كێتی زانایان زه‌ربی سفر ده‌كات، ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت: پارتی‌و یه‌كێتی‌و حزبه‌كان درۆ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی زانایانی ئایینی ده‌كه‌ن، چونكه‌ زانایانی ئایینی تیرۆریستن.


به‌دران‌و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌

به‌دران ئه‌گه‌ر بۆ لێدانی بیر‌و باوه‌ڕی موسڵمانان پشتیوانی له‌ مه‌سیحیه‌كانی كوردستان بكات، ئێمه‌ له‌ عه‌قیده‌مانه‌وه‌ بڕوامان به‌ پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌رن با قسه‌كانی ئه‌و (گه‌وره‌ رۆشنبیره‌!) شی بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێی وایه‌ یه‌كێتی زانایان‌و زانایانی ئایینی هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان.
یه‌كێتی زانایان له‌ رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونیان پاش كۆنگره‌ی پێنجه‌م یه‌كێك له‌و كارانه‌ی به‌ گرنگیه‌وه‌ گرتییه‌ به‌ر قوڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی بوو، هه‌ر بۆیه‌ش چه‌ندین هه‌نگاویان گرته‌ به‌ر، له‌وانه‌:

1/ دانیشتن‌و كۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی مه‌سیحی‌و ئێزدی.
2/ چه‌ندین سه‌ردان‌و هامووشۆ.
3/ هه‌ر وه‌فدێكی ده‌ره‌وه‌ هاتبێت، یه‌كێتی زانایان به‌ باشترین شێوه‌ پێشوازیان لێكردوون.
4/ به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی مه‌تڕانی نوێوه‌ به‌ ره‌سمی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانیان كرد‌و، پیرۆزباییان لێی كرد.
5/ له‌ كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌نیسه‌ی سه‌یده‌تول نه‌جات له‌ به‌غدا یه‌كێتی زانایان به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد‌و به‌ تووندی ئیدانه‌ی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی كرد‌و، له‌ سه‌ردانێكی ره‌سمیشدا پشتیوانی خۆی بۆ مه‌سیحیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
6/ له‌ كاتی مردنی مه‌تڕانی زاخۆ، یه‌كێتی زانایان به‌ ره‌سمی به‌شداری پرسه‌كه‌یان كرد.
7/ به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحیه‌كان‌و، قه‌شه‌ ره‌یان‌و قه‌شه‌ به‌هنام به‌ لێدوانی ره‌سمی سوپاسی ئه‌و پشتگیریه‌ی زانایانی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ پێكه‌وه‌ژیان، تا ئه‌وه‌ی به‌ ره‌سمی (سوپاسی وتاربێژانی كوردستانیان كرد، كه‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوو رۆڵێكی مه‌زنیان نواند له‌ ئیدانه‌كردنی هێڕشه‌كه‌ی سه‌ر كه‌نیسه‌ی سه‌یده‌تول نه‌جات‌و پشتگیریكردن له‌ پێكه‌وه‌ژه‌یانی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان) به‌س له‌وانه‌یه‌ كاك به‌دران له‌ چوارچێوه‌ی دیواره‌كانیدا ئاگای له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌‌و ناو جه‌ماوه‌ر‌و گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌بێت.
به‌ كوردی‌و كورتی: مه‌سیحیه‌كان سوپاسی رۆڵی مه‌زنی یه‌كێتی زانایان‌و زانایانی ئایینی ده‌كه‌ن، كه‌چی كاك به‌دران پێی وایه‌ درۆ ده‌كه‌ن.


