بەو پێیەی تازە توێژینەوەیەکی زانستیم لەسەر سەڵاحەدینی ئەیوبی لە گۆڤاری زانکۆی سەڵاحەدین بڵاوبۆتەوە(**)، بە وردی ژیانەکەییم خوێندۆتەوە، قسە بازاڕیو نازانستیو نەئەکادیمییەکەی یوسوف زێدان زۆر گرانو قورس بوو، کاتێك سەڵاحەدینی ئەیووبی بە (پووچترین کەسایەتی مێژوو) ناوزەدکردبوو. تازە هاتنەکەی ئەو کۆتایی پێهات، بەڵام بەشی هەرەزۆری قسەو نووسینەکانی تایبەتم گوێ لێگرتو خوێندمەوە، زۆرینەیان، کە شتی باش بوو، بەڵام هۆکاری سەرەکی ناڕازیبوونەکانیان فەرامۆش کردبوو، لە کۆتایی ئەم خاڵانەی خوارەوە باسدەکرێت. 1/ نەتەوە هۆشیارەکان بە جیاوازی بیروبۆچوونەوە، هەمیشە بە دەسەڵاتو گەلەوە پێگەی سیمبوولەکانیان دەپارێزن، بۆیە زۆر جێگەی داخ بوو، کەسانێكی دیلی ئایدۆلۆژیای چەپو ڕاست بوێری ئەوەیان کرد، کە سەڵاحەدین وەکو رەمزێکی کورد نەناسن، لەکاتێکدا تاکە کەسایەتی کوردە هەموو نەتەوەکانی دونیاو هەموو دینەکانی دونیا، ئەوانەی شارەزاییان لەسەری هەیە، -بێجگە لە شیعەی سیاسی- وەکو مرۆڤێکی پێشەنگ شانازی پێوەدەکەن. عەرەبە شۆڤینییەکان هەموو هەوڵێك دەدەن وەکو عەرەب بیناسێنن، تورکیا، کە دەزانێ سەڵاحەدین کوردەو ناکرێتە تورک، هەموو هەوڵی ئەوەیە لە ڕێگای دراماوە قەناعەت بە دونیا بکات، کە سەڵاحەدینی شانازی مرۆڤایەتی بەرهەمی نوورەدین زەنگی تورکەو قوتابی ئەو بووە، بەشێک لە مەسیحییەکانی ڕۆژئاوا لە کۆنەوە پێیان وابووە سەڵاحەدین مەسیحی بووەو لە ئاویش هەڵکێشراوە، ئێستاش ساڵانە یەکێك لە زانکۆکانی نەرویج نووسەرانی جیاواز کۆدەکاتەوەو باسی مەردیو مرۆڤدۆستی ئەو سەرکردەیە دەکەن. 2/ بەشێکی دیکە لە کاتی وەڵامدانەوە خەریکی ئەوەبوون داخۆ سەڵاحەدین کوردە یان نا، چی بۆ کورد کردووە، بیسەلمێنن ڕەمزێکی کوردە، ئەمە وەکو شرۆڤەو ناساندن شتێکی باش بوو، بەڵام دەبوو سەرنج بخەنە هۆکاری سەرەکی نەڕازاییەکانو قۆناغی ئەوەیان تێپەڕاندبا، کە سەڵاحەدین ڕەمزێکی گەورەو پڕ شانازی کوردە. 3/ بێماناترین قسە ئەوەبوو، کە ئەو شەپۆڵی ناڕەزاییە لەژێر کاریگەری ئیسلامی سیاسییە بەتایبەتی ئیخوان موسلیمین، ئەمە ڕێک وەکو پاساوی بەشێکی خەڵکی دیندارە، کاتێك کەمترین شت ڕوودەدا بەبێ هیچ بەدواداچوونێك دەڵێن دەستی جوولەکەی تێدایە، ئەم قسەیە بەشێکە لە بێدەسەڵاتی لە وەڵامدانەوەو تۆقاندنی خەڵکە بەوەی دژی هاتنەکەی نەوەستنەوە مابادا بە ئیسلامی لە قەڵەم نەدرێن، ئەگینا ئەو ڕووداوە یەکێكە لەو ڕووداوانەی وەکو شانازییەك دەمێنێتەوە، کە هەموو کورد تێیدا بەشداربوو بە ئیسلامیو عەلمانیو نەتەوەییو... بێگومان بێجگە لەوانەی کە لە ڕووداوەکە تێنەگەیشتبوونو دەیانەویست خۆیان بە کراوەو ئازادیخواز بناسێنن، یان دیلی ئادۆلۆژیای (چەپ)و ڕاستن. 4/ هەندێکی دیکە، کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەندێك قسەی ئەو سەردەمە، پێیان وایە چارەسەر ئەوە نییە رێگە لە هاتنی بگیرێت، بەڵکو باشتروایە بەڕێزەوە بەخێرهاتنی بکرێتو لەوێ دیبەیتی لەگەڵ بکرێتو وەڵامی زانستی بدرێتەوە، تا بیسەلمێنن ئەو ڕاست ناکات. هەر لەو گرووپە کەسانێکی دیکە پێیان وایە دەبێ ئازادی ڕادەربڕین هەبێت، بۆیە ڕێگرتن لە هاتنەکەیی، دژی ئازادی ڕادەربڕینەو پێگەی کوردستان سووک دەکات. بەشێکی دیکەی ئەو گرووپە پێیان وایە نابێ دژی هاتنەکەی بین، چونکە ڕاجیاوازی دەبێتە مایەی خوێندنەوەی نوێو پێداچوونەوەو بەراوردکاریو گەیشتنە هەقیقەتی زیاتر. هیچ یەکێك لەو سێ پاساوەو قسانە پەیوەندیان بە ناوەڕۆکی ناڕەزاییەکانەوە نییە. کەواتە سەرچاوەی ناڕازیبوونەکە چییە؟ ناڕازیبوونەکە لەسەر ئەوە نییە زێدان رایەکی جیاوازی هەیە، لەسەر ئەوەش نییە دێتە کوردستان، چەندان کەسیش ئامادەن گفتوگۆی لەگەڵ بکەن، چەندین مێژووناسی چاکمان هەیەو بیریارو ڕۆشنفکری هۆشیارو شارەزامان هەیە، بەڵام ناڕازیبوونەکە تەنیا یەك خاڵە، ئەو کەسێك نییە تەنیا ڕای جیاوازی هەیەو وەکو عەرەبێکی شۆڤینی دەیەوێت سەڵاحەدین لە نەتەوەکەی داببڕێنێت، بەڵکو لەبری لێکدانەوەی زانستی، جوێنی بەکارهێناوەو سووکایەتی پێکردووە، وەکو (پووچترین کەسایەتی مێژوو) ناوزەدی کردووە، دواجار لە بۆنەیەکی ڕۆشنبیری نیشتیمانی گەورەی وەکو پێشانگای کتێب وەکو (میوانی شەڕەف) بانگهێشتبکرێت، کە ئەمە یەکسانە بە خەڵاتکردنی نەیارانی کورد، ئەمە مەدالیایەکە بە هاوشێوەکانی ئیسماعیل بێشکچییەوە دەدرێت، خۆ ئەگەر ڕێکخراوێکی ئاسایی بانگهێشتی بکاتو لێرە سمیناری بۆ بکات، هیچ گرفتێکی تێدا نییەو وەڵامیشی دەدرێتەوە، بەڵام پێدانی میوانداری شەڕەف گەورەترین سووکایەتیو بێڕێزییە بە کوردو مێژووەکەی، بەمەش دەبووە ڕێخۆشکەر لە پێشانگاکانی داهاتوو میوانداری شەڕەف بدرێتەە هەموو ئەوانەی بێڕێزیو سووکایەتی بە سیمبوولەکانی ترمانەوە دەکەنو لێرە گوڵبارانیان بکەین تەنیا بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەینەوە، کە بە دڵنیاییەوە هیچ لایەنێکی سیاسی قبووڵی نییە. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی دەنگی ناڕەزاییان دەربڕی، دەرسێکی باشیان دایە هاوشێوەکانی ئەو نووسەرە، کە ئێمە وێڕای هەموو جیاوازیو ناخۆشییەکان هێشتا نەتەوەیەکی زیندووین، کەسێك سووکایەتیمان پێبکات، چاوەڕوانی ئەوە نەکات گوڵبارانی بکەین، ئەوانەش کە میوانداری شەڕەفی بۆنە نیشتیمانییەکان دەدەنە خەڵکی دیکە، فێری ئەوە بوون، کێ شیاوی مێواندارییە. (**) توێژینەوەکە بە زمانی عەرەبییەو خەریکە دەیکەینەوە کوردیو بە هەندێك بابەتی تر دەوڵەمەندی دەکەینو وەکو کتێب لە داهاتوو دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران. جەعفەر گوانی 7/4/2025 هەولێر
|