زۆر دوورناڕۆین چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، کە ڕەوتێکی ئایدۆلۆژی دیاریکراو دەستی بەسەر ڕاگەیاندنی کوردی گرتبوو، خەریک بوو قەناعەتمان پێبهێنن، کە هەموو ئەو مرۆڤە مەزنانەی کورد، بەتایبەتی مەلاو شێخانی تەریقەت زیانیان بۆ کورد زیاتر بووە لە سوود، بۆنموونە: (شێخ مەحمودی حەفید لەبەر تۆقەنەکردن لەگەڵ ئینگلیز دەوڵەتی کوردی لە دەستدا)، (مەلای خەتێ بە فەتوایەك ئیماڕەتی سۆرانی لەناوبرد)، (شێخ سەعیدی پیران لە پێناو ئیسلامەتی، کوردی لە تورکیا فەوتاند)، (مەلا ئیدریسی بەدلیسی بەشێك بوو لە دابەشکردنی کوردستان)، (لە تۆڵەی سەڵاحەدینی ئەیووبی، کورد ناکرێتە دەوڵەت)... دواتر دەرکەوت هەموو ئەو قسانە هەڵقولاوی کۆمەڵە سەرچاوەیەکی ناڕاستن، یان خوێندنەوەیەکی ناواقیعی ئەوکاتییە، یان گەڕانە بەدوای جوزئییەکی زۆر لاواز لە مێژووێکی زۆر مەزن. جێگای خۆشحاڵییە ئێستا چەندین نووسەر دەبینم بەرگری لەو ڕەمزانە دەکەن، کە پێشتر ڕای پێچەوانەیان هەبووە. ئومێدەوارم هەموومان بەخۆدابچینەوە لەوەی پرسە هاوبەشەکان نەکەینە قوربانی هیچ بیری تەسکی تایبەت، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە قوڵایی مێژوومانەوە. جەعفەر گوانی 09/04/2025 هەولێر
|