به‌دران‌و قاعیده‌

ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی له‌ ئێراق ده‌كرێن، هه‌موو لایه‌كی گرتۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ ده‌ست له‌ كه‌س ناپارێزن، موسڵمان‌و كریستیان‌و جوله‌كه‌‌و سابیئه‌‌و كورد‌و عه‌ره‌ب‌و تروكمان‌و هیچ لایه‌ك ناپارێزن، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵ (77) هه‌زار كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون، ئه‌وه‌ سه‌رباری بریندار‌و په‌ككه‌وته‌، به‌ ملیۆنان كه‌سی ئێراقی ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ بوون، كاك به‌دران ئه‌وانه‌ی هیچ به‌ مرۆڤ نه‌زانین ته‌نها له‌سه‌ر كریستیانه‌كان قسه‌ی كرد، له‌وه‌ ده‌ستی خۆش بێت، به‌ڵام به‌ نانه‌وه‌ی فیتنه‌یه‌ك نا، تۆ هه‌موو مه‌لایه‌ك‌و موسڵمانێك به‌ تیرۆریست‌و تاوانبار بزانیت.
به‌دران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بابه‌تێكی نووسی به‌ناوی (ئیسلام ریسوامان ده‌كا) كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی به‌ مێژووی هه‌زار‌و پێنج سه‌د ساڵه‌ی ئیسلام به‌ستییه‌وه‌، به‌مه‌ش به‌دران به‌ قاعیده‌‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانی گووت: وه‌رن ده‌ستتان له‌ كوردستان مه‌پارێزن، ته‌قینه‌وه‌ بكه‌ن، پشێوی دروست بكه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵكی ئێره‌ به‌ ئاشكرا جوێن به‌ ئیسلام‌و موسڵمانان ده‌دات، ئه‌وه‌ نییه‌ من نووسیومه‌: ئیسلام ئێمه‌ی ریسوا‌و شه‌رمه‌زار كردووه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ من هه‌رچی مه‌لا‌و ئه‌هلی دینه‌ به‌ تیرۆریستی ده‌زانم، ئه‌وه‌ نییه‌ من مێژووی هه‌زار‌و پێنج سه‌د ساڵه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر‌و سه‌حابه‌‌و باب‌و باپیران‌و خاڵمه‌وه‌ به‌ تیرۆریست ده‌زانم، كه‌واته‌ ئێوه‌ هه‌ڵه‌ نین كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ فیعله‌ن ئێمه‌ دوژمنی ئیسلام‌و موسڵمانانین.

یه‌كێتی زانایان دوای ئه‌وه‌ راگه‌یاندنێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ وه‌زعه‌كه‌ی هێور كرده‌وه‌، زانایانیش له‌ وتاری هه‌ینی ئیدانه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان كرد، كه‌ په‌یامی ئه‌و وتارانه‌ ئه‌وه‌ بوو: كه‌س به‌ ته‌ما نه‌بێت بۆ موسڵمانێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردستان بكات، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان موسڵمانن‌و له‌گه‌ڵ ئایینه‌كانی دیكه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێكیش له‌ په‌نای ده‌زگایێكی زه‌به‌لاحه‌وه‌ جنێو‌و قسه‌ به‌ موسڵمانان‌و مێژووی موسڵمانان ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ خه‌ڵكی ریزپه‌ڕ‌و دوور له‌ واقیعی كۆمه‌ڵگان، شه‌وانه‌ خه‌ریكی بیر‌و خه‌یاڵی خۆیانن‌و، به‌یانیش خه‌یاڵه‌كانیان له‌ شێوه‌ی چیڕۆك ده‌كه‌نه‌وه‌ نووسین، رۆژێك ده‌یانه‌وێت ئاریشه‌ له‌ ناو حزبه‌كان دروست بكه‌ن‌و، له‌ په‌نای گۆڕانه‌وه‌ شه‌ڕی پارتی‌و یه‌كێتی هه‌ڵگیرسێنن، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌ر له‌وه‌دایه‌، رۆژێكیش ده‌یانه‌وێت ئاریشه‌ له‌ ناو ئایینه‌كان دروست بكه‌ن، ئیدی هه‌ر به‌و خه‌یاڵانه‌ ده‌ژین، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵبه‌ستنیش بێت قسه‌ ده‌نووسن، بۆ نموونه‌ قه‌ت یه‌كێتی زانایان به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی میدیا ده‌رنه‌كردووه‌، به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك هه‌ر هه‌واڵێكی دیكه‌ وه‌كو هه‌واڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و یه‌كسه‌ر كردوویه‌تییه‌ به‌یاننامه‌.
بۆیه‌ به‌ به‌دران‌و هاوشێوه‌كانی ده‌ڵێم: ئێمه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ پارێزگاری له‌ ئه‌من‌و ئاساییشی كوردستانمان ده‌كه‌ین‌و، شانازی به‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و ئاڵاكه‌مان ده‌كه‌ین، هه‌میشه‌‌و هه‌میشه‌ش به‌ عه‌قیده‌وه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سیحی‌و دینه‌كانی دیكه‌ ده‌به‌ستین، قه‌ت مرازی دڵی ئێوه‌ش حاسڵ ناكه‌ین، كه‌ خوانه‌خواسته‌ كێشه‌مان له‌ نێو دروست ببێت.


به‌دران‌و قوتابحانه‌ی میدیا

به‌دران بۆ خۆ رزگاركردن له‌ تاوانه‌كانی نووسینی رابردووی ده‌رهه‌ق ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئه‌مجاره‌ هاتووه‌ ره‌خنه‌ له‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایان ده‌گرێت كه‌ هه‌واڵی خوێندنی ئینجیلیان له‌ قوتابخانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بڵاوكردۆته‌وه‌، جارێ‌ ئه‌و قسه‌یه‌ قه‌ت له‌ كه‌سێك ناوه‌شێته‌وه‌، كه‌ خۆی به‌ رۆشنبیر‌و نووسه‌ر بزانیت، چونكه‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی زانایان نیه‌تیان چاككردن بوایه‌ ده‌بوو به‌ نهێنی چاره‌سه‌ریان كردبایه‌، ئه‌وه‌ له‌ كه‌سێكی ئاسایی ده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ نووسه‌رێك به‌راستی عه‌یبه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ دیاره‌ هه‌موو رادیۆ‌و تیڤی‌و رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌كان تێكده‌رن، چونكه‌ هه‌واڵ ده‌وروژێنن، له‌ بری ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك ره‌خنه‌ی هه‌بێت بچی به‌ هێواشی چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌گه‌ر كارێكی وه‌ك ویلیكس بكرێت، فه‌قیره‌ هاواری ده‌چێته‌ ئاسمان.
سه‌باره‌ت به‌و قوتابخانه‌یه‌ش كه‌ ئه‌و براده‌ره‌ بۆ هه‌ڵاتن له‌ ئه‌سڵی باسه‌كه‌، كه‌ بۆنی خوێنی لێ دێت‌و، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ رابردوو‌و ئێستا‌و داهاتوو، هاتووه‌ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌گریێت، به‌ڵام كاری ئه‌و قوتابخانه‌یه‌، سه‌رباری لایه‌نه‌ ئایینییه‌كه‌، پێچه‌وانه‌ی یاسای قوتابخانه‌ ئه‌هلیه‌كانیشه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ماوه‌ی داناوه‌، ئه‌گه‌ر پابه‌ندی یاسا نه‌بیت وه‌ك هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌هلی، ئه‌وه‌ لێ پێچینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌پرسم: ئایا قسه‌كردن له‌سه‌ر شتێك كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ داده‌ندرێت؟، یان ده‌بوو ده‌ستخۆشیت بكردبایه‌، ئه‌ی كاری رۆژنامه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، شتی نایاسایی وه‌دیار بخات، نه‌ك له‌و قوتابخانه‌یه‌، له‌ پڕۆگرامی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی سوڕه‌تێك به‌ هه‌ڵه‌ ته‌فسیر كرابووه‌وه‌‌و، پێیان وابوو سوكایه‌تییه‌ به‌ دینه‌كانی دیكه‌، یه‌كسه‌ر یه‌كێتی زانایان پشتیوانی خۆی ده‌ربڕی بۆ لابردنی ئه‌و رسته‌یه‌، ئایا ئه‌وه‌ی یه‌كێتی زانایان هه‌ستكردنه‌ به‌ مه‌سئولیه‌ت یان چه‌قه‌ چه‌قی بێ‌ مانای جه‌نابت؟، هه‌رچه‌نده‌ به‌لامه‌وه‌ ئاساییه‌، كه‌ باسی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ت هێناوه‌ته‌ گۆڕێ‌، چونكه‌ ویستووته‌ به‌ باسی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ تاوانه‌كانت له‌ بابه‌ته‌كه‌ی پێشووت بۆ رێخۆشكردنی تیرۆریستان، كه‌ وه‌ك دیارییه‌ك به‌ زمانی عه‌ره‌بیش بۆت نووسیبوونه‌وه‌، بزر بكه‌ی.


ئه‌نجام

به‌دران چاوه‌ڕێی ده‌كرد، پاش چه‌ند ساڵێك وتاربێژانی كوردستان وتاری مردوو بده‌ن‌و، یه‌كێتی زانایانیش ببێته‌ رێكخراوێكی مردوو، ئیدی ئه‌و به‌ كه‌یفی خۆی قسه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌ بكات، هه‌ر رۆژه‌‌و ره‌وشت‌و به‌ها جوانه‌كانی گه‌نجان‌و لاوانمان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببات، كاتێك ئێستا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ یه‌كێتی زانایان رێكخراوێكی كارا‌و، وتاری مزگه‌وته‌كانیش رۆژ به‌ رۆژ به‌هێزتر ده‌بن، هه‌ست ده‌كات ئومێده‌ پیسه‌كانی پوكانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ په‌نای قسه‌ی زل حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و مه‌سیحی‌و موسڵمانه‌كان به‌ درۆ ده‌زانێت‌و، خۆی ده‌كاته‌ پاشای سه‌ر ته‌ختی، به‌لام پاشایه‌كی بێ ئومێد.
دڵنیاش به‌ به‌یداخی ئێمه‌ خۆشه‌ویستی وڵاته‌‌و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌ كوردستان، ئه‌وه‌ش بۆ خاتری خزمه‌تكردنی ئایۆلۆژیای تایبه‌ت نییه‌ وه‌ك (جه‌نابتان). هه‌میشه‌ش دۆستی پێشكه‌وتنی زانستین، چونكه‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ وای كرد، په‌یامی ئێمه‌ به‌ ئاسانی له‌ رێگای تیڤی‌و سه‌ته‌لایه‌ت‌و ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ به‌ هه‌موو شوێنێك بگات.