ههولێر-KDP.info- مامۆستایهكی ئایینی باوەڕی وایه، خۆشەویستیی نیشتیمان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە وەکو پرسێکی خواکرد لە ناخی هەموو تاکێکدا هەیە، واتە هەر تاکێك کە لە ڕووی هەست و سۆز و بەرپرسیارێتییەوە ساغڵەم و تەندروست بێت، وڵات و نیشتیمانی خۆی خۆشدەوێت، جا ئەو نیشتیمانە چ زێدی باب و باپیران و شوێنی هاتنە دنیا و ڕەسەنایەتیی ماڵباتی بێت، یان ئەو شوێنەی کۆچی بۆ کردووە و لێی نیشتەجێ بووە. پ.ی.د. جەعفەر گوانی، مامۆستای کۆلێژی زانستە شەرعییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین و وتارخوێنی مزگەوتی دایک و باوک لە هەولێر، له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان سهبارهت به خۆشهویستیی خاك و نیشتیمان له ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا گوتی، بێگومان خۆشەویستیی نیشتیمان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە وەکو پرسێکی خواکرد لە ناخی هەموو تاکێکدا هەیە، واتە هەر تاکێك کە لە ڕووی هەست و سۆز و بەرپرسیارێتییەوە ساغڵەم و تەندروست بێت، وڵات و نیشتیمانی خۆی خۆشدەوێت، جا ئەو نیشتیمانە چ زێدی باب و باپیران و شوێنی هاتنە دنیا و ڕەسەنایەتیی ماڵباتی بێت، یان ئەو شوێنەی کۆچی بۆ کردووە و لێی نیشتەجێ بووە. دكتۆر جهعفهر ههروهها ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، سهبارهت به خۆشهویستیی خاك و خهڵك، دەکرێ پشت بە دوو فەرموودەی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، ببەستین. یەکەم: پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت لە شاری مەککە هاتە دنیا و لەوێ تەمەنی لاوی و گەنجی بەسەر برد، تا گەیشتە تەمەنی پەنجا و سێ ساڵ، لەو تەمەنەدا ناچار بوو پەنا بباتە بەر پەناگەیەك خۆی و هاوەڵانی لە جەور و ستەمی قوڕەیش ڕزگار بکات، ئەوە بوو بەرەو مەدینە کۆچی کرد، بەڵام زوڵم و خراپەکاریی قوڕەیش وای نەکرد پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت ڕقی لە وڵاتی خۆی ببێتەوە، بەڵکو ئەو چرکەساتەی فیڕاقی لە شاری مەککە کرد، ئاوڕێکی پڕ ئەوین و سۆز لە نیشتیمانەکەی دەداتەوە و بە حەسرەتێکەوە دەفەرمووێت: ئای چ شارێکی دڵگیر و خۆشەویستی بۆ من، خۆ ئەگەر گەلەکەم دەریان نەکردمایە، قەت لە هیچ شوێنێکی تر نیشتەجێ نەدەبووم. هەروەها کاتێکیش کۆچ دەکات، بە هەمان شێوە دڵی ئۆقرە ناگرێت تا بۆ عومرەکردن دێتەوە شاری مەککە و دواتر فەتحی دەکات، تا ئەوەی کاتێك خەڵکەکەی هەژار و کەمدەرامەت دەبن لە مەککە، وێڕای ئەوەی کافر بوون و دژی ئەو بوون و هەرچی زوڵم و ستەمە لە دەستیان هات ئەنجامیان دا، بەڵام لە شاری مەدینەوە هاوکاری و خواردەمەنی بۆ دەناردن. دووەم: کاتێك پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت کۆچ دەکات بۆ مەدینە و کەشوهەوای شارەکە خۆش نییە، لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە و دەفەرمووێت: خودایە شاری مەدینە لە دڵی ئێمە وەکو شاری مەککە خۆشەویست بکە یان زیاتریش، خودایە ژینگەکەی تەندروست بکەی، بەرەکەت بخەیە ڕزق و ڕۆزییەکەی و تاو پەتاکەی بگوازەوە بۆ جوحفە. مامۆستا گوانی ههروهها روونی كردهوه كه: لە ڕوانگەی ئیسلامەوە شوێنی لەدایکبوونت نیشتیمانی یەکەمتە، شوێنی ژیانیشت نیشتیمانی دووەمتە، پێویستە کەسی باوەڕدار هەردووکیانی خۆش بووێت، خۆشەویستیی نیشتیمانیش تەنیا قسەیەک نییە، بەڵکو خۆی دەبینێتەوە لە ئاوەدانی و پاکی و دوورکەوتنەوە لە هەر زیانێکی ئابووری، سەربازی، کۆمەڵایەتی، چونکە پەیامی ئیسلام بۆ مرۆڤ بنیاتنان و ئاوەدانییە، ناکرێ کەسێك خۆی بە نیشتیمانپەروەر بزانێت لە کاتێکدا خەریکی وێرانکردن و شێواندنی تاک و خاک و سامانی ئەو وڵاتە بێت، یان بە هەر جۆرێك زیان بە هەر شتێکی ئەو وڵاتە بگەیەنێت، ئەوانەی نیشتیمانپەروەرن، هەمیشە دەبێ بیسەلمێنن دەستپاک و کردارپاک و قوربانیدەرن. سهلاح جهلال